ئامادەکردنی/ محەمەد رەزا
رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ئامانجی راستەوخۆ گەیاندنی بۆ بەرچاوی لێپرسراوان و چارەسەرکردنی.
ناڕەزایی گوندنشینانی هەڵەدن
گوندی هەڵەدن ئێستا 100 ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتوانەكەی لە 500 كەس زیاترە.
سمكۆ هەڵەدنی دانیشتووی گوند بۆ كوردستانی نوێ وتی: سەرجەم کۆڵانەکانی هەڵەدن گڵە و داوای قیرتاوکردنی دەکەین، شەقامی سەرەكی گوندەكەمان زۆر خراپە و پێویستی بە چاككردنە، شەقامەکە بە دیوی چەمەکەدا رۆچووە و داوا دەکەین دیواری راگری بۆ دروست بکرێت.
وتیشی: كارەبای نیشتمانی زۆر خراپە و داوای زیادکردنی سەعاتەکانی دەکەین لەگەڵ دابینکردنی موەلیدە، تۆڕی ئاوی گوندەکەمان زۆر خراپە و داوای هەڵکەندنی دوو بیری ئیرتیوازی دەکەین، لەگەڵ دروستکردنی هۆڵی بۆنەکان.
گوندنشینانی هەڵەدن داوای قیرتاوکردن دەکەن
وێنە و توانج
ئەو شەقامەی لە وێنەكەدا دەیبینن، دووسایدی سەرەكی ناحیەی بازیانە، بە درێژایی شەقامەكە نەخۆشخانە و چەندین فەرمانگەی دیکەی لەسەرە، لە رادەبەدەر تاسە و چاڵ و چۆڵی تێدایە، تەواوی ئەو شۆفێرانەی بەو شەقامەدا هاتوچۆ دەکەن گلەییان لە خراپی رێگەکە هەیە و داوای چاککردنی دەکەن.
دووسایدی سەرەكی ناحیەی بازیان
داواکاریی گوندنشینانی قۆچەبڵاخ
گوندی قۆچەبڵاخ بەهۆی كەمیی خزمەتگوزارییەوە 20 ماڵی تێدا ماوە و گوندنشینان داوای خزمەتگوزاری دەکەن، بۆئەوەی گوندەکەیان زیاتر چۆڵ نەبێت.
بابان حەسەن دانیشتووی گوندی قۆچەبڵاخ بۆ كوردستانی نوێ وتی: گوندەكەمان زۆر بێ خزمەتگوزارییە شەقامی سەرەكی گوند دوو کیلۆمەتر نابێت تائێستا قیرتاو نەكراوە، سەرجەم کۆڵانەکانمان گڵە و داوای قیرتاوکردنیان دەکەین.
وتیشی: گوندەکەمان قوتابخانە و بنکەی تەندروستی نییە و داوای دروستکردنیان دەکەین، پرۆژەی ئاوی خوردنەوەمان نییە، دوو كانیمان هەیە، بەڵام ئاویان کەمە و بەشمان ناکات داوای لێدانی بیرێکی ئیرتیوازی دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەعاتەکانی کارەبای نیشتمانیمان کەمە و داوای زیادکردنی دەکەین، لەگەڵ دروستکردنی گۆڕەپانێکی تارتان.
گوندی قۆچەبڵاخ بەهۆی كەمیی خزمەتگوزارییەوە 20 ماڵی تێدا ماوە
گوندنشینانی داریكەلی داوای خزمەتگوزاریی دەکەن
گوندی داریكەلی 50 ماڵ زیاتری تێدایە و گوندنشینان داوای دابینکردنی خزمەتگوزاری دەکەن.
فەریق كەریم دانیشتووی گوندی داریكەلی بۆ كوردستانی نوێ وتی: کۆڵانەکانی ناو گوند هەمووی گڵە و شەقامی سەرەكی گوندەكەمان تا دەگاتە سەر شەقامی گشتیی بازیان - قەرەداغ تەنها چوار كیلۆمەترە، هەمووی تێکچووە و داوا دەکەین بۆمان قیرتاو بکەن، لە کاتێكدا گەشتیارێکی زۆر پیایدا هاتوچۆ دەکات بۆ مۆزەخانەکەی شێخ مەحمودی حەفید.
