د. كريم الصياد
و/ د. ئامانج غازی
رەنگە ناونیشانەکە بۆ خوێنەری ئەو بابەتە هەندێک نامۆ بێت، ئەگەر بزانین کە بابەتێک بە ناوی فەلسەفەی موزیک هەیە، ئەی ئەگەر باس لە موزیکی فەلسەفە بکەین دەبێت چۆن بئاخڤین؟ لە راستیدا بۆئەوەی لە مانای(موزیکی فەلسەفە) تێبگەین، سەرەتا دەبێت لە مانای فەلسەفەی موزیکەوە دەست پێبکەین. فەلسەفەی موزیک لقێکە لە میتافیزیک، یان ئۆنتۆلۆژی(فەلسەفەی بوون وەک بوون) و لەمەشدا جیاوازە لە هەردوو بواری رەخنەی موزیک و فەلسەفەی جوانناسی موزیک.
ئەگەر رەخنەی موزیک پەیوەندیی بە لێکۆڵینەوەی رەخنەیی بەرهەمە موزیکییەکانەوە هەبێت کە لەسەر بنەمای تیۆری موزیک، میتۆدی ئاوازدانان، مێژووی موزیک، تەکنیکەکانی بەکارهێنانی ئامێرەکان، ناوەڕۆکەکانی پێشکەشکردنی بەرهەمەکان و لایەنە بنەڕەتییەکانی دیکەی کارە هونەرییەکانی موزیکیی بکۆڵێتەوە، ئەوا فەلسەفەی جوانناسیی موزیک، لە هونەری موزیک بەگشتی لە روانگەی فەلسەفەی هونەر و جوانکارییەوە دەکۆڵێتەوە، نەوەک تەنها لە کارێکی موزیکیی تایبەت و لێرەدا پرسی بنەڕەتی ئەوەیە، کە شیکردنەوەی ئەو ئەزموونە جوانناسییەی کە لەگەڵ موزیکدا پێیدا تێدەپەڕین، بۆ تێگەیشتن لە بەهای جوانی ئەو هونەرە، بە پشتبەستن بە بنەمای هاوشێوەکردن لەناو یۆنانییەکان، بۆ دەربڕینی رۆمانسی و تا گەیشتن بە هونەری مۆدێرن و تیۆرییە گشتییەکانی دیکە لەم ڕووەوە. وەک بینیمان هەردوو بوارەکە هەرگیز نەوەستاون و بەردەوامن لە سەیرکردنی موزیک وەک هونەرێک کە لێرەدا خاڵی سەرەکی جیاوازییە، چونکە مەرج نییە فەلسەفەی موزیک وەک هونەرێک سەیری موزیک بکات،(تەنها لە لایەنێکیدا نەبێت). لەکاتێکدا جوانناسی خەمی بەهای جوانی لە هونەری موزیک هەیە، فەلسەفەی هونەریش خەمی سروشتی هونەری موزیک و پەیوەندییەکەی بە خود و کۆمەڵگا و هونەرەکانی دیکە و بابەتی دونیایی و هتد.. هەیە.
