چاوپێکەوتنی: بڕوا بەرزنجی
پرۆفیسۆر کلاوس دۆدز پسپۆر لەبواری جیۆپۆلەتیک و راگری بەشی زانستە ژیانییەکان و ژینگە لە زانکۆی رۆیاڵ هۆلۆوەی لە لەندەن کە خاوەنی چەندین کتێب و توێژینەوەیە لەبواری ژینگەی سیاسی و جیۆپۆلەتیک و بەتایبەتی کتێبی جەنگی سنوورەکان (Penguin 2022)ە. کتێبێکە رۆچوونێکی قووڵی لەخۆگرتووە سەبارەت بە کێشەی سنوور وەک بەشێکی سەرەکی لەپێکدادانەکانی جیهان، دیارە کوردیش لەو نەتەوانەیە کە زیاتر لە 100ساڵە بە ئازاری سنوورەکانەوە دەتلێتەوە.
کلاوس پێشتر ئەمینداری کۆمەڵەی جوگرافیای شاهانە و ئەمینداری ئێستای کۆمەڵەی توێژینەوەی ناوچەییە.
کلاوس دۆدز:کورد لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەتوانن سوودمەندبن، ئەگەر ئەمریکا پێیوابێت ئۆتۆنۆمیی زیاتر بۆ کورد، ئیسرائیل ناخاتە مەترسییەوە
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە سنوورەکان بوونەتە واقیعێکی بەرجەستەی ژیانی رۆژانەی مرۆڤایەتی، ئاخۆ پێناسەی سنوورەکان بەلای ئەوەوە چییە؟ دۆدز رایگەیاند: دەتوانرێت سنوورەکان بە چەندین شێوە پێناسە بکرێن، دیارترین و بەرچاوترینیان ئەو سنوورەیە کە هاو واتای سنوورێکی نێودەوڵەتییە. هێڵێک، کە بەزۆری هەم دراوسێکان و هەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر دەیناسن، وەک دابەشبوونێکی دوو دەوڵەت یان چەند دەوڵەتێک بۆنموونە سنوورەکانی نێوان ئەمریکا و کەنەدا کە ئەوە هێڵێکی دانپێدانراوی دابەشبوونە، بەڵام وەک زۆرێک لە سنوورەکان بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاوە.
هەروەها وتی: سنووری وشکانیی کیشوەری ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1908، دووەمیان ئەوەیە کە بیر لە سنوور بکرێتەوە وەک پڕۆسەیەک نەک دەرئەنجامێک (بۆ نموونە هێڵی جێگیر یان هێڵی فیزیکیی جیابوونەوە).
بەهۆی پەیماننامەیەکی ناڕەواوە
روونیشیکردەوە ئەوەی پێویستە هەم لەڕووی خەیاڵی و هەم لەڕووی فیزیکییەوە، تا شتێک بکرێتە سنوور، ئەوە رەنگە نەخشەی دەروونیی بنەمادار بێت کە دیدگایەک بۆ ناوچەیەک یان خاکێک وەک بەشێک لە نیشتمان بە پێچەوانەی لایەنی سێیەمەوە دەخاتەڕوو. لەوانەشە پڕۆسەیەکی زۆر بینراو بێت کە نەخشە بەرهەم بهێنرێت و نیشانی بدات کە دەبێت شوێنی گونجاوی سنوورەکە چی بێت؟
ئاماژەشی بەوەدا «نموونەیەکی باش ڤەنزوێللایە کە پێیوایە سنووری گویانا لە شوێنێکی هەڵەدایە، بەهۆی پەیماننامەیەکی ناڕەواوە کە لەکۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا لەگەڵ ئینگلیزەکاندا کراوە بەوپێیەی ئەوکات دەسەڵاتی داگیرکەری گویانای بەریتانییەکان بوون».
سێیەم: هەندێک لە سنوورەکان بە سروشتی دادەنرێت لە نموونەی (رووبار، زنجیرە چیا، دەریاچە، کەناراوەکان و تایبەتمەندییە جوگرافییەکانی تری زەوی) وەک بەڵگەیەک ئاماژەیان پێکراوە کە وڵاتێک سنووری نێوان دوو دەوڵەت یان ئیمپراتۆرییەتی رابردوو لەیەکتری جیادەکاتەوە.
ئایا دەتوانن بەربەستەکە ببڕن
لەوەڵامی پرسیارێکی دیکەشدا سەبارەت بە کتێبەکەی (شەڕی سنوورەکان) کە باس لە چەمکی «سنوورە فشۆڵەکان» دەکات و جیاوازیی ئەو جۆرە سنوورە و سنوورە بەهێزەکان چین، ئەو پڕۆفیسۆرە دەڵێت: «سنوورە فشۆڵەکان ئەو سنوورانەن کە جووڵاو و نادیارن، کە لە هەندێک حاڵەتدا زۆر لە سنوورە فیزیکییەکانی خاکی وڵاتێک زیاتر درێژدەبنەوە. زۆرێک لەو کەسانەی ئارەزووی گەشتکردنیان بۆ وڵاتانی وەک ئەمریکا هەیە، دەبێت چی بکەن، تەنانەت پێش ئەوەی بگەنە فڕۆکەخانە. بەگریمانەیەک کە بتوانن ڤیزەی ئەلیکترۆنی وەربگرن، دەبێت زانیاریی پێشکەوتووی سەرنشینەکان پێشکەش بە هێڵی ئاسمانی بکەن، تا دەگەنە فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی، پێشتر هەستیان بە هێزی دەوڵەتێکی دیکە کردووە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئایا دەتوانن بەربەستەکە ببڕن بۆ ناو ئەو خاکە نیشتمانییە؟ هەروەها سنوورەکان دەتوانن بەو مانایە نادیار بن کە رەنگە سنوورێکی بەهێز نەبن؟ چونکە خاکی پەیوەندیدار رەنگە زۆر دینامیکی بێت و تووشی گۆڕانی وەرزیی کەشوهەوا ببێت بەهۆی توندی و بەهێزیی کەشوهەوا، لافاو، گۆڕانی دیمەنە فیزیاییەکان و بێتوانایی دەوڵەتێک لە ئێشکگریی و پاراستنی ئەو سنوورە نێودەوڵەتییە.
هەروەها دەڵێت: «هەندێک جار ناکۆکی دروست دەبێت، چونکە وڵاتانی دراوسێ ناتوانن لەسەر دیاریکردنی تەواوەتیی سنووری رووبارەکانیان رێکبکەون.
لە (سان خوان) گیریان خواردووە
نیکاراگوا و کۆستاریکا لە زنجیرەیەک ناکۆکیدا لەسەر سنووری رووباری (سان خوان) گیریان خواردووە. کە بەشێکی کێشەکە ئەوە بوو سنوورەکە فشۆڵ بووە و بەشێکیشی لایەنەکان مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن کە پەیماننامەیەکی سەدەی نۆزدەهەم لەمڕۆدا بێ مانایە، بەپێچەوانەی ئەوکاتەی کە بۆ یەکەمجار دانوستانی لەسەر کراوە
د.دۆدز روونیشیکردەوە کە هەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە بڵێین زۆرجار دیدگایەکمان هەیە بۆ سنوورێک وەک جێگیر و نەگۆڕ، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە سنوورەکانمان فشۆڵ و جووڵاون و هەندێکجار بەخێرایی دەگۆڕدرێن بەپێی بارودۆخ. بۆنموونە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19 و شێوازی داخستنی سنوورەکاندا کە وڵاتان بەپاساوی تەندروستیی گشتی لە ساڵی 2020 دا سنوورەکانیان داخست.
لەبارەی تێپەڕاندنی سنوورەکان وەک لە پەتای کۆرۆنا یان تیرۆریزم کە هیچ سنوورێک ناناسن و هەمووی دەبڕن، یان ئاخۆ سنوورەکان بنیاتێکی دەستکردە دەسەڵاتدارە بەهێزەکانە و بەسەر لاوازەکاندا سەپێنراوە، پڕۆفیسۆر دۆدز رایگەیاند: سنوور وەک شمشێری دوو سەرە وایە، بۆ ئەوانەی لە زەبروزەنگ و سەرکوتکردن هەڵدێن، بەزاندنی ئەو هێڵە دەتوانێت لە هەندێک کاتدا بابەتی ژیان و مردن بێت و وتیشی: «ئێمە بە غەریزە دەزانین کە نەخۆشی و تاعون و کارەساتی ژینگەیی مەرج نییە رێز لە سنوورە ناوخۆییەکان یان نێودەوڵەتییەکان بگرن، ئەوەی جیاوازی دروست دەکات، توانای ژێرخانە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم جۆرە رووداوە سنووربەزێنانە و لەدوای کارەساتەکانی وەک بوومەلەرزەوە دەزانین کە لایەنی سێیەم لەوانەش دراوسێکان زۆرجار بەخشندە بوون لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووەکان.
