بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ كوردسات نیوز، قسەی لەسەر بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی و پەیوەندیی لەگەڵ لایەنەكان، دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی، پێشهاتەكان لە سوریا و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، گۆڕانكارییەكانی جیهان و بڕیارەكانی ترەمپ، کرد و راشكاوانەش وەڵامی چەندین پرسیاری دایەوە.
بەبێ ئۆكەی یەكێتی، حكومەت دروست نابێت
دركمان بە مەترسییەكان كردووە و ناوچەكە لەبەردەم گۆڕانكاریی گەورەدایە، ئێمە پێمانوایە كە بەیەكڕیزی و یەكدەنگی نەبێت، ناتوانین بەرگەی گۆڕانكارییەكان بگرین
خاڵە باشەكانی هەژماری من و تەوتین وەردەگرین وشتێك دروست دەكەین بۆ خزمەتی خەڵك
لە سەرەتای دیدارەكەدا، كە شەوی رابردوو پەخشکرا، سەرۆك بافڵ، جگەلەوەی وەڵامی چەند پرسیارێكی خێزانی و پەیوەست بە ستایلی ژیان و ژیانی تایبەتی خۆی دایەوە و رایگەیاند: سەرۆك مام جەلال بەجۆرێک پەروەردەی كردووین كە خۆمان پێبگەیەنین و ئاماژەی بەوەشدا پەیوەندییەكان لەگەڵ حزبەكانی تری كوردستان لە ئاستێكی باشدایە و بەبێ ئۆكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-یش حكومەت دروست نابێت.
دەمانەوێت خزمەتی زیاتر پێشكەش بە پێكهاتەكانی شاری كەركوك بكرێت
توانیمان پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دابنێین
لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی، ئەوەی خستەڕوو كە یەكێتی لە قۆناغی ئێستادا هەمیشە بەرەو بەرزتر و بەرزتر هەنگاودەنێت. سەبارەت بە سیاسەتكردنیش، وتی: قەناعەتم بەوە نییە سیاسەت بە جۆرە كلاسیكییەكە بكەم. سەبارەت بە توندبوونیشی هەندێك كات، ئاشكرایكرد كە ئێمە لە كوردستاندا دەژین و دەوروبەرێكی سەختمان هەیە، بۆیە ئەگەر وانەبین دەخورێین، وتیشی: یەكێتی لەساڵێك پێش ئێستا باشترە و ساڵێكی تریش لە ئێستا باشتر دەبێت، دەمێكە یەكێتی ئاوا یەكدەنگ نەبووە، خاوەن یەك هێزە، بەرنامەمان هەیە بۆ نوێكردنەوە و گەنجكردنی یەكێتی و كار بۆ باشتركردنی یەكێتی دەكەین لە هەڵبژاردندا، ئێمە توانیمان ببینە گەورەترین هێز، توانیمان پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دابنێین، سەرەڕای بەرهەڵستیی هەندێك وڵاتی گەورە، ئێمە لەناو یەكێتی، شتەكان بە پلان و بە ستراتیژ و بە سیاسەت دەكەین.
سەبارەت بە رۆڵی پێشتری وەك سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆر، ئاماژەی بەوەدا كە ئەو هێزە چەند جەنگی كردووە كە بەرهەمەكەی دیارە و لەهەمان كاتیشدا هەندێكیان دیارنین، چونكە لەڕووی ئەمنییەوە باشترە باس نەكرێن.
پێگە و پەیوەندییەكانیشمان لەگەڵ بەغدا و لایەنەكانی ئەوێ زۆرباشە
سەبارەت بەسەرۆكایەتیكردنی یەكێتی، وتی: پێشتر نیازم نەبووە ببم بە سەرۆك و پێیانوتووم؛ نەمكردووە، بەڵام پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتی وایكرد لەكۆتاییدا قبووڵی بكەم ببمە سەرۆكی یەكێتی.
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە مامەڵەكردنی لەگەڵ هەندێك كەس، بەتایبەتی هاوسەرۆكی جارانی یەكێتی، رایگەیاند: ئەو كەسانە خراپن و هی ئەوە نین كاتی خۆمان بەفیڕۆبدەین لەگەڵیان، وتیشی: ئەوەی لەدواوە خەنجەر لە ئێمە بدات، هی ئەوە نییە لێی ببورین. سەبارەت بە دەنگۆكانی كۆبوونەوەش لەگەڵی، وتی: ئێمە هیچ كۆبوونەوەیەكمان نەبووە لەگەڵ هاوسەرۆكی جارانی یەكێتی.
