کەژاڵ ئەحمەد
زۆر هەلی لەدەستچووم هەیە
یەکێک لەوانە لەدایکنەبوونە!
یەکێکی دی، نە ناسینی خەڵکانی ئیرەیی بەرە و
هاوڕێیانی بەد و خراپ،
کە وەک تووتی چی بڵێم دەیڵێنەوە.
هەلێکی دیم
دەست نەبردنە بۆ ئاو و ئاگر و
بۆ گڵ و گڵێنەی دەستی بەدکار،
خۆشنەویستنمە بۆ هەمان یار،
نەمردنمە بە قەدەری ژنبوونەوە.
رۆژێکیان لە مامۆستایانی مێژوو دەپرسم:
چی دەبوو کە مەغۆل هێرشی هێنا
لەگەڵ مەولانا جەلالەددینی رومییدا، ئاوارە بوومایە؟
نەمهێشتایە روو وەرگێڕێ و باربکات بۆ قۆنیا!
چی دەبوو رووگەی سوپاکەی سەڵاحەددینم
بۆ چیاکانی کوردستان، بگۆڕیایە؟
چی دەبوو بە زەردەشت بڵێم:
لە جیاتی پێکەنین
بۆ گریانت نەکردووە بە سوننەتی دینەکەمان؟
چی دەبوو لە جێی خانمی، ئەمارەتەکەی ئەردەڵان
مەستوورەکەی بابان بم؟
لەجیاتی نالیی بە دریژایی تەمەن، دایکوتم لە سنە،
نەک لە شارەزوور.
لەبری فروغ، سەرسامبم بە حەپسە خانی نەقیب؟
نازانم چی دەبوو
من ئەگەر کاتێ، هەردیی ست فاتیمەی نووسیی
بۆخۆم ست فاتیمەکە بم؟
هەلی لەدەستچووم زۆر زۆرن
هیچیان لە ریزی مەحاڵ و نابێتدا نین.
چی دەبوو دڵخوازی شەهید مەلا عەلی بم،
بۆ ئەوەی شیعرێکی وەک خۆی جاویدانەم بۆ بنووسێت؟!
دەمویست لەگەڵ نالیی پەیوەندیم هەبێت و
دراوسێی ماڵی گۆران بم.
کتێبێکی کتێبخانەکەی بێشکچی
یان عەینەکی ئۆجەلان بم.
مێزەرەکەی خەزنەوی* یان
رەفەیەکی دەستنووسە دێرینەکانی ئەوقاف بم.
ئەوەتانێ من سەدان، هەلی کارم هەن؛
لە دژی جەنابی دوژمن و ئیرەیی بەر
یان بەدکار و لە دنیا بێ خەبەر.
سەد هەلی دامەزرانی لەدەستچوویشم هەن
بۆ نمونە:
وەک کرێکاری چاپخانە،
لە سلێمانیی سەردەمی پیرەمێرد
لە بەغدای سەردەمی گۆڤاری گەلاوێژ
یان لە هەولێری دەورانی گیو موکریانی، خۆ دەکرا
پیتچن بم!
وەک مامۆستا، لە قوتابخانە تەنیاکەی، کەشتیییەکەی نوح
یان وەکو پشیلەیەکی نەجمەددینی مەلا، سپڵەبم!
خۆ مەرج نییە هەر رۆڵی زۆر باش بگێڕم
خۆ دەکرێ جارێکیش بۆ ئەوەی بگەمە دڵخوازەکەم
دابنیشم تێر تێری لێ بخۆم!
هەلی کاری لەدەستچووم هەن
لە راستیشدا زۆر زۆرن..
وەک ئەوەی شەریکی تۆفیقی حەڵواچی بم،
دوکانێکمان لە حەوزە وشکەکە هەبێت.
یاخود ئاوازدانەرێکبم لە تورکیا
لە تەقسیم قۆڵبکەم بەقۆڵی ئەحمەد کایەدا و
بە کوردیی گۆرانیی بڵێم،
یان لە شام لەگەڵ جگەرخوێن، پیاسەبکەم و
بڵێم راستە شام شەکرە، بەڵام شیعرت شیرینترە.
هەلی کاری دیکەم هەن و حەزدەکەم بیانڵێم،
بۆ نمونە:
وەک ژنێکی پەرستاری ئاشووریی
کە شەستەکان لەکەرکوک ژیاوە، ئاوا بژیم
ئاخر وانەکەم ناتوانم،
چاوم لە کۆرپەیی خۆم بێت
ئەوکاتەی کە بەشێکبووم لە ئازاری دایکم.
باوەڕبکەن
ئەگەر نۆبەرەکەی دایکم
جمکێکی کوڕ و کچ بووایە
یەکێک لەو جمکانەیش من،
هەلی بینینی ئەو منداڵەیشم دەبوو
کە بەر لەمن دەهاتە دنیاوە،
بەڵام براکەم تازە خۆی پێچابۆوە
بۆ سەفەری لەبارچوون و
دایکمی ناشاد کرد،
ئەگەرچی ناوی لێنابوو (کامەران)!
*محەمەد مەعشوق خەزنەوی: 1958 لە گوندی تەل مەعروف لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری قامیشلۆ لەدایکبووە. لەسەر هەڵوێستەنیشتمانییەکانی لەلایەن رژێمی سوریاوە شەهیدکراوە.