فەلسەفەی موزیک
فەلسەفەی موزیک بە پلەی یەکەم پەیوەندیی بە سروشتی موزیکەوە وەک بوونێک لە جیهاندا هەیە، یان وردتر: بوونی خودی موزیکەکە. کاتێک فەلسەفە پرسیار لە سروشتی بوونەوەرێک دەکات، مەبەستی پرسیارەکە لە گەوهەرەکەی و پەیوەندییەکەی بە کات و شوێنەوەیە، جیاوازیی نێوان بوونی خۆی و بوونی بوونەوەرەکانی دیکەی وەک مرۆڤ و شتە بێ گیانییەکان و پەیوەندییەکەی وەک بوونەوەرێک بەو بوونەوەرانە، تەنانەت ئایا بوونەوەرێکی راستەقینەیە یان تەنها چەمکێکی وێناکراوی هزرییە لە لامانەوە وەکو باسە میتافیزیکییەکانی تر. بە تایبەتیتر، ئەوە بە وتەی ئێدمۆند هوسەرل(فەلسەفەی موزیک) ئۆنتۆلۆژییەکی«هەرێمی»یە، کـــــە جیاوازی لە نێوان ئۆنتۆلۆژیای گشتی یان فەرمی کردووە، یان فەلسەفەی سەرەتایی، بە وتەی ئەرستۆ لە کتێبی چوارەمی«میتافیزیک»دا، و ئۆنتۆلۆژیای هەرێمیی، کە پەیوەندیی بە لێکۆڵینەوە لە بوونی دیاردەیەکی دیاریکراوەوە هەیە، وەک موزیک. ئەگەر ئەمە(بە کورتی) فەلسەفەی موزیک بێت، ئەوا موزیکی فەلسەفە لە هەنگاوێکی دوورمەودادا وەبەرهێنانی ئەنجامەکانی فەلسەفەی موزیک دەکات، ئەویش دەرهێنانی نەخشەی ئەبستراکت و فۆرماڵییە لە موزیک، بۆئەوەی بتوانێت لێکدانەوەی ئێمە بۆ دیاردەکان بگونجێنێت، یان لێکدانەوەی تەواو و نوێ دروست بکات. ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە ناومان ناوە «لێکدانەوەی موزیکیی جیهان». وەک نموونەیەک لەم لێکدانەوەیە، هیگڵ داڕشتنی خۆی بۆ میتۆدی دیالێکتیکی ئایدیاڵ وەک نەخشێکی گشتی بۆ گەشەسەندنی دیاردە مرۆییەکان خستەڕوو، کە لە دوو بابەتی دژ بەیەک و ئاڵۆزاوی پێکدێت کە یەکیان دەخات، بە جۆرێک ئەم ئاڵۆزییە بە نۆرە پرسێکی دژبەیەک دروست دەکات.
نموونەی ئەمەش دوو پرسی دژبەیەک لە جووڵانەوەی راستڕەو و چەپڕەوەکانە لە شەڕی سارددا. هەوڵێکی زۆر هاتۆتە ئاراوە بۆ کۆکردنەوەی ئەو دوو جەمسەرە لە سیستمە ئابوورییە مامناوەندەکاندا، هەندێکیان لە راستیدا جێبەجێ کراون، بۆ نموونە وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە ئەڵمانیادا دەبینرێت، بەڵام لە ئێستادا رەخنەگرتن لەم سیاسەتە نێوانیانە بە ڕوونی هەستیپێدەکرێ و بەمجۆرە مێژووی مرۆڤایەتی رێڕەوی سروشتی خۆی پەیڕەو دەکات.
ئەم شێوەگەلە لە فۆڕمی ئەبستراکتەکەیدا ئەوەیە، کە لە شێوازی ئاوازدانانی بیتهۆڤندا دەیدۆزینەوە، بەتایبەت لە مامەڵەکردنی لەگەڵ میلۆدیدا، کە هەمیشە رستە موزیکییە دژ بە یەکەکانی تێدا دروست دەبن و جەوهەری کارەکەش گۆڕانکارییە لە یەکەم رستەدا کە کارەکە پێیان دەست پێدەکات، نەک خودی ئەو رستانەی کە میلۆدییەکان پێکدەهێنن. رەنگە ئەوە بەڕێکەوت نەبێت کە بیتهۆڤن و هیگڵ لە یەک ساڵدا واتە 1770 و لە یەک وڵات لەدایک بوون.
بەڵام ئەگەر بە وردی ئەو(لێکچوون)ە لە نێوان شێوازی هیگڵ لە پەرەسەندنی مێژوودا و شێوازی بیتهۆڤن لە پەرەپێدانی میلۆدیەکاندا ببینین، ئەمە تاڕادەیەک لەناو بازنەی فەلسەفەی موزیکدا دەمانهێڵێتەوە. بۆیە ئەوەی ئێمە بەرەو موزیکی فەلسەفە دەمانبات، وەرگرتنی نەخشەی بینراوی نوێیە لە خودی موزیکەوە، بۆ نموونە، وەک وەرگرتنی سروش لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ میلۆدییەکان لە لای(رەحمانینۆف)دا و دواتریش هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بابەتە لە تیۆرێکی نوێدا لە نێو مێژوو یان لە سروشتدا.
