چەند سەرنجێک بۆ وتاری(ئەو رۆمانە جوانەی، بەدەر نییە لە رەخنە)

‫ چۆن رۆمان بخوێنینەوە‬‬؟

11:16 - 2025-03-27
ئەدەب و هونەر
264 جار خوێندراوەتەوە


 مەریوان هەڵەبجەیی

 

نووسەر کاتێک باس لە لایەنە جوانەکانی رۆمانەکە دەکات و ستایشی دەکات، وەک ئەرکێکی رەخنەگرانە لایەنە شاراوە و قووڵ و ناوەکییەکانی رۆمانەکە ناخاتەڕوو تا راڤەی بکات



لە ژمارە (1363)ی دووتوێی ئەدەب و هونەری رۆژنامەی کورستانی نوێ، لە رێکەوتی 2025/3/20 دا، نووسەر و وەرگێڕ ئەردەڵان عەبدوڵڵا وتارێکی بە ناونیشانی(ئەو رۆمانە جوانەی، بەدەر نییە لە رەخنە) بڵاوکردووەتەوە. لە سەرەتای وتارەکەدا دەڵێت: "دواهەمین هەناری دنیا یەکێکە لە بەرهەمە جوانەکانی نووسەری ناسراوی کورد(بەختیار عەلی)، بەڵام من دوای (23) ساڵ خوێندوومەتەوە. ئەوەی خوێنەر توشی سەرسووڕمان دەکات ئەوەیە نووسەر و وەرگێڕ و رۆژنامەنووسێکی بە ئەزموون و جدی وەک بەڕێزیان، چۆن و بۆچی هێندە خەمسارد بوون، پاش 23 ساڵ ئینجا ئەم شاکارەی ئەدەبیاتی کوردییان خوێندووەتەوە؟! تەنیا رۆمانێکی کوردی کە وەرگێڕدراوەتە سەر 10 زمان و چەندین کتێب و دەیان وتاری بەزمانە جۆراوجۆرەکان لەسەر نووسراوە. ئەویش لەناو نەتەوەیەکدا کە ساڵانە ژمارەی چاپی رۆمانە گرنگەکانی نەدەگەیشتە ژمارەی پەنجەکانی دەست. ئەگەر تەنیا بیانوو ئەوە بووبێت ئەوکات بەڕێزیان لە ئەڵمانیا بوون، ئاسانترین گەیاندن و زۆرترین هاتوچۆ بۆ ئەو وڵاتە هەبوو، بەپێی ئاماری ئەو کاتەی چاپخانەی(رەنگ)، ئەڵمانیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی تیایدا رەوەندی کوردی زۆرترین پێشوازیی لەو بەرهەمە کرد بوو. کاک ئەردەڵان دەڵێت: من ئێستا چاوم بەم رۆمانە کەوتووە! رۆمانێک ساڵی پار وەک یەکێک لە 100 رۆمانی سەدەی جیهان، هەڵبژێردراوە. لانیکەم دەبوو هاوڕێیانی رۆژنامەنووس و لە ناویشیاندا کاک ئەردەڵان، کە هەم نووسەرە و هەمیش وەرگێڕ، گرنگی و بایەخی وەرگێڕان و بە دەستهێنانی پلە و پایەیەکی باڵای وا بۆ رۆمانێکی کوردی باش بزانیایە، لە رۆژنامەکەیاندا تەوەرێکیان بۆ بکردایەتەوە و چەند بابەتی ئەڵمانی و زمانەکانی تریان دەربارەی رۆمانەکە وەربگێڕایەتە سەر زمانی کوردی و بڵاویان بکردایەتەوە. 88 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر چاپی کورتە رۆمانی(کوندە پەپووی کوێر)ی(سادق هیدایەت)دا و تا ئێستاش کاتێک وەردەگێڕدرێت بۆ زمانێک یا کەسێک لەهەر گۆشەیەکی دنیا شتێکی تازەی لەسەر بڵێت، میدیای ئێران و ئێرانییەکان کاری لەسەر دەکەن و بە بایەخێکی زۆرەوە سەیری دەکەن.