ئۆکرانیا دووبەرەی جیاوازی دەروستکردووە
روونیشیکردەوە کە سنوورەکان دەتوانن بەو مانایە «سەخت» بن کە وڵاتانی وەک کۆریای باکوور بە توندی کۆنترۆڵی جووڵەی خەڵک و کاڵاکان دەکەن بۆ ناوەوە و دەرەوە. کاتێکیش ئێمە سنوورەکان بە (دەستکرد) وەسفدەکەین، رەنگە زۆر بەهێز بێت، روسیای پوتین سنوورە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکانی ئۆکرانیا بە(دەستکرد) دەزانێت و لەشکرکێشییە تەواوەکەی بۆسەر ئۆکرانیا لە شوباتی 2022دا وەک «ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت» لە چوارچێوەی وڵاتەکەی خۆیدا وەسف دەکات کە لە بنەڕەتدا بۆ دووبارە یەکخستنەوەی ئۆکرانیا بۆ ناو روسیا داڕێژرابوو. دوای سێ ساڵ، هێشتا هەردوو وڵات لە ململانێیەکدا گیریان خواردووە کە جەمسەرە بەهێزەکانی جیهان لەسەر چۆنێتی چارەسەرکردنی دابەشبوون بۆ دوو بەرەی جیاواز. بەڵام بۆئەوەی روون بێت، خواستی پوتین ئەوەیە کە روسیا بگەڕێنێتەوە بۆ پێگەیەکی بەهێز، ئەوەش بەگشتی بەواتای وەرگرتنەوەی میراتەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشووە کە لە ساڵی 1991دا لەدەستیداوە. ئەوەش بەلای زۆرێکەوە تۆقاندن و ژێردەستەکردنی وڵاتێکی بچووکترە کە ئۆکرانیایە.
لەوەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بەوەی تورکیا لە پاڵ ئیسرائیلدا باس لە پرسی سنوور دەکات، کە پێدەچێت خەمی سەرەکیی تورکیا لە پێگەی کورد بێت بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستانی عیراق و رۆژئاوای کوردستان کە بە بیانووی پاراستنی سنوورەکانەوە پشتیوانی گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان دەکات، ئەو پسپۆڕە وتی: تورکیا وەکو دەوڵەت بەرامبەر بابەتی سنوور هەستیارییەکی زۆری سنووری هەیە، وەک زۆرێک لە دەوڵەتەکان کە خۆیان بە قەرزاری پاشماوەی ئیمپراتۆریەتێکی پێشوو دەزانن، نیگەرانیی تورکیا لە سنوورەکان هەم خاک و هەم دیمۆگرافییشە. پەیوەندییەکەی لەگەڵ یۆنان لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە رێگەی خاک و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە ئابوورییە ستراتیژییەکانە، لەوانەش نەوت و گاز بە تایبەتی لە قوبرس و دەوروبەری کە هەمیشە ئاگادار دەکرێتەوە. ئەوەش لە ساڵی 2025 دا وەک پرسێکی راستەوخۆ دەمێنێتەوە و یۆنان زۆر نیگەران دەبێت لەتورکیا، چۆن هەڵبژاردنی ترەمپ کاریگەریی لەسەر دۆخەکان دەبێت. تورکیا خۆی بە زلهێزێکی ناوچەیی دەزانێت کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ جیهانێکی تورک زمان (رێکخراوی دەوڵەتانی تورک)دا هەیە، هەروەها ئیرادەی هەیە کە هێزێکی باڵادەستی سەربازی و ئابووری و دیپلۆماسی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت.
کێشەی کورد و تورکیا ئاڵۆزە
وتیشی: پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ کورددا ئاڵۆزە، کێشەیەکی بچووک نییە، چونکە پێکهاتەی کورد لەناو تورکیا و دەرەوەی تورکیادا وەک بەشێک لە رەوەندێکی گەورە لەئارادایە، هەرەسهێنانی رژێمی سوریا، جارێکیتر ئەوەی هێنایەئاراوە کە چۆن سنوورە نیشتمانییەکان، هاوپەیمانییە ستراتیژییەکان و دینامیکی جیۆپۆلەتیکی زاڵ، ئاشکرای دەکەن کە چۆن مۆزایکێکی پێکهاتە کوردییەکان لەگەڵ سنوورە نێودەوڵەتییەکانی نێوان تورکیا، سوریا، عیراق و ئێراندا تێدەپەڕن. تورکیا بەردەوام سەرقاڵە بە بەرگری لە خاکەکەی خۆی و ئەمەش بووەتە هۆی دەستوەردانی لە سوریای دراوسێی. هەروەها ئەنقەرە بەوریاییەوە دەڕوانێتە ئەوەی کە ئێستا نزیکەی چوار ملیۆن پەنابەری داڵدەداوە لە خەڵکی سوریا، ئەفغانستان و ئێران، لەکاتێکدا پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ کوردەکاندا گرنگتریینە، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەیان و مێژووی خەباتی سیاسی و توندوتیژی، بەڵام چەندین گوشار خراوەتە سەر سنوورەکانی ئەو وڵاتە.