بەکورتی: ئەگەر فەلسەفەی موزیک لە فەلسەفەوە دەست پێبکات و بگاتە موزیک، ئەوا موزیکی فەلسەفە، لە موزیکەوە دەست پێدەکات و فەلسەفە دەکاتە ئامانج. بەڵام چ شتێک بەتایبەتی فەلسەفە بە موزیکەوە دەبەستێتەوە؟ بۆ نموونە بۆچی ئەم نەخشە بینراوانە لە تەلارسازی یان ئەدەبەوە وەرنەگیراون؟ کەواتە پەیوەندیی نێوان موزیک و فەلسەفە لە هەریەکەیاندا ئەبستراکتکردنەکەیانە.
پەیوەندیی نێوان فەلسەفەی موزیک و موزیکی فەلسەفە
موزیک لە پێکهاتە سروشتییەکەیدا بوونێکی ئەبستراکتی هەیە، بەو مانایەی کە مەرج نییە هەڵگری ناوەڕۆکێکی دیارییکراو بێت وەک ئەوەی لە ئەدەبدا رەنگدانەوەی هەیە، هەروەها وەک تەلارسازیش لەڕووی فەزای شوێنەوە لایەنگریی پێوەدیارنییە و هەربۆیەش لە بوونێکی کامڵبووی کاتییەوە نزیکترە، یان(ئەگەر بمانەوێت بەڕادەیەک ئایدیالیستی بین) بوونێکی تەواو دەروونی هەیە. ئەبستراکتکردن خۆی لە خۆیدا هێزێکی گەورەی روونکردنەوە هەڵدەگرێت، چونکە ئەگەری زیاترە بۆ پتر لە یەک بوونێکی کاتیی لایەنگر بەکاربهێنرێت. بەڵام پرسیارەکەمان بە سروشتی خۆیەوە لە ناونیشانی بابەتەکەدا لەو پەیوەندییەی نێوان فەلسەفەی موزیک و موزیکی فەلسەفە تێدەپەڕێت، بۆیە لێرەدا رووی پرسیار ئاوا دەکەوێتەوە، ئایا موزیکی فەلسەفە پەیوەستە بە فەلسەفەی موزیک یان بە پێچەوانەوەیە؟ کامیان پێویستە بۆ کردار و گەشەسەندنی ئەوی تر؟ بۆئەوەی وەڵامی پرسیاری کۆتایی بدەینەوە، سەرەتا دەبێت لە سنووری دۆخەکەدا، تێڕوانینێکی گشتیی وردتر سەبارەت بە هەریەک لەو دوو بەشەی ناونیشانەکە بکەین.
موزیک وەک کیانێک لە جیهاندا و نەوەک دەقاودەق وەک هونەرێک لە بنەڕەتدا بە پلەی یەکەم سروشتی خۆی لە سیستەمەکەدا دیاریی دەکرێت، موزیک کۆی ئەو سیستەمەیە لەناو شتەکاندا. هەر ئەمەشە وایکردووە بۆ نموونە لەبارەی رەنگی گوڵەکانی ناو باخچەیەکەوە دەڵێین کە(هارمۆنیک)ن، هەروەها ئەمەش هۆکارێک بووە بۆئەوەی فیساگۆرس وتە بەناوبانگەکەی بدا بە گوێچکەی جیهان و بڵێ(ئاسمان ژمارە و تۆنە) سەبارەت بە ژمارە، دەزانرێت، ئەو پەیوەندییە ماتماتیکیانەن کە بەپێی ئەوان گۆیەکان لە شێوەی خولگە ئەندازەییەکانیاندا رێکدەخرێن. سەبارەت بە تۆنیش، ئەو رێژە و هاوسەنگی و رێکخستنەیە،کە لەم پەیوەندییانەدا هەستی پێدەکەین. بەڵام ئەمەیان لەوئانوساتەدایە کە ئێمە بە گشتی رەنگە جیاجیاکانی گوڵەکان بە موزیک ناو نابەین، فیساگۆرس بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە گۆیەکانی ناو خولگەکانیان ناودەبرد و جیاوازییەکەش لێرەدا تەنها جووڵەکانییانە. رەنگی گوڵەکان لە رواڵەتدا ئیستاتیکن و لە بۆشاییدا ناجووڵێن و لە رۆحدا هەستی جووڵە یان پێشبینیکردنی بیرکردنەوەکەی دروست ناکەن، بە پێچەوانەی ئەو کایانەی کە بەردەوام دەجووڵێن یاخود بە پێچەوانەی شەپۆلە هەمیشە رژاوەکانەوە.