نووسەر لە بەشێکی تری وتارەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، بابەتەکانی ناو رۆمانەکە وایکردووە رۆمانەکە بە زیندوویی بمێنێتەوە! ناوەڕۆکی هیچ بەرهەمێکی هونەری و ئەدەبی بە خودێتیی خۆی واناکات بەرهەمێک بەزیندوویی بمێنێتەوە و بەردەوام قسەی لەسەر بکرێت، بەڵکو دنیابینیی و ئاسەتەکانی تەکنیک و گێڕانەوە و زمان و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و هێزی داهێنەرانە و ئەندێشەی فەلسەفەی نووسەرە لە بەرهەمەکەدا کە وادەکات بەرهەمێک بەزیندوویی بمێنێتەوە و بەردەوام قسەی لەسەر بکرێت، نەک ناوەڕۆک. بۆ نموونە بابەت و ناوەڕۆکی سەدان بەرهەم دەربارەی ئەنفال و کارەساتی هەڵەبجەن، بەڵام ئەوانەیان کە لە ئاستی(شاری مۆسیقارە سپییەکان، گۆڕستانی چراکان و لاوکی هەڵەبجە)دان، ژمارەیان ناگاتە ژمارەی پەنجەکانی دەست. نووسەر کاتێک باس لە لایەنە جوانەکانی رۆمانەکە دەکات و ستایشی دەکات، وەک ئەرکێکی رەخنەگرانە لایەنە شاراوە و قووڵ و ناوەکییەکانی رۆمانەکە ناخاتەڕوو تا راڤەی بکات، ئەرکی هەر رانان یان ناساندن و خستنەڕووی بەرهەمێکی ئەدەبی ئەوەیە، نووسەرەکەی پەی بە نەزانراوەکان و هەزار توێکانی دەق بردبێت و بابەتگەلێکی تازە و نادیار بۆ خوێنەران بخاتەڕوو. نووسەر کاتێک دێتە سەر تێبێنی و رەخنەکانی و باس لە چونێتیی دروستکردنی کارەکتەر دەکات و رەخنە لە نووسەری(دواهەمین هەناری دنیا) دەگرێت و دەڵێت: " دروستکردنی پاڵەوان یەکێکە لە رەگەزە بنەڕەتییەکانی رۆمان، نووسەر دەبێت بزانێت چۆن پاڵەوان دروست دەکات، لەهەمان کاتیشدا دەبێت ئەو پاڵەوانە لەناو فەزای خۆیدا سروشتیی دەربکەوێت، بۆ نموونە رێی تێناچێت کەسێک لەناو بازاڕدا عەرەبانەی پێیە و شت دەفرۆشێت، گفتوگۆی فەلسەفی و فکریی قووڵ بکات، چونکە ئەمە لەگەڵ فەزای گشتی پاڵەوانەکەدا ناگونجێت، ئەو دیالۆگانەی سەریاسی یەکەم لەگەڵ دەوروبەرەکەی دەیکات، بەتایبەت لەگەڵ سەریاسی دووەم و هاوڕێکانی، یان نامەکانی سەریاسی دووەم بۆ باوکی، وەک خوێندکارێکی بەشی فەلسەفە وابێت ئاوا قسە دەکات، ئەمەش دوورە لە راستییەوە."
نووسەر هەر لەسەرەتای ناساندنی سەریاسی یەکەمەوە ئاماژە بەوە دەکات تەنیا دەستگێڕێک بوو رۆژنامەی دەخوێندەوە، واتە جیاواز بوو لە عەرەبانچییەکانی تر. دەڵێت خەونی ئەوە بوو پەنایەک بۆ دەستگێڕە بێ پەناکان دروست بکات و خەونی رێکخستن و ئیدارەدانی ژیانی هاوپیشەکانی لەسەردابوو، دەیویست رێکەوتنێک لەگەڵ پۆلیسەکاندا بکات. نازانم ئەمە کەی گفتوگۆی فەلسەفی و فکریی قووڵە؟! پاشان بۆچی مرۆڤی دەستگێڕ و کاسبی ناو بازاڕ نابێت و ناتوانن بیربکەنەوە؟! ئایا لە سەدەیەک لەمەو پێشدا ماوینەتەوە؟ ئایا تەنیا دەبێت بڕوانامەی باڵات یان پلە و پۆستت هەبێ و سیاسەتمەدار بیت، تا بتوانیت مرۆڤی بیرکەرەوە بیت؟! کێشەی گەورەی روانینی کاک ئەردەڵان بۆ کارەکتەر، روانینێکی کلاسیک و زۆر کۆنە، کە دەمێکە لانیکەم لە دەورانی مۆدێرندا چیدی لە رۆماندا پەیڕەو ناکرێت. ئەو دەبێت بزانێت جیاوازییەکانی رۆمانێکی ریالیزمی جادوویی چییە لەگەڵ رۆمانێکی تەواو ریالییزمیدا. ناکرێت بەو چاوەی سەیری کارەکتەرسازی لە رۆمانێکی ریالیستی وەک (ژانی گەل)دا دەکەیت بەهەمان چاو سەیری کارەکتەرسازیی لە رۆمانی (دواهەمین هەناری دنیا)دا بکەیت. 
