هیوا محەمەد
مۆنۆمێنتی دەروازەی راپەڕین کە گوزارشت لەو قوربانیدانە دەکات کە بە درێژایی مێژوو خەڵکی ئەو دەڤەرە واتا پشدەر و بتوێن داویانە لەپێناوی رزگاریی نەتەوەیەک و هاتنەدەرەوەی لەژێر دەستی ستەمی هەموو ئەو حکومڕانییە یەک لەدوای یەکانەی کە حوکمی عیراقیان کردووە، بوونی وەها رەمزێک جێگەی دەستخۆشییە بۆ هەموو ئەوانەی دەستیان لە بنیاتنانیدا هەیە و روویەکی گەش و سەربەرزانەشە بۆ ئیدارەی راپەڕین و خەڵکەکەی.
تیمی کوردستانی نوێ لەسەردانەکەیدا بۆ ئەم دەڤەرە، چەند شوێنێکی بەسەرکردەوە، لەوانە لەیەکەم وێستگەدا مۆنۆمێنتی راپەڕین بوو. دوای سەردانمان و لە پێناوی پێشخستن و برەوپێدانی زیاتری مۆنۆمێنتەکە، چەند پێشنیاز و سەرنجێک دەخەینەڕوو بەو هیوایەی بە هەمووان بتوانین گرنگیی پێ بدەین.
سەرەتا لە سلێمانییەوە کە دەچیت بۆ دەروازەی راپەڕین، لە دوورەوە مۆنۆمێنتەکە دەبینیت، ئەو ژمارە 5 -ەش کە گوزارشت لەو رۆژە دەکات کە خەڵکی تیایدا راپەڕیون، لەسەر ستوونێکی بڵند نووسراوە، بەڵام دەبوو ئەو ژمارەیە رووی لەناو شاری رانیە نەبێت و بەپێچەوانەوە بێت، چونکە ئەوانەی روو لە دەروازەکە دەکەن، ئەو ژمارەیە کە بە ئینگلیزی نووسراوە بە پێچەوانەوە و لە پشتەوە دەبینن.
مۆنۆمێنتەکە، پانتاییەکی گەورەی هەیە، دەکرا چەند هۆڵێکی تێدابێت و زۆرێک لە کەرەستەکانی پاشماوەی رژێم و بەڵگەی راپەڕینی تێدا بێت، هەروەها بەوپێیەی کە راپەڕین تەواوکەری هەموو ئەو شۆڕش و قوربانیدانانەی گەلی کوردە، لەسەروویانەوە شۆڕشی نوێ، دەکرا هەرچی یادگاریی پێشمەرگە و شوێنی مانەوە (بنکەکانی شاخ) بە وێنە و کەرەستە و بەڵگەی ترەوە بخرانایەتەڕوو، نەک هەر وێنەی شەهیدان و قوربانیانی 5/3 و کەلوپەلی شەهیدەکانی ئەو رۆژە، دەکرێت هەندێک دیمەنی جوانی تێدا دروستبکرێت و بڕازێنرێتەوە بە جۆرێک ئەوانەی دەچن وەک دیمەنی جوان وێنەی لەپاڵدا بگرن، جوانترە بە دارودرەخت سەوزپۆش بکرێت.
ئەو حەوزەی تێیدایە پڕبکرێت لە ماسی جوان و ئاوی بەردەوام و خزمەتی بەردەوام.
هەموو ئەو کەرەستە و کەلوپەلە بەجێماوانەی رژێم کە هەن وەک تانک، زرێپۆش، چەکە قورسەکان، کۆبکرێنەوە و لەوێدا نمایش بکرێن.
پێویستە کەتەلۆگێک دروست بکرێت بە چەند زمانێک، بۆ ئەوانەی سەردانی دەکەن، وەک روونکردنەوەیەک بێت بۆیان و سوودی لێببینن.
هەروا لەناو هۆڵەکەدا دەکرا تەلەفزیۆنێک هەبێت و بە ڤیدیۆ ئەو کارەستانە لە راپۆرتێکدا پیشان بدرێت و خەڵک بیبنێت.
بیۆگرافیی شەهیدەکان هەریەکەیان بە چەند دێرێک بنووسرێتەوە، واتا رۆژی لەدایکبوون و شوێن و هەندێک زانیاریی دیکە، ئەوەی کە بینیمان تەنها ناو و رۆژی شەهیدبوونەکەیان بوو.
پێویستە رێبەر(دەلیل)ێک دابنرێت کە روونکردنەوە بدات بەوانەی سەردانی مۆنۆمێنتەکە دەکەن، باشترە ئەو رێبەرە چەند زمانێک بزانێت، بەتایبەتی عەرەبی بۆ قسەکردن و باسکردنی رووداوەکە و لێکەوتەکانی.
ئەو نامانەی دانراون لەناو شووشەبەندەکەدا، بچووکن و ناخوێنرێنەوە، بۆیە دەکرێت گەورە بکرێنەوە و هەڵبواسرێن، با چاپ بکرێن تا بخوێنرێنەوە، چونکە هەندێکیان دەستخەتە و هەموو وشەکان روون نین، ئەو نامانە گرنگن، دەکرێت وەک بەڵگە کەسانی پسپۆڕ بۆ توێژینەوە سوودیان لێ ببینن.
دەکرێت بە دانانی بەڵگەی گرنگ و سەرنجڕاکێش، وابکرێت کە رۆژانە سەدان کەس سەردانی بکەن، بەمەش خەڵکانێکی زۆرتر رادەکێشن بەلای خۆیاندا و مۆنۆمێنتەکە دەبێتە بەشێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی دەڤەرەکە.
پێویستە ریکلام لە میدیاکاندا بۆ هەموو مۆنۆمێنتەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت(رەنگە ئەمە کاری وەزارەتی رۆشنبیری) بێت و مۆنۆمێنتەکە وایلێبکرێت سەرنجی گەشتیاران بۆلای خۆی رابکێشێت لە دوورەوە، واتا ئەوانەی بۆ یەکەمجار سەردانی دەڤەرەکە دەکەن، بە تاسەوە بن بۆ بینینی.
هەموو ئەو سەرنج و پێشنیازانە بۆ خزمەتی دەڤەرەکە و رێزگرتنە لە گەورەیی قوربانییەکانیان، بەو هیوایەین هەرچی زووە دەستبکرێت بە گەشەپێدانی زیاتری.