بۆیە سروشتی بنەڕەتی موزیک تەنیا سیستەم یان هارمۆنی نییە، بەڵکو دۆخێکی جووڵەدارە لە هەردووکیدا، بۆیە لە بنەڕەتدا سیستەمێکی جووڵەیە. بەردەوام هەستی جووڵە لە رۆحدا دروست دەکات، بەشەکانی بە خێرایی بە تێپەڕبوونی کات کاڵ دەبنەوە، تا بەشەکانی دیکە لە جێگەی سەرنجدا بگۆڕدرێن و لە فۆکەسدا جێگەیان بگرنەوە، بۆیە ناتوانین لە یەک ساتدا بە گشتی سەیری بەرهەمێکی موزیکیی بکەین.
لە بابەتەکانی دواتردا بەشێوەیەکی ئامانجدارتر لە پەیوەندیی نێوان موزيك و کات و شوێنەوە دەکۆڵینەوە، بۆیە لێرەدا تەنها گەوهەری موزیک دەخەینەڕوو کە ئەویشیان لە نەخشەی جیاوازیی جووڵە و دەستکارییکردنی ئەو نەخشانە پێکدێت و هونەر وەک دەستکارییکردنێکی ئازاد دەبینێت. بەڵام ئێمە بەگشتی موزیک وەک ناڕێکی میلی کاتژمێرێک یان لێدانی نیمچە ناڕێکییەکی دڵ نابینین و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئێمە موزیک بە پلەی یەکەم وەک هونەرێک، کە دەبێت دروستکراوێکی مرۆڤ بێت و بە هیچ شێوەیەک بە سروشتیی خۆی نەنوێنێ دەبینین، واتە هونەرێکی دەستکارانە و هەروەها لەهەمانکاتیشدا پێویستە لە رێکخستنەکەیدا ناڕێک بێت.
بەڵام ئەگەر ئەم دوو سیفەتە کۆتاییە لە بنەچەی مۆسیقادا جێگیر بکەین، دەتوانین بە شێوەیەکی فەلسەفی لێی بکۆڵینەوە بەبێ ئەوەی بە هەمیشەیی بە هونەری بزانین، واتە ئەگەر ئەو فۆرمەی جووڵە ئەبستراکت بکەین کە موزیک زۆرترین بەشداری تیادا پێشکەش دەکات، ئەوا بەشێوەیەک سیستەمێکی جووڵەیی دەخوڵقێنێ، کە یەکدەنگ نییە و مرۆڤ دروستی کردووە .
ئەوەی کە ئەبستراکت، نووسراو یان بینراوە، مەرج نییە بیستراو بێت و لە کایەی(هونەری موزیکیی) کە بەپێویستی دەبیسترێت دووری دەخاتەوە. لێرەدا موزیک، بە بردنی ئەم فۆرمەی جووڵە بۆ ئاستی ئەبستراکتەکەی، لە فەلسەفەی فۆرموڵەی گشتی نزیک دەبێتەوە. تەنیا لەم روانگەی کۆتاییەوە دەتوانین ئەو نەخشانەی کە لە فەلسەفەی موزیکەوە دەرهێنراون لە بواری لێکدانەوەی دیاردە مرۆییەکان واتە بواری فەلسەفەی موزیک جێبەجێی بکەین.
بۆیە پەیوەندیى نێوان فەلسەفەى موزیک و موزیکى فەلسەفە، وا دەردەکەوێت کە پەیوەندیی نێوان تیۆریی و پراکتیزەییە، چونکە بەبێ فەلسەفەی موزیک، ناتوانین لە پلەی یەکەمدا بگەینە ئەو ئەنجامەی سەرەوە سەبارەت بە سروشتی موزیک وەک فۆرمێکی جووڵەئامێز، یان بەو هەوڵە بۆ تێگەیشتن لە تێڕوانینی هەمیشەییمان بۆ لۆژیکی پەرەسەندن.
راستە هەمیشە دەتوانین(بە فەلسەفەی موزیک یان بەبێ فەلسەفەی موزیک) جۆر و شێوازی جووڵە لە موزیکەوە وەربگرین بۆئەوەی بگەینە فۆرمولەی ئەبستراکتی گشتی کە بۆ نموونە بۆ پەرەسەندنی بوونەوەرە زیندووەکان کارپێدەکرێت، یان بۆ جووڵەی مێژوو، بەڵام بەبێ ئەوەی خاڵی لەنگەری خۆمان لە فەلسەفەی موزیکدا دابنێین، ناتوانین ئەوەی پێشنیازی دەکەین بە«موزیکی فەلسەفە» وەسف بکەین.
موزیک چییە؟
لێرەدا و سەر لەنوێ و دیسان پرسیارێک دێتە پێشەوە: موزیک چییە؟ بۆچی بەدیاریکراوی ئەوەی ئێمە دەیکەین ناومان ناوە موزیکی فەلسەفە؟ موزیکی فەلسەفە لە لێکۆڵینەوە لە لۆژیکی گەشەسەندنی دیاردەکان تێدەپەڕێت، گەوهەری موزیک، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، تەنیا لە نەخشێکی رێکخراو لە جووڵەدا سنووردار نییە، بەڵکو چەمکی ئێمە بۆ ئامێرێکی موزیکیی یان میکانیزمەکەشی دەگرێتەوە، چونکە موزیک هەمیشە لە بوونی خۆیدا بە ئامێرێکی تایبەتەوە کە تا کۆتایی پارچە مۆسیقاکە بە بەردەوامی کاردەکات بەستراوەتەوە، بە پێچەوانەی هونەرەکانی پەیکەرسازی یان نیگارکێشان بە نموونە.
هەروەها روونە کە هەندێک هونەری کاتئامێز، وەک فیلم یان سەما، وابەستەن بە ئامێرێکی کارکردن، بەڵام فیلم، یان هونەری نواندن بە گشتی، رەنگە لەسەر شانۆ یان لە ستۆدیۆ، لەرێگەی ماتریاڵی مرۆڤەوە واتە خودی ئەکتەرەکان نمایش و چاودێریی بکرێت. بەهەمانشێوە هونەری(سەما) سەماکارانی هەردوو رەگەز ئەنجامیدەدەن، لەکاتێکدا نمایشی موزیک بە تایبەتی بە ئامێرێک یان کۆمەڵێک ئامێری غەیرە مرۆیی سنووردار کراوە.
هەروەها راستە و وەک نموونەش بۆ ئەم بابەتە نمایشی ئۆپێرالییە کە توخمە مرۆییەکان بەکاردەهێنێت و هەوڵدەدات قورگە دەنگییەکانیان وەک ئامێری موزیکیی بەرجەستە بکات ئەمەش رێک ئەو بابەتەیە کە گۆرانی کلاسیکی خۆرئاوایی لە گۆرانی عەرەبی جیادەکاتەوە، گۆرانی عەرەبی گۆرانییەکی مرۆییە، لەکاتێکدا گۆرانی خۆرئاوایی گۆرانییەکی ئامێرییە. ئەم بیرۆکەیەی ئامێرەکە وامان لێدەکات بیر لە سروشتی موزیک وەک جووڵەیەک بکەینەوە کە بۆ بەردەوامییەکەی وابەستەی ئامێرێکی دیارییکراو یان کۆمەڵە ئامێرێکە. ئەمەش رەنگە کاریگەریی لەسەر چەمکی ئێمە بۆ مرۆڤ و مێژوو هەبێت و ئەم بابەتە هەڵایساوەش شایەنی ئەوەیە لە شوێنێکی تردا وردەکارییەکانی بخرێتەڕوو.
سەرچاوە: https://mana.net/