پاشان سەریاسی دووەم نامە بۆ موزەفەری سوبحدەم، نەک باوکی، نانێرێت، چونکە دەکرێت هەریەک لە سەریاسەکانی تر کوڕی بن، یان بە مانایەکی تر پەیوەندیی راستەقینەی کوڕ و باوک لە رۆمانەکەدا سیمبولیکە و زیاتر پرسێکی ئەخلاقی و بەرپرسیارانەیە. موزەفەر بەرپرسیارە بەرامبەر بە دنیای کوڕەکان و فەرزندەکان بەگشتی، رێک پێچەوانەی سولەیمانی مەزن کە لەگەڵ هاوڕێکانیدا دەیویست دنیا بگۆڕێت، بەڵام منداڵەکەی خۆشی دەرک نەدەکرد، چونکە عیشق و خۆشەویستی محەمەدی دڵشووشەشی بۆ خۆشکە سپییەکان و سەریاسەکان و هاوڕێکانی دەرک نەدەکرد و نامۆبوو بۆی. لە رێگای کاسێتەوە گفتوگۆ دەکەن نەک نامە و گفتوگۆکانیشیان دوورە لەهەر دیالۆگێکی فەلسەفییەوە. بیرمەند و رەخنەگری گەورەی جیهان(تێری ئیگڵتۆن) لە فەسڵی دووەمی کتێبی(چۆن ئەدەبیات بخوێنینەوە)دا دەربارەی کارەکتەر دەڵێت: "مۆدێرنیستەکان بە شێوازێکی تر دەڕواننە کارەکتەر و دەستکاریی تێڕوانینی نەریتی و کۆنیان بۆ کارەکتەر کرد. ئەوان هەوڵدەدەن شتێکی تر لەو وزە و هێزی پێکهێنەرانەی شوناس، لە قووڵترین ئاستەکانیدا نیشانبدەن. لەکتێبەکەدا نموونەی(دی ئیچ لۆرانس) و زۆر رۆماننووسی تر دەهنێتەوە بەڵام لێرەدا نامەوێت زۆر لەسەر ئەم بابەتە بوەستم، نموونەکان لە ئەدەبیاتدا بێشومارن، بۆ نموونە رۆمانەکانی (نیکۆس کازانتزاکیس)، ئایا کارەکتەری زۆربا، مامۆستای فەلسەفە یان دەرچووی بەشی فەلسەفەیە؟ رەخنەگری دیاری ئێران رەزا خەندان، لە کتێبی (داستان در بوتە)دا، دەربارەی فەزاسازی و کارەکتەرسازیی سەریاسی یەکەم و هاوڕێکانی لە(دواهەمین هەناری دنیا)دا دەڵێت: "سەریاسی یەکەم، ئەو بێنەوا و بێپەنایەی بە هەژاری و بێکەسی، تەنیا بەهاوکاریی تایبەتمەندییە کەسییەکانی بووە بە خۆشەویستی دەستگێڕ و عەرەبانچی و بارهەڵگرەکانی ناو بازاڕ، چ فەسڵێکی درەوشاوەیە ئەو جێگایەی ژیان و هەوڵ و کۆشش و پەیوەندیی خۆشەویستیی ناو دەستگێڕەکان نیشان دەدات. فەسڵێکی زیندوو پڕ لە ژیان و جۆشوخرۆش و جەنگان لە پێناو ژیان و مافی ژیاندا، مرۆڤگەلێک لە چەشنێکی تر، گەرچی لە دۆخێکی زۆر ئەستەم و دژواردا دەژین، بەڵام رێز و بەها و بایەخێکی زۆریان بۆ ژیان هەیە و لە پێناویدا دەجەنگن و خۆشیان دەوێت."
