كێشەی كەمیی غاز لەساڵی 2021ەوە لە قەزای سەیدسادق هەیە و قائیمقامیش دەڵێت: بڕی پێویستمان بۆ دابین ناكرێت.
رێباز غەریب خەڵكی قەزاكەیە، نیگەرانیی زۆری لە دەستنەكەوتنی غاز لە سنوورەكەیاندا دەربڕی و وتی: غازمان لە كەرتی تایبەت دەستدەكەوێت، بەڵام زۆر گرانە. عادل حەمەخانیش كە بریكارێكی دابەشكردنی غازی ماڵانە پێیڕاگەیاندین: كێشەكە چوار ساڵە سەریهەڵداوە و ناتوانین بە ئاسانی غاز بۆ كڕیارەكانمان دابین بكەین، كاتێك تەلەفۆنمان بۆ دەكەن پێیان دەڵێن بچن لە بەنزینخانەكان و لە غازفرۆشەكانی بكڕن، كە نرخەكەی گرانترە.
هەر لەو بارەیەوە، رەزا محەمەد قائیمقامی سەیدسادق بە كوردستانی نوێ-ی وت: قەزاكەمان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 350 تۆن غاز هەیە، بەڵام 60 تۆن غاز دابیندەكرێت، ئەوەش هۆكاری سەرەكیی دەستنەكەوتنی غازە لای كارگە و بریكارەكان.
محەمەد عەبدولڕەحمان