بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازی لە وەفدێکی باڵای روسیا بە سەرۆکایەتیی میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی روسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کرد.
لە دیدارێکدا رەفعەت عەبدوڵڵا و د.هاوڕێ شێخ دارۆ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، دارا خەیلانی، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی، لیوا روکن عومەر ساڵح، فەرماندەی هێزەکانی ٧٠، پۆڵو شاڵاو عەلی عەسکەری، لێپرسراوی هەواڵگریی پێشمەرگە ئامادەبوون دووپات لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە نێوان هەردوولا لەسەر هەموو ئاستەکان کرایەوە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان.
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتی دووپاتکردووە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاریکارییەکان و هەماهەنگییەکان لەپێناوی خزمەتکردن بە ئامانجە باڵا و هاوبەشەکان و رایگەیاند؛ یەکێتی لەگەڵ هەموو دۆستایەتی و کارکردنێکی پێکەوەییە کە خزمەت بە وڵاتەکەمان و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بکات بۆ ئەوەش ئەو پەیوەندییەی سەرۆک مام جەلال بنیادیناوە دەمانەوێت لەهەموو رووەکانەوە گەشەی پێبدەین و بیخەینە زیاتر بەهێزترکردنی هەرێمەکەمان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عیراق بەتایبەت سوریا تاوتوێکرا و دووپات لە پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە کرایەوە بە شێوەیەک لە رێگای دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکرێن و میکانیزمی نیشتمانی بگیرێتەبەر بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و پاراستنی مافی هەموولایەک بە تایبەت لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان رێز لە ئیرادە و مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان بگیرێت و مافەکانی کورد بپارێزرێت و بەشێکی گرنگ بێت لە بنیادنانەوەی سووریای نوێدا.
سەرۆک بافڵ بۆ کۆی گۆڕانکاری و پرسەکان ستراتیژی یەکێتی خستەڕوو و رایگەیاند؛ ویستی یەکێتی دیدگایەکی بەرپرسیارانە و دەربەستە بە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و بوونی پەیوەندی هاوسەنگە لە نێوان هەموو جەمسەر و لایەنەکان تا بتوانین وڵاتەکەمان لە شەڕ و ناکۆکییەکان بپارێزین.