دانا مستەفا
دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی حاڵەتێکە کاتێک دروست دەبێت کە مرۆڤ هەست بە کەموکوڕییەک دەکات لە خۆیدا و دەترسێت چواردەورەکەی درک بەو کەم و کورتیانەی بکەن. ئەمەش وا دەکات ئەو کەسەی کە ئەم حاڵەتەی لا دروست دەبێت هەمیشە لە هەوڵی شاردنەوەی ئەو شتانەدا بێت کە بەلایەوە کەموکوڕییە و جێگەی نەنگییە.
توێژەرەوانی ئەم حاڵەتە دەروونییە سێ رەهەندی جیاوازیان لە هۆکارەکانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی دەستنیشان کردووە. یەکەمیان پەیوەستە بە شكڵ و شێوەوە. لێرەدا کەسی تووشبوو بەم حاڵەتە دەروونییە هەست بەوە دەکات کە شێوەی ناشرین و نامۆیە، یان قەڵەوە، جلەکانی ناشرینن و هەر هۆکارێکی تر کە پەیوەندیی بە رووکەش و رواڵەتی دەرەوەی کەسەکەوە هەیە.
رەهەندی دووەمیان خودی دڵەڕاوکێییەکە خۆیەتی. ئەو کەسەی کە لە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیدا دەژی هەست بەوە دەکات کە لەکاتی بەریەک کەوتنیدا لەگەڵ خەڵکدا دووچاری ئارەقکردنەوە، سووربوونەوەی دەم و چاو و هەناسەبڕكێ و بەرزبونەوەی لێدانی دڵ دەبێت، بۆیە بەردەوام هەوڵدەدات کە ئەم نیشانە فیسیۆلۆژیانە لەخەڵکی تر بشارێتەوە.
رەهەندی سێیەمیان لێهاتوویی و کارامەیی کۆمەڵایەتییە. تووشبووانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی هەست بەوە دەکەن کە لێهاتویی و توانای کۆمەڵایەتییان نییە و کەسێتیان و لاوازە و خاوەنی کاریزما نین، بۆیە هەوڵدەدەن لە تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتیدا خۆیان بە دوور بگرن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە زۆربەی کات ئەو کەسانەی ئەم حاڵەتە دەروونییەیان هەیە زیادەڕۆیی دەکەن لە هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو ترسە کۆمەڵایەتییەدا. بۆ نموونە، رەنگە کەسێک شێوەی بەلای خۆیەوە ناشرین بێت، یان دەنگی بەلای خۆیەوە زۆر ناخۆش بێت، بەڵام زۆرجار ئەم تێگەیشتنە خۆییە زیادەڕۆیی تێدایە و واقیعی نییە.
توێژینەوە دەروونییەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو کەسانەی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیان هەیە زیاتر سەرنج و تەرکیز لەناوەوەی خۆیان دەدەن و کەمتر دەپرژێنە سەر دنیای دەرەوەی خۆیان. بۆ نموونە کاتێ کەسێکی تووشبو بەم حاڵەتە قسە لەگەڵ کەسێکی تردا دەکات ئەوەندەی لە مێشکی خۆیدا تەرکیز لەسەر ئەوە دەکات کە چی بە کەسەکە بڵێ و ئەوەندەی خۆی بۆ قسەکردن ئامادە دەکات ئەوەندە تەرکیز لەسەر قسەکانی بەرامبەری ناکات. ئەمەش وا دەکات کە مرۆڤ لە جیاتی ئەوەی تەرکیز لە سەر ئەو شتانە بکات کە پێویستە تەرکیزیان لەسەر بکات تەرکیز لەسەر خۆی و دونیای ناوەوەی خۆیدا دەکات. سەرئەنجام شڵەژانی زیاتر و نائارامی و ناڕۆشنی زیاتر بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
باشترین چارەسەر
ئەو کەسانەی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتییان هەیە زۆرجار لەلایەن خەڵکانی ترەوە بە لوتبەرز یان سارد و سڕ دێنە بەرچاو، چونکە کاتێ مرۆڤ لەبری ئەوەی سەرنج و وزەی خۆی بداتە ئەو کارەی دەیکات، یان لەبری ئەوەی هۆش و گۆشی خۆی بداتە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی، بیر لەناو خودی خۆی دەکاتەوە، بیر لەوە دەکاتەوە چۆن چۆنی هەڵسوکەوت بکات یان بە چ شێوەیەک وەڵامی کەسی بەرامبەری بداتەوە. بۆیە کەسانی بەرامبەریان هەست بەوە دەکەن کە رەفتاری ئەم جۆرە خەڵکانە جۆرێک لە ناسروشتیبوون و نائارامبوونی پێوە دیار بێت. هەر بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئەو کەسانەی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیان هەیە ئەوەیە کە هەوڵبدەن کەمتر سەرنج لە ناو خودی خۆیان بدەن و هۆش و گۆشی خۆیان بخەنە سەر ئەو کردەوە یان چالاکییانەی ئەنجامی دەدەن.
ئەمە مانای ئەوە نییە کە مرۆڤ بە بێ بیرکردنەوە قسە بکات یان هەڵسوکەوت بکات، بەڵکو بەو مانایە دێت کە مرۆڤ هەوڵی ئەوە بدات لە بەریەکەوتنە کۆمەڵایەتییەکاندا تەنها و تەنها سەرنج لە ناوەوەی خۆی نەدات و نەختێک لە دنیای ناوەوەی خۆی بێتە دەرەوە و بە شێوازێکی سروشتی هەڵسوکەوت بکات.
هەندێ رەفتار هەن کە بونەتە خوو بۆ ئەو کەسانەی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتییان هەیە، بەشێک لەو خووانەش بەهۆی ئەوەوە دروست بوون کە جۆرێک ئارامی دەبەخشن و دڵەڕاوکێ کەم دەکەنەوە. رەنگە لە ئان و ساتی پەنا بردن بەم خووانەدا جۆرێک لە متمانە بەخۆبوون و کارئاسانیی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ ئەو کەسەی پەنایان بۆ دەبات هەست پێ بکرێت، بەڵام لە راستیدا ئەم خووانە زیانبەخشن و کێشەکە قوڵتر دەکەنەوە. بۆیە گرنگە مرۆڤ بە دوای دەستنیشانکردنی ئەم خووانەدا بگەرێ و هەوڵبدات لە هەڵسوکەوتی خۆیدا بیانسڕێتەوە.
لێرەدا ئاماژە بە هەندێ لەم خووانە دەدەین
یەکەم: سەیرنەکردنی کەسی بەرامبەر. لابردنی نیگا لەسەر کەسی بەرامبەر لەکاتی قسەکردندا رەنگە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی نائارامی و دڵەڕاوکێ، بەڵام کاریگەریی خراپ لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەکات و وا دەکات وەکو کەسێکی سارد و سڕ و لوتبەرز دەر بکەوین.
دووەم: زۆر دووبارەکردنەوەی دەستەواژە یان دەربڕینێک، بۆ نموونە زۆر دەربڕینی سپاس یان داوای لێبوردنکردن.
سێیەم: خۆ خەریک کردن بە تەلەفۆن یان هەر شتێکی ترەوە، وەکو هەوڵدانێک بۆ خۆ دەربازکردن لە بەریەک کەوتنە کۆمەڵایەتییەکان.