وتیشی: لە ماوەی رابردوودا بەڵێنی دروستکردنی هۆڵێکی بۆنەکانیان پێداین لەگەڵ ئەوەی زەویشی بۆ دابینکرا، بەڵام بۆیان جێبەجێ نەکردین، تۆڕی ئاوی گوندەکە زۆر کۆنە و پێویستی بە گۆڕینە، داوا لەلایەنی پەیوەندیدار دەکەین بۆمان چاک بکات، کارەبای نیشتمانی زۆر خراپە و داوای زیادکردنی سەعاتەکانی کارکردنی دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، قوتابخانەی گوند پێویستی بە تازەکردنەوە و چاککردنە، مزگەوتەکەمان زۆر بچووکە و پێویستی بە گەورەکردنە، لەگەڵ دروستکردنی گۆڕەپانێکی تارتان بۆ یاریکردنی گەنجان، هەروەها داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەکەین هاوکاریی جووتیاران بکات.
گوندی داریكەلی 50 ماڵ زیاتری تێدایە
خستنەڕووی کێشەکانی گەڕەکی خانەقا لە قەڵادزێ
گەڕەكی خانەقا لە قەڵادزێ 384 ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاتر لە 1600 كەسن.
قادر حەسەن موختاری گەڕەکەکە بۆ كوردستانی نوێ وتی: زۆربەی كۆڵانەكانی گەڕەکی خانەقا پێویستی بە قیرتاوکردنە، بینای قوتابخانەکەمان زۆر کۆنە و پێویستی بە چاککردن و تازەکردنەوەیە، لەگەڵ دروستکردنی گۆڕەپانێکی تارتان.
وتیشی: بۆری ئاوی خواردنەوەی كۆڵانی بن قەڵات، زۆر کۆنە و پێویستی بە گۆڕینە، داوا دەکەین بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی قەڵادزێ بە تەنگ داواکاریی جووتیارانەوە بێت و ئەو خزمەتگوزارییانەی بۆ جووتیاران دابین دەکرێت بەبێ جیاوازی دابەش بکرێت بەسەر هەموویاندا، لەبەرئەوەی جیاوازی دەکرێت داوا دەکەین لیژنەیەک لە وەزارەتەوە بنێردرێت بۆ دابەشکردنی پەیینی کیمیایی بەسەر جووتیاراندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتوانی قەڵادزێ گلەییان لە ئەدای ئیدارەی قەزاکە هەیە و پێمانوایە لە ئاستی پێویستدا نین.
گەڕەكی خانەقا لە قەڵادزێ
گوندی مەرگە وەک پێویست خزمەت نەکراوە
گوندی مەرگە زیاتر لە 100 ماڵی تێدایە، گوندنشینان داوای دابینکردنی خزمەتگوزاری دەکەن.
مەلا باست مەلا محەڕەم كەسایەتی گوند بۆ كوردستانی نوێ وتی: شەقامی سەرەكی نێوان بنگرد و مەرگە هەمووی خراپ بووە و لە زۆر شوێندا داچووە، پێویستی بەچاككردنە، داوای کۆنکرێت کردنی کۆڵانەکانی گوند دەکەین، یاریزانی زۆر باشمان هەیە و داوای دروستکردنی گۆڕەپانێكی تارتان دەکەین.
وتیشی: كارەبای نیشتمانیمان باش نییە و داوای زیادکردنی سەعاتەکانی دەکەین، داوا دەکەین پۆلی 12 لە قوتابخانەکەمان بکرێتەوە و پێداویستی تەواوی بۆ دابین بکرێت، شەقامی زینوی مەرگە زۆر خراپ بووە و بڕیار بوو چاک بکرێت، بەڵام بۆمان نەکراوە، هەروەها دەوروبەری مەرقەدی پیرۆتەسووری مەرگە پێویستی بە چاککردنە.
ئاماژەی بەوەشکرد، مزگەوتی گوند پێویستی بە چاککرن و تازەکردنەوەیە لەگەڵ دابینکردنی ئامێری ساردکەرەوە و گەرم کەرەوە تیایدا، هەروەها داوا لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی بنگرد و رانیە دەکەین هاوکاریی جووتیاران بکەن.
گوندنشینانی مەرگە داوای دابینکردنی خزمەتگوزاری دەکەن