پەیوەندیی یەكێتی لەگەڵ حزبەكانی كوردستان
هەر سەبارەت بەپەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ حزبەكانی تری كوردستاندا، بەتایبەتی لەگەڵ ئیسلامییەكاندا، سەرۆك بافڵ باسی لەوەكرد كە پەیوەندییەكان لەئاستێكی باشدان، حزبە ئیسلامییەكان ئۆپۆزسیۆنێكی بەڕێزن و سیاسەتی خۆیانیان هەیە. راشیگەیاند: ئێمە پشتیوانی لە سكرتێری حزبی سۆسیالیستی كوردستان دەكەین و لە هەر قۆناغێك پێویستی بە یەكێتی بێت ئێمە هاوكاری دەبین، هەرچی بزوتنەوەی گۆڕان-یشە، ئیشی ئێمە نییە لەگەڵ لایەنێكیان بین و دژی لایەنێكی تریان و لەگەڵ هەردوولاش دانیشتووین و ئەوەی ئێمە بیڵێین تەنها بۆ هێمنكردنەوەی وەزعەكەیانە، وتیشی: هەرچۆنێك بێت بیرمان نەچێت گۆڕان بوو كوردستانی تێكدا، هۆكاریش بوو بۆ تێكدانی باڵانسی هێز و زۆریش قورسە ببنەوە بە گۆڕانێكی بەهێز بەهۆی نەبوونی پرەنسیپ و کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفای رێكخەری پێشووی گۆڕان. سەبارەت بە سەرۆكی نەوەی نوێش، وتی: سەرۆكی نەوەی نوێ هیچی پێناكرێت و لە بەرپرسیارێتی دەترسێت، لە هەموو هەڵبژاردنێك قۆڵی خەڵك دەبڕێت، لەسەر تەلەفزیۆن قسە دەكات و لەكاتی پێكهێنانی حكومەتیش خۆی دەشارێتەوە، وتیشی: چارەنووسی نەوەی نوێ وەك گۆڕان دەبێت و چەند ساڵێكی تر وەك ئێستا نامێنێت و وڵاتەكەشمان پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنێكی جددییە. تایبەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی-ش، وتی: هیچ پەیوەندییم نییە لەگەڵ كاك مەسعود، بەڵام لەگەڵ كاك نێچیرڤان و كاك مەسرور پەیوەندییەكم هەیە.
بۆ پرسی سیاسی و ئەمنی، سەردانی ئەمریكا دەكەم
لە درێژەی قسەكانیدا، سەرۆك بافڵ، رایگەیاند: لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ كاك مەسرور، لێكتێگەیشتن هەبووە، چونكە هەردوولامان دركمان بە مەترسییەكان كردووە و ناوچەكە لەبەردەم گۆڕانكاریی گەورەدایە، ئێمە، هەردوولامان پێمانوایە كە بەیەكڕیزی و یەكدەنگی نەبێت، ناتوانین بەرگەی گۆڕانكارییەكان بگرین، ئێمە لەگەڵ پارتی لەسەر چەند پرەنسیپێكی حوكمڕانی نزیكبووینەتەوە، بەڵام نەگەیشتووینەتە ئەوەی كام وەزارەت بۆ كێ دەبێت و بۆ كێ نابێت، دەبێت ئێمە جارێ بناغەی حوكمڕانییەكە بەهێز بكەین، ئینجا بێینە سەر وەزارەتەكان، راستە ئێمە لەگەڵ پارتی دوو حزبی جیاوازین، بەڵام هەوڵدەدەین خاڵە ناكۆكەكان كەمبكەینەوە بۆ ئەوەی بگەینە رێككەوتن، زۆر بابەتمان باس كردووە بۆ باشكردنی ئەمنیەت و ئابووریی خەڵك و هێنانی وەربەرهێنەران و پڕۆژەكان بۆ كوردستان. وتیشی: لەكۆبوونەوەكاندا ئەمریكییەكان پێمان دەڵێن ئێوە ببن بە یەك، منیش پێم وتوون كاتێك ئێوە توانیتان كۆمارییەكان و دیموكراتەكان بكەن بەیەك، ئەوا ئێمەش دەتوانین، من رام وایە بوونی جیاوازیی؛ ئاساییە، ئێمە لەناوخۆی كوردستان ناكۆكیش بین، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە دەرەوەی كوردستان و لە بەغدا یەكدەنگ و یەكڕیز بین و وتیشی: «مانگی داهاتوو بۆ پرسی سیاسی و ئەمنی، سەردانی ئەمریكا دەكەم».
دەمانەوێت پێكهاتەكان بتوانن خۆیان نوێنەرانیان هەڵبژێرن، نەك سەر بە حزبی تر بن
خاڵە باشەكانی هەژماری من و تەوتین
لەبارەی «هەژماری من»، سەرۆك بافڵ، وتی: كاك مەسرور تیمەكەی خۆی نارد و منیش تیمی خۆم نارد و دوای گفتوگۆی باش چەند خاڵێكمان دۆزییەوە و هەردوولا پێمان باش بوو بەجۆرێك خاڵە باشەكانی هەژماری من و تەوتین وەردەگرین و شتێك دروست دەكەین بۆ خزمەتی خەڵك.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سەرۆك بافڵ، ئەوەی خستەڕوو كە پێكهاتەكانی كوردستان جێگەی بایەخی ئێمەن و هیچ جیاوازیی ناكەین لەنێوانیاندا، دەمانەوێت پێكهاتەكان بتوانن خۆیان نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن، نەك سەر بە حزبی تر بن. لەبارەی کەرکوکیشەوە وتی: من دەمەوێت خزمەتی زیاتر پێشكەش بە پێكهاتەكانی شاری كەركوك بكرێت.
سەبارەت بە گرنگیی بەغدا بۆ سیاسەت، سەرۆك بافڵ، دووپاتیكردەوە كە بەغدا پایتەختە و بڕیارەكان لە بەغداوە دەدرێن، بۆیە مەكتەبی سیاسیمان لەوێ كردووەتەوە و پێگە و پەیوەندییەكانیشمان لەگەڵ بەغدا و لایەنەكانی ئەوێ زۆرباشە، بە نموونە چەندجارێك كێشەی مووچە دروستبووە، كاك قوباد كاریكردووە بۆ چارەسەركردنی، جگەلەوەش توانیومانە یاسای هەڵبژاردنەكان هەمواربكەینەوە.
ئاساییە لەناوخۆی كوردستان ناكۆك بین، گرنگ ئەوەیە لە دەرەوەی كوردستان و لە بەغدا یەكدەنگ و یەكڕیز بین