  نووسەری وتارەکەی دووتوێی(ئەدەب و هونەر) بۆ نایەوێت جیاوازیی بکات لە نێوان پاڵەوانی کلاسیک و کارەکتەری مۆدێرندا؟ بۆ نایەوێت وردەکاریی کارەکتەرسازی و رەهەندی فەلسەفی و دەروونیی کارەکتەرەکان و پرسی ئازادی و مانای مرۆڤبوون لە دۆخە ئەستەم و سەختەکاندا، کە بەوردی کاری لەسەر کراوە ببینێت و بیخاتەڕوو؟ پاشان دەبێت ئەوە بزانین نە سەریاسی یەکەم، نە سەریاسی دووەم، نە هی سێیەمیش بەو مانایەی ئەو وێنای دەکات پاڵەوانی سەرەکیی رۆمانەکە نین، یەعقوبیش پاڵەوانی دووەم نییە. لە رۆمانی مۆدێرندا شتێکمان نییە بە ناوی پاڵەوانی یەکەم و دووەم و سێیەم، گرنگیی کەسێتی و ئاستی تێڕوانین و دنیابینی بەوە دیاریی ناکرێت لە چەند فەسڵدا هەیە، تا کۆتایی دەژی یان دەمرێت و بۆچی دیار نامێنێت. دەکرێ لەم رۆمانەدا رۆڵی محەمەدی دڵشووشە و سەریاسی سێیەم(ئەستێرە رەش) گرنگتربن لە و کارەکتەرانەی مەودایەکی فراوان و ئامادەبوونێکی زەمەنیی زۆرتریان هەیە.
 لە بەشێکی تری بابەتەکەیدا نووسیوێتی: "لە رووی ناوەڕۆکیشەوە نووسەر پانتایی گەورەی بۆ رووداوەکانی دوای راپەڕین داناوە، لەمەشدا جەنگی ناوخۆ و گرانی و گەمارۆی ئابووری، رەنگێکی زاڵن بەسەریدا. هەر بۆیە وێنەیەکی تەواو تراژیدیی و غەمناکی کۆمەڵگەی کوردی پیشانداوە، هەرچەندە نووسەر ئازادە چ وێنەیەکی کۆمەڵگەکەی دەردەخات، بەڵام کاتێک ئەم رۆمانە وەردەگێڕدرێت بۆ سەر زمانێکی بیانی، هێندەی من بزانم ئەم رۆمانە وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی ئەڵمانی، بە بڕوای من ئیماجێکی زۆر خراپی کورد دەردەخات. من خۆم لە ئەڵمانیا ژیاوم، هێندەی میدیای ئەڵمانی دژی کوردە، هیچ وڵاتێکی تر جگە لە تورکیا، هێندە دوژمنکارانە دژی کورد نییە. هەر بۆیە باشترە ئێمە هەوڵبدەین دژی ئەو وێنە ناشیرینانە بوەستین کە میدیاکان و ناوەندە سیاسی و ئەکادیمییەکانی ئەڵمانیا لە دژی کورد بڵاوی دەکەنەوە."
سەیرە کاک ئەردەڵان چەند ساڵە لە بواری رۆژنامەنووسی و وەرگێڕاندا کاردەکات و ساڵانێکیش لە ئەڵمانیا ژیاوە، چۆن ئاوا سادە و ئاسان و بەپێی چ ئامارگەلێک دەڵێت: "دوای تورکیا ئەڵمانیا زۆرترین دژایەتیی کورد دەکات!" بۆچی دەبێت ئەڵمانیا و میدیاکانی دژایەتی کورد بکەن، لەسەر چی و بۆچی؟! کورد چ کێشەیەکی گەورەی بۆ ئەڵمانیا دروستکردووە؟! ئایا رێگای تریان نییە چاودێریی کوردی پێبکەن، رۆمان نەبێت؟ بەشی هەرە زۆری رۆمانی(دواهەمین هەناری دنیا) نیشاندانی ستەمی بەعس و داگیرکاریی و وێرانکردنی گوندەکانی کورستان و کیمیابارانکردنی خەڵکەکەیەتی، بەڵام نووسەری ئەم وتارە تەنیا شەڕی ناوخۆ زۆر بەرجەستە و زەق دەکاتەوە. ئایا ئەڵمانیا و رۆژئاواییەکان بەگشتی هیچ رێگا و دەلاقەیەکیان نییە و بێئاگان لە دۆخی کوردستانی باشوور و ململانێ و شەڕی ناوخۆ، جگە لەم رۆمانە؟! ئەمریکا و رۆژئاواش بەگشتی(مایکڵ رۆبنەکان) و دەیان سەنتەری توێژینەوەی جۆوراوجۆر و جیاوازیان هەیە، کاریان هیچ نییە جگە لە وردبوونەوە لە کاروبار و توێژینەوە لە بواری تایبەت بە ناوچەکە؟
لە ساڵی 2002دا یەکەم زمان کە(دواهەمین هەناری دنیا)ی بۆ وەرگێڕدرا، زمانی فارسی بوو، بە داخەوە زیاتر لە 12 ساڵ بەهۆی سانسۆرەوە مۆڵەتی چاپی پێنەدرا، پاش ئەوەی بە سانسۆرێکی کەمەوە بڵاوکرایەوە، ستایشێکی زۆری خوێنەران و رەخنەگران و رۆژنامەنووسانی ئێرانی بەدەستهێنا و دەیان وتار  لە ستایشیدا نووسران و بوو بە یەکێک لە خۆشەویستترین ئەو رۆمانانەی لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە تا ئەمڕۆ وەرگێڕدراون بۆ زمانی فارسی.
(دوایەمین هەناری دنیا) تائێستا 28 جار چاپ کراوەتەوە و نوسخە رادیۆییەکان و نوسخە ئەلکترۆنییەکانیشی لە پڕ گوێگرترین و پڕ خوێنەرترینەکانی ئێرانییەکانن. تائێستا لە زۆربەی شارەکانی ئێران و بە ئامادەبوونی زۆرێک لە رەخنەگران، زیاتر لە پەنجا کۆڕی رەخنە و لێکۆڵینەوەمان بۆ ئەم رۆمانە بەڕێوەبردووە و تەنیا بۆ یەکجاریش یەک ئاماژە وەک ئەوەی لە نووسینەکەی کاک ئەردەڵاندا هەیە، وەک لاوازیی کارەکتەرسازی و ...هتد نەبووە و نە بینراوە.
ئەدەبیاتی جدی و زیندوو ئەدەبیاتێکی راستگۆ و رەخنەگرانە و جەسوورە، کە هیچ جۆرە سانسۆر و خودسانسۆرییەک بە رەوا نازانێت. بەدرێژایی میژووی ئەدەبیاتیش هەمیشە ئەو نووسەر و داهێنەرانە بە نەمریی ماونەتەوە کە توانیویانە بەوپەڕی ئازایەتی و بێ هیچ ترس و شەرم و سانسۆرێک بنووسن.
 ئەدەبیات کاری ئەوە نییە ناشیرینییەکان و بەرهەمە نائەقڵانییەکان داپۆشێت و چەواشەکاریی بکات. هیچ شتێک بۆ ئەدەبیات هێڵی سوور نەبووە و نییە و گەورەترین سەروەرییش بۆ مرۆڤ و ئازادی و مانای تاکگەرایی و ماف و سەروەرییەکانی مرۆڤ، ئازادانە نووسینە. 
 
سەرچاوەکان 
1: (ئەو رۆمانە جوانەی، بەدەر نییە لە رەخنە)، ئەردەڵان عەبدوڵڵا، ژمارە (1363)ی دووتوێی ئەدەب و هونەری رۆژنامەی کورستانی نوێ، 20/3/2025  
2: چگونە ادبیات بخوانیم، تری ایگلتون، مترجم، مشیت علایی، چاپ اول، لاهیتا، تهران، 1394.
3: داستان در بوتە، رضا خندان، چاپ اول، نشر ماهریس، تهران، 1399 . 


#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان