بۆ ئان فرانك، ئەو کچەی جیهانی هەژاند

دۆزەخ بە دۆزەخ وێنا دەکرێت. . .

11:49 - 2025-03-27
ئەدەب و هونەر
121 جار خوێندراوەتەوە


سەڵاح جەلال




گەردەلولێكی گەردوونی كۆتایی بوو
تاریكخانەی خوێنی تیا بوو!!
جیهان فۆتۆی دەباخانەی رۆحی ون بوو
نەوبوكی نیل، تاری مەرگیان هێنایەوە 
لە بورجی ئیڤڵەوە نیشان دەدران.
ئەوە بوكە شوشەیەكی خوێنە 
لە كافرۆشی بە (ئان فرانك) تۆماربووە
بۆتە رەمزی بوون و گەردوون.

بورجی ئیڤیڵ بەبروسكەی خەیاڵەوە كەوتە جووڵە
بۆ هاوشێوەكەی دەگەڕا...
جیهان بە هاواری رەوە ئەسپی مەغۆلەوە، كەڕ كرابوو
لەم دارستانی وێنەی رۆح بارانە!!
تۆوی مرۆڤی چاخەكانی كێشایەوە
(ئان فرانك) جۆكەری زەمەن 
دایەلۆگی مەرگ و ژیان، بە گڕكانی ئەزەلییەوە
وێنای هەڵماتی شوشەیی جەستە و رۆحیان دەكردەوە 
ئەو تابلۆیانەی لە گڕ و دووكەڵ وێناکرابوون و
لە گڕكانی دۆزەخە مرۆییەوە بەجێ مابوون.

رۆحی چەرخ پرسیاری دوا مرۆڤی نووسییەوە
ئەم فیلمە كۆتاییە، چی رۆحێكی هەڵگرتووە؟
بە دەسماڵی، چارۆكە سیحری مێژووەوە
كەشتی پرسیاری ئێمە و ئەوانی هێنایەوە
لە چی پشتەبوونێكدا لەنگەر دەگرێت؟

گەردوون ئێستا وێنەی هێلكەیەكی ئاوێتەیە
ئان فرانك فەلسەفەی مەرگی تیا شتەوە،
باوكی لە سەفەری زەریای مەرگ گەڕایەوە
قەڵەم و دەفتەر و بوكێكی بۆ هێناوە.
لە تاریكستانێكی تەكنەلۆژییدا
دۆزەخ بە دۆزەخ وێنا دەکرێت . . .
لە خۆڵەمێشەوە رۆح، بارانی دۆزییەوە 
فیلمی رۆمانێكی هەمە زەمەن
بە رەشەبای بوون و نەبوونەوە گەردوونیان گرت.


ئان فرانك بوكەشوشەی زەمەنێكە
كڵافەی مەرگەساتی چۆتە هەور و
لە بەردەڵانی مەرگی نەبووندا دەگەڕێت.
رەمزی ئێرەیی بوونی ئەو و ئەوانی دواترە 
چەقۆی سیلیڤیا بلاسی دۆزییەوە
وێنەی ئەمریكا و خۆكوشتنی بوون، رەنگ دەكات.


تێزابی زەمەن بڕانی گەردوونی شل بۆتەوە
رۆحی زەمەنی كۆتایی هەڵگرتووە 
جوگرافیای بوون، لە نەبوونا دەسڕێتەوە
بۆتە زەمەنێكی جۆلانەیی 
بە مەرگە عیشقی میتا زەمەنەوە.
لە تارمایی رۆحی تیزابی گەردوونی
بە نەوبوكی نێل و كچانی هەڵەبجە و ئەنفالەوە
دۆزەخی رۆح و خاك و خۆڵ دەنووسنەوە
لە خۆڵە پەتانێی ئەنفالی عەرعەرەوە
غەززەی شەڵاڵبووی خوێن، رەنگ دەكەن.
بە خۆڵە پەتانێی پەنجە و قاچ و چاو و مێشك
بوونێكی تر دروست دەبێت.


ئان فرانك فەنتازیای نیلی بوون و نەبوونە 
چاوی بەخوێنی كچانی غەززە سوور بووە
دڵی بۆتە نەوبوکی گرێی هەزارە و هەزارە
هۆمیرۆسی ژیانەوەی مەرگ لە مەرگا.


جیهان لەسەر خەوی خوێنی كۆتایی بوون و نەبووندا...
مۆسیقای بیرەوەری سڕییەوە.
سێ زەمەنی ئەفسانەیی تێكەڵ بوون
چۆن رۆژانی مەرگەساتێك وێنا دەبێت؟ 
کە شانۆنامەی مەحشەر، نمایش بكات؟ 
ئەمستردام ناونیشانی سڕایەوە
گۆڕ و لانكە بوون بە بوكەشوشەی تەكنەلۆژیی
بەلایە لایەی هەزارەها مەمك و قژی سوتاوەوە 
موزیکی رەو، بۆ كۆتایی جیهان دەچڕن.


 * ئان فرانک: نووسەرێکی ئەڵمانییە، بەناوبانگترین قوربانیی هۆلۆکۆستە کە جینۆسایدی جوولەکەکانە، ئەم نووسەرە ساڵی 1929 لەدایکبووە و 1945 بە نەخۆشیی لەماوەی دەستبەسەر کردنیدا کۆچی دوایی کردووە. باوکی ئان فرانک کە تاکە دەربازبووی خێزانەکەیانە بیرەوەرییەکانی کچەکەی دۆزیوەتەوە و بەچاپی گەیاندووە.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان