یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەناو هەموو نازناوە شایانەكانی رەوتی تێكۆشانیدا، ناوی حزبی شەهیدان ناسراوترین و خۆشناوترینیانە.
لەبەر فراوانی مەیدان و رۆژەكانی تۆماری شەهادەت و گیانبازی ناو شۆڕشی نوێ و كاروانی خەباتی یەکێتییدا رۆژێكی بۆ شەهیدانیش تەرخانە كە رۆژی (٢١ی ١١)ی هەموو ساڵێكە.
لەگەڵ ئەوەشدا وێستگە و نەبەردی وەهاش هەن كە بیرهێنانەوەیان ئیلهامی تێكۆشانی زیاتر و هەوێنی جۆشدانەوە و زیندووڕاگرتنی گیانی نەبەزی و نەبەردییە.
هەموو ساڵێكی ئەم مانگی كانوونی دووەمەش تەژییە لە یادەوەری شەهادەت و ماڵئاوایی بەرەو نەمری و جاویدانی.
رۆژی ٣١ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٨ رۆژی شەهادەتی شەهید ئارامی سەركردەیە، چل و حەوت ساڵ بەر لە ئەمڕۆ كاك ئارامی رەنجدەرانی بیرو بازوو لە تەنگیسەری قەرەداغ شەهید كراو بۆ دواجار قەڵەمی تیژ و وردبینی و چاویلكەی رۆشن و دوور مەودای بە شەهادەت و نەمری سپارد، رەنج و بەرهەمی خەباتی بوونە هەوێنی ستراتیژی شۆرشی نوێ، ئەدەبیاتی شۆڕشی رەنجدەران و چەوساوەكان و هەموو تێكۆشەران لە قۆناغی رزگاری نیشتمانیدا.
یاد و یادەوەری ئارامی سەركردە هەمیشە ماكی وزەو ورەیە بۆ دواڕۆژی سەرفرازی یەكێتی و میللەتەكەمان.
رۆژی ٢٤ی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٥ وێستگەیەكی ترە لەڕێی بەردەوامی قوربانیدان.
رۆژی شەهیدبوونی مامە ریشە، كوڕی بابە گوڕ گوڕ و خۆشەویستی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە كە چل ساڵە نەبەردی و چیرۆكی چالاكییەكانی خۆی و هاوڕێكانی هەروا بە زیندووی ماونەتەوە لە یادەوەری خەڵكدا.
رۆژی ٣٠ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٢ یش رۆژی ماڵئاوایی یەكجارەكی سەركردە و خەباتگێڕی دێرینی یەكێتی و گەلەكەمان كاك عومەر دەبابەیە.
٣٣ ساڵ پێش ئێستا كاكی كاكان لە سێیەم رۆژی یەكەمین كۆنگرەی گشتیدا، لە مینبەری ئیدارەدانی كۆنگرەوە بۆ دواجار ماڵئاوایی لە یەكێتی كرد و ئەركەكانی تری خەباتی بە هەڤاڵەكانی سپارد و چووە کاروانی جاویدانی.
رۆژی ٣٠و ٣١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ یش كاروانی نەپساوەی سەروەری، دوو فەرماندە و دوو رۆڵەی بە ئەمەكی كەركوك و خانەقین لیوا شێركۆ فاتح شوانی و لیوا حسێن مەنسوری پێشکەشی ئازادی و سەرفرازی کرد، هەردوو فەرماندەی شەهید سەنگەری پارێزگاری كوردستانی رزگاریان لە تیرۆرستانی داعش چۆڵ نەكردو خۆیان كردە قەڵغانی پاراستنی وڵات، سەلماندیان كە لە قۆناغی حوكمڕانی و ئاوەدانیشدا حزبی شەهیدان هەر یەكەمە لە بەخشین.
ئەم مانگەی وەك تانوپۆی سەروەری و گیانفیداییە لە مێژووی یەکێتییەکەی سەرۆک مام جەلالی نەمر، یەکێتیی شەهیداندا کە لە سەرەتاوە تا كۆتایی و وەك مانگەكانی تری ساڵەكانی خەبات كەم رۆژی بێ شەهادەت و بێ بەڵگەی بە خوێن نووسراوی تێدایە كە پێداگری یەكێتییەکەتان و گەلەكەمان دووپات دەكاتەوە لەسەر رەوایی مەسەلەكەمان و روونی رێباز و ئامانجەكانی (ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنوسین).
یەكێتییەك خوێنبەخشینی لێ چاونەبێ و بۆ ئامانجی رزگاری و دیموكراسی هیچ ورە و وزەیەك گل نەداتەوە، بێگومان هەر بەم تۆمارە سەربەرزانەوە درێژە بە خەباتی هەمەلایەنە دەدات و بەڵێن بۆ كەسوكاری شەهیدان و بۆ تێكڕای كۆمەڵانی خەباتی كوردستان دووپات دەكاتەوە كە هەمیشە پابەندی جێبەجێكردن و بە دیهێنانی گشت ئاواتەكانیان بێت.
یادی گشت شەهیدانی مانگی كانوونی دووەم و هەموو مانگ و ساڵەكانی ئەم كاروانە پەنجا ساڵییە، بە سەركردەو فەرماندەو قارەمانانی سەنگەرو زیندانەوە، هەمیشە بەرزو پیرۆز بێت.
مەكتەبی سیاسیی یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان