سلێمانی میوانداریی دیداری بازرگانیی توركیا و عیراق دەكات و سەرۆكی ژووری بازرگانی-یش دەڵێت: بەمەبەستی سەرنج راكێشانی وەبەرهێنەرانی توركیایە بۆ شاری سلێمانی.
دوێنێ بە بەشداریی زیاتر لە 25 كۆمپانیای توركیا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك بازرگان و كەسایەتیی ناوخۆیی و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، دیداری بازرگانیی توركیا و عیراق لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
لەوبارەیەوە نەوزاد غەفور سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دیدارەكە بە هاوكاریی ژووری بازرگانیی سلێمانی و بەسەرپەرشتی دامەزراوەیەكی توركی رێكخرا و 25 كۆمپانیا و چەندین بازرگانی توركیا و سەرمایەدار و بازرگان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و عیراقەوە بەشدارییان تێدا كرد، وتیشی: دیدارەكە بەمەبەستی زیاتر ئاڵوگۆڕی بازرگانییە و ئێمە لە ژووری بازرگانیی سلێمانی داوامان لە وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی توركیا كرد وەبەرهێنانی زیاتر بكەن لە شاری سلێمانی لە بوارەكانی (پیشەسازی، كشتوكاڵ، گەشتیاری و وزەی پاك) دا.
هەروەها ئاماژەی بەوەكرد، هیوادارن ئەو دیدارە ببێتەهۆی كردنەوەی دەروازەیەك بۆ نەمانی ئەو ساردییەی لەنێوان سلێمانی و توركیادا هەیە، كە بەهۆی داخستنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دروستبووە. وتیشی: هیوادارین ئەو دیدارە دەرفەتێك بێت بۆئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتربكات و ئەو ئاڵوگۆڕەش ببێتەهۆی ئەوەی حكومەتی توركیا بەو بڕیارەدا بچێتەوە و لە ماوەیەكی زوودا كاربكرێت بۆ لابردنی گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.
دووپاتیشیكردەوە، ئەو دیدارە بۆ سەرنج راكێشانی وەبەرهێنەرانی توركیایە بۆ شاری سلێمانی و هاتنی ئەو كۆمپانیا و بازرگانە توركیانەش لەم كاتەدا دەرخەری ئەو راستییەیە، كە توركیا گرنگی بە سلێمانی دەدات. راشیگەیاند: ساڵانە بە بەهای 25 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان عیراق و توركیادا هەیە و لەو قەبارەی بازرگانییە بە بەهای 8 بۆ 10 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیادایە.
كوردستانی نوێ- هیوا كازم