پۆستکارتەکانی هەڵەبجە 37 ساڵ بەرلە ئێستا

11:50 - 2025-03-16
دووتوێ
169 جار خوێندراوەتەوە

عەباس عەبدولڕەزاق

ساڵی 1988، دوای تاوانەکانی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانی کوردستان، قۆناغێکی نوێی خەباتمان لە ئاوارەییدا دەستپێکرد، لەوانەیە کەم لە بارەی ئەم دیوەی خەباتەوە نووسرابێت. 
دوای تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و ناوچە جیاجیاکان و بەتایبەتی هەڵەبجە، نائومێدی باڵی بەسەر ئاسمانی کوردستاندا کێشابوو، بۆیە بەناچاری لە باوەشی رۆژهەڵاتی نیشتماندا گیرساینەوە.
خەباتی نوێ لە هەموو جومگەکانی پێشمەرگایەتیدا دەستیپێکردەوە. لە مەفرەزە پارتیزانەکان و جموجۆڵی دیپلۆماسی و لایەنی رووناکبیری بە مەبەستی گەیاندنی دەنگی گەلی کورد بە هەمووان. 
هونەرمەندە پێشمەرگەکان چەندین کاری هونەریی ناوازەیان پێشکەشکرد لە بواری شانۆ و فۆتۆگرافی و فیلمی دۆکۆمێنتاری و بواری جیاجیادا. یەکێک لەو دەستکەوتانەش ئەو کۆنفرانسە بوو کە دژبە چەکی کیمیایی لە تاران بەسترا، لەوێدا رۆڵی گرنگی دیپلۆماسیی (سەرۆک مام جەلال) کاریگەریی زۆری هەبوو، هەروەها هونەرمەندان لە بوارە جیاجیاکاندا لەم کۆنفرانسەدا بەشداربوون.
کۆنفرانسەکە لە (هۆتێل لالە) لە تاران بەسترا و بەندەش وەک پێشمەرگە و هونەرمەند لەبواری فۆتۆگرافی و فیلمسازیدا بەشداریی کۆنفرانسەکە بووم و بۆ ئەو مەبەستەش (پیشانگەیەکی فۆتۆگرافی و چەند فیلمێکی دۆکۆمێنتاری)م ئامادەکردبوو. 
هەروەها شێوەکارەکان بە پیشانگەیەکی ناوازە بەشداریان کرد بە کاری هونەرمەندان (رەمزی قوتبەدین، ئەردەڵان، رێبوار سەعید و عوسمان قادر).
جگەلەوەش، پیشانگەی کاری منداڵانی هەڵەبجە لەئۆردوگاکان لە مۆزەخانەی (موزەی معاسر) لە ئێران بۆ ماوەی دوو مانگ نمایشکرا. 
هونەرمەندە شێوەکارەکان بە گروپێک لەلایەن کۆنفرانسەکەوە دژبە چەکی کیمیایی بۆ پاریس بانگهێشتکران، ئەوانیش لەلای خۆیانەوە بە هاوکاریی دەزگای راگەیاندنی ی.ن.ک چەند پۆستەر و پۆستکارتێکیان ئامادە کرد لە دووتوێی پاکەتێکی زۆر جواندا لەگەڵ خۆیاندا بردیان بۆ کۆنفرانسەکە، کە لێرەدا پوختەی نووسراوی سەر پۆستەری کۆنفرانس و پیشانگەکەم بە کوردی ئامادەکردووە.
وا ئەو 37 ساڵە بەسەر ئەم کۆنفرانسەدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا روفاتەکانی نێو تابلۆکان نەگەڕاونەتەوە.
هەڵەبجە، شاری وێنە بێدەنگەکان
لەیەکێک لە پۆستەری بانگهێشتنەکاندا بۆ کۆنفرانسەکەی پاریس و لەژێر ناونیشانی «هەڵەبجە، شاری وێنە بێدەنگەکان» ئەمە نووسرابوو:
لە بەهاری ساڵی 1988، کات بە تەواوتی وەستا، لە شارە جوان و گەشاوەکەی کە بە «هەڵەبجە» ناودەبرا. پیاوان، خانمان و منداڵان ، پیر و گەنج بەیەکەوە بە ئارامی و بێئاگا لە تەنیشت یەکترییەوە راکشابوون، بەبێ ئەوەی چرکەساتێکیشیان هەبێت بۆ چاوتروکاندن.