روونیشیکردەوە کە تورکیا هاندەرێکی ستراتیژی و تاکتیکیی بەرچاوی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی جۆرێک لە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ پەکەکەدا و نابێت ئەوە لەبیربکرێت کە پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل کە زلهێزی سەربازیی باڵادەستە لە ناوچەکەدا، دوورە لەوەی بگاتە پەیوەندییەکی بێ ئاکام، سەرکردە سیاسییەکانی ئیسرائیل لەماوەی رابردوودا پشتیوانیی خۆیان بۆ ئۆتۆنۆمی و دانپێدانانی کورد دەربڕیووە. هەموو ئەمانەش ئاماژەی ئەوەیە کە بڵێین سنوورە نێودەوڵەتییەکانی نێوان سوریا و دراوسێکانی لەوانەش تورکیا و ئیسرائیل، پێدەچێت شل و فشۆڵ بن، چونکە وڵاتان هەوڵدەدەن ناوچەی پارێزراو و ناوچەی هەژموون و رکابەرییە ناوچەییەکان درێژبکەنەوە. کورد لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەتوانن سوودمەندبن، ئەگەر بەتایبەتی ئەمریکا پێیوابێت ئۆتۆنۆمی زیاتر بۆ کورد، ئیسرائیل ناخاتە مەترسییەوە و دەبێتە یارمەتیدەر بۆ سنووردارکردن و تەعریبکردنی ئێران و بریکارە ناوچەییەکانیان.
ئەگەری سەرهەڵدانی سنووری نوێ و تێڕوانینی سەرۆکی ئێستای تورکیا
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکانیشیدا بەتایبەتی سەبارەت بەوەی دوای شەڕی ئیسرائیل و حەماس و حزبوڵڵا لە غەززە و لوبنان و سوریا، رووخانی ئەسەد، ئاخۆ پێشبینیی سەرهەڵدانی سنووری نوێ دەکرێت لەناوچەکەدا بەجۆرێک کە گرنگیی جیۆپۆلەتیکی تێکبدات، پڕۆفیسۆر دۆدز دەڵێت: بەڵێ لەوانەیە سنووری نوێ هەبێت و بەشێک لەوانە دەرەنجامی دیفاکتۆی رووخانی رژێمی سوریا دەبێت، روونیشیکردەوە کە ئیسرائیل دەستی خۆی لە جۆلان درێژ دەکاتەوە و سوریا لەلایەن لایەنی سێیەمەوە، هەندێکجار راستەوخۆ و هەندێکجاریش لە رێگەی بریکارەوە، کەوتۆتە ژێر داگیرکاریی دیفاکتۆوە. ئیسرائیل و تورکیا هەردووکیان ئارەزووی چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان دەکەن لەسەر کایەی هەژموونی خۆیان.
جا ئەوەش دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە ئاخۆ ئەوە دەکاتە دروستکردنی ئیسرائیلێکی گەورەتر یان تورکیایەک کە دەستێکی ئاسنینی لەسەر سەرچاوە دەریاییەکانی دوورگەی قوبرس هەبێت و وڵاتێک کە بە وتەی ئەردۆغان بڕیار نییە بە سنوورە نێودەوڵەتییەکانی پێناسە بکرێت. وەک لەم دواییانەدا ئاماژەی پێکردووە، «تورکیا تەنها شوێنێک نییە کە لە رووبەری 782 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەدا قەتیس کراوە»، وەک من تێبینیمکرد بۆ کوڕەکەم کاتێک هاوینی رابردوو بۆ سەردانێکی کورت لەفڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ نیشتینەوە، مرۆڤ دەتوانێت شتێکی زۆر فێرببێت تەنها بە سەیرکردنی ئەوەی کە ئێستا هێڵی ئاسمانیی تورکی بۆ کوێ دەفڕێت؟.