دیوی دووه‌می ژیانی لا‌مین یامال

11:26 - 2025-05-06
وەرزش
24 جار خوێندراوەتەوە

ئاماده‌كردنی هه‌وراز كاوه‌


(1)
تەنیا لەماوەی یەک ساڵدا، لامین یامال، تەمەنی هەرزەکاری خۆی بەشێوەیەکی جیاواز لە هەموو یاریزانه‌كانی تری تۆپی پێ بەسەربرد. ئەو بەهرەمەندێکی ناوازەیە لە یاریگادا، بەڵام ژیانێکی پڕ لە گێژاوی لەدەرەوەی یاریگادا هەیە، یامال لە یارییەکەی بارسیلۆنا و ئینتەرمیلان، ئاستێکی ناوازەی پێشکەشکرد،‌ یارییەکەش3-3 كۆتاییهات. یاریزانە 17 ساڵانەکە، لە ئێستاوە بەراورد دەکرێت بە لیۆنێل مێسی ئەفسانەی تۆپی پێ، بەڵام ئەم بەراوردکردنه‌ گرنگ نییە، چونکە ئەگەر ئەمڕۆ ژیانی وەرزشیی کۆتایی بێت، ئەوا لە 99% ی یاریزانانی تۆپی پێی تری جیهان لە مێژوودا دەستکەوتی زیاتره‌.
  ئه‌و سه‌ره‌تا چانسی خۆی لە تیپی یەکەمی ‌بارسیلۆنای سه‌رده‌می چاڤیدا تاقیكرده‌وه‌، لە کاتێکدا بارسیلۆنا لە رووی دارایی و تەکنیکییەوە، کێشەی زۆری هەبوو. ئه‌و لەناو قەیرانه‌كاندا وەک رووناکییەکی دەگمەن دەرکەوت، بەراورد دەکرێت بە دەرچووە دیارەکانی تیپی لاماسیا، تەنانەت پێدەچێت ئەم نەوەیە رکابەری نەوەی زێڕینی گواردیۆلا بکات، بۆیه‌ لیرە‌دا چوار لایه‌نی گرنگی ژیانی ئه‌و گەنم رەنگە بڵاوده‌كه‌ینه‌وه؛

مانەوەی لە بارسیلۆنا
چاڤی ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە قایلکردنی یامال بۆ مانەوەی له‌ كه‌ته‌لۆنیا، چونکە پاریس سانجێرمان هەوڵیدا لە تەمەنی 15 ساڵیدا بیڕفێنێت. به‌و هۆیه‌وه‌ چاڤی بەڵێنی کاتی زۆری یاریكردنی له‌ تیپی یه‌كه‌مدا پێدا. مانگی نیسانی ساڵی 2023 بووبە بچووکترین یاریزان، کە یەکەم یاری خۆی بۆ تیپی یەکەم بکات کە لە تەمەنی 15 ساڵ و 9 مانگ و 16 ڕۆژدا بوو. دواتر گرێبەستێکی پیشەگەرانەی پێشكه‌شكرا، کە بڕی پارەی ئازادکردنه‌كه‌ی یەک ملیار یۆرۆیه‌، هه‌روه‌ها لاپۆرتای سه‌رۆكی یانه‌كه‌، لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند، ئۆفەری 200 ملیۆن یۆرۆمان بۆ یەمال رەتکردەوە، چونكه‌ متمانەمان پێی هەیە و بیر لە فرۆشتنی ناکەینەوە. سەرەڕای تەمەنی کەمی، بەڵام بووەتە ئایکۆنێکی تۆپی پێ‌، ئه‌وه‌ش وایكرد، ساڵی 2024 زۆرترین سێرج بۆ ناوه‌كه‌ی لە ئیسپانیادا بكرێت‌ و دووەم وەرزشکار بوو لە بەریتانیا سێرچ بۆ ناوه‌كه‌ی كراوه‌. ئه‌و یەکەم وەرزی خۆی تەنیا بە 7 دەقیقە یارییکردن بەرامبەر ڕیاڵ بیتیس دەستیپێکرد، بەڵام وەرزی دواتر بوو بە یاریزانێکی سەرەکی و سەرنجی هه‌مووانی بۆلای خۆی لەناو یاریگا و لەدەرەوەی یاریگا راكێشایه‌وه‌.

وێستگەیەکی تر
لامین ساڵی 2007 لە باوکێکی مەغریبی بە ناوی مونیر نەسراوی و دایکێکی ئیسپانی بەناوی شیلا ئیبانا لەدایک بووە، لە شارۆچکەی ماتارۆ گەورە بووە. یۆرۆی 2024 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئاهەنگی بردنەوەی پاڵەوانێتییەکەی گێڕا، لە کاتێکدا باوکی پاڵپشتێکی بەردەوامی بوو بۆ گه‌یشتن به‌ خه‌ونه‌وكانی، بەڵام دوای پاڵەوانێتییەکە و ڕۆژێك لە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلەکه‌یان، هێرش کرایه‌ سه‌ر باوکی و چەندین چەقۆی لێدرا و لە دۆخێکی ناجێگیردا گەیەندرایە نەخۆشخانە، دواتر باری تەندروستی جێگیر بوەوه‌‌، پاشان له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ چوار کەس دەستگیرکران، ڕووداوەکەش وەک شۆکێک بۆ خێزانەکەی یامال سه‌یركرا، بەوەی كه‌ ژیانیان له‌ مه‌ترسیدایه‌.

بابەتە پەیوەندیدارەکان