 بووکەڵەکان خەو دەیبردنەوە بەدیار خاوەنەکانیانەوە و منداڵە ساوا شیرە خۆرەکانیانیش لێویان بە گۆی مەمکی دایکە بێدەنگەکانیانەوە نووساندبوو. 
شۆفێری ئۆتۆمبیلەکان دەستیان بەسەر سوکانەکانیانەوە بوو، بەڵام لەشوێنی خۆیان وەستێنرابوون.
شوێنی ‌حەوانەوە و راکشان زۆر بوو، تەنانەت لەسەر رێگە قوڕەکان، دەشتەکان و جادە قیرتاوەکانیش. «گازی ژەهراوی» بێ بەزەییانە شارە زیندووەکەی کردبووە مۆزەخانەیەک پڕ لە خەڵکی بێدەنگ لە دۆخی جیاوازدا.
ئاشتی بۆ هەمووان و
ماڵئاوایی لە چەک
ئەم دروشمە، دروشم و ئارەزووی مرۆڤایەتیی هاوچەرخە کە ئامادە نین جارێکی دیکە کارەساتە ترسناکەکانی هۆڵۆکۆست لە «هیرۆشیما» و «ناکازاکی» ئەزموون بکەنەوە، بەڵام وا کارەساتی هەڵەبجە، جینۆسایدی کوردی بێ دیفاع و بێتاوانی عیراق، وەک زەنگێک رووەو گوێچکەی ئازادیخوازانی جیهان هات.
ئەو مرۆڤانەی کە یادەوەریی تراژیدیا و کاتە سەختەکانی جەنگی دووەمی جیهان و کارەساتی «هیرۆشیما»یان لەیادبێت، هەمیشە لە خەمی ئەوەدان کە تاوانبارێک لە دایک ببێت و تاوانێکی هاوشێوە ئەنجام بدات، بەڵام کوشتاری هەڵەبجە کۆتایی بەو ئاوات خواستنە هێنا.
کێ ماتەمینی بۆ هەڵەبجەییەکان دەگێڕێت؟ 
تەنانەت رێکخراوە جیهانییەکانیش، کە دەسەڵاتی لێکۆڵینەوەیان هەیە و بەرپرسیارن لە ئاسایشی مرۆڤایەتی، بێدەنگییان هەڵبژاردووە سەبارەت بەم تاوانەی سەدە.
دەی.. ئێوەی خوازیاران و یارانی ئازادی و ئاشتی!، با هەوڵبدەین بۆ هێنانەدیی پێکەوەژیانێکی ئاشتییانە و جوان و بەردەوام، دوور لە چەکی ئەتۆمی و کیمیایی و بایۆلۆژی لە جیهاندا.
بۆ ئێوەی بەڕێز..
لە کاتی پێشکەشکردنی ئەم نامەیەدا بۆ ئێوە، زێدی من «هەڵەبجە» لە کۆتاییەکانی وەرزی زستاندایە و لە چاوەڕوانیی سەرەتای وەرزی بەهاردایە. دوو ساڵ لەمەوبەر لە 18ی ئازاری 1988، نیشتمانەکەم، شارۆچکەیەکی دڵڕفێن بوو لە ئامێزی کوردستانی عیراق ( باکووری خۆرهەڵاتی عیراق)، زیاتر لە 20 جار کەوتە بەر هێرشی بۆمبهاوێژەکانی عیراق.
دیمەنەکە ترسناک بوو؛ سەدان تەرمی بێ شوێنەواری برینداری لە شەقامەکاندا بڵاوبوونەتەوە، سەدان کەسی دیکە لە رزگاربووان لە نەخۆشخانەکاندا بەهۆی ئازارەوە دەتلانەوە. 
شارۆچکەیەکی گەشەسەندووی نێشتەجێبوون کە زیاتر لە  70 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێیبوون، بووە بە شاری جنۆکەکان.
بەڕێزان..
بەناوی هەزاران پیاو و ژن و منداڵی بێ ماڵ و حاڵەوە، داواتان لێدەکەین وەک بەشێک لە ویژدانی بەئاگاهاتووی مرۆڤایەتییەوە بەشداربن لە بزووتنەوەیەکدا کە هەوڵی دانانی 18ی ئازار دەدات وەک «رۆژی خەبات دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی» لە ساڵنامەی جیهاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان