ئەرمەنەكانی هەولێر بوونەتە بەشێك لە مێژووی شارەكە

11:07 - 2025-05-28
دووتوێ
25 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رەوەست نەوزاد


ئەرمەنەكان كە لەسەر ئایینی مەسیحین، بەشێكبوون لە دانیشتوانە رەسەنەكەی گەڕەكی دێرینی (عەرەب) لە شاری هەولێر، كە چەندین خانەوادە و كەسایەتی بەناوبانگیان تێدا هەڵكەوتبوو، بەوتەی كەسایەتییەكانی هەولێر و گەڕەكی عەرەبان، كە گەڕەكێكی فرەنەتەوە و ئایینی بووە، پیشەی زۆربەی ئەرمەنەكان بەرگدروون بووە و بەشێكی زۆر لە خەڵكی شارەكەش، بۆ دوورینی جلوبەرگ سەردانیان دەكردن.
نووسەر و رۆژنامەنووس مومتاز حەیدەری كە لە رابردوودا لەگەڵ خانەوادەكەی دانیشتووی گەڕەكەكە بووە، باسی هاووڵاتییە ئەرمەنەكانی ئەو كاتانە دەكات و بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دێتەوە یادم، ساڵانی چلەكانی سەدەی رابردوو، لە نزیك بینای قائیمقامییەتی ئێستای هەولێر، ژمارەیەك خانووی نوێ دروستكرابوون، كە خەڵكی كریستیانی لێ دەژیا، ئەوانیش لە ئاشوری و سریانی و ئەرمەن پێكهاتبوون.
وتیشی: یەكەم رۆشنبیری ئەرمەنیی شارەكە كە هاتە ناو جوڵانەوەی نیشتمانیی كوردایەتی لەشاری هەولێر، لەسەردەستی كۆچكردوو ساڵح حەیدەری برام بوو، ئەویش (ئەواكیم ئەواكیمیان) بوو، دواتر بەرەو یەكێتی سۆڤییەتی جاران كۆچی كرد، تا ناوەڕاستی ساڵانی شەستەكانیش لەژیاندا مابوو.
ئاماژەی بەوەشكرد: (ئەواكیم)ی ئەرمەنی زۆر سەرسام بووە بەدەنگی هونەرمەند رەسول گەردی، لەنێوان ساڵانی 1967 - 1969  كاتێك كۆچكردوو عەزیز محەمەد سیاسەتمەدار و سكرتێری پێشووتری حزبی شیوعی عیراق، لەگەشتێکیدا بۆ مۆسكۆی پایتەختی سۆڤییەتی، سەردانی (ئەواكیم) دەكات و كاسێتێكی هونەرمەند رەسوڵ گەردی بۆ دەبات، بۆیە ئەویش شەوێك عەزیز محەمەد داوەت دەكات لەكاتی داوەتەكە، گوێ لە گۆرانییەكانی ئەو هونەرمەندە دەگرێت، (ئەواكیم) هەربەخۆشی گۆرانییەكانی رەسول گەردی رێژەیەكی زۆر مەی دەخواتەوە و بەهۆیەوە هەر ئەو شەوە گیان لەدەستدەدات، بۆیە لەوێدا دەیانوت رەسول گەردی ئەواكیم - ی كوشت !!.
عومەر فەرهادی رۆژنامەنووسێكی دێرینی هەولێرە، وەك خۆی دەڵێت: بیرەوەریی لەگەڵ هاووڵاتییە ئەرمەنییەكانی شاری هەولێر هەیە و ساڵی 1958 بە پلەی رووپێووی ئاو و كارەبا دامەزرام، بەتایبەتی كاتێك رووپێووی خانووەكانی گەڕەكی عەرەبانم وەرگرت، ئەوكات چەند ماڵێكی ئەرمەنی لێبوو بەكرێ لەوێ نیشتەجێببوون، ئەوانیش خەڵكێكی رۆشنبیر و پاك و خاوێن و شارستانی و رێكپۆش بوون، زۆربەشیان كۆتا پیتی ناویان (ان)ی بەدوادادەهات وەكو (ئاكوبیان، میناسیان، ئەواكیمیان)، وەك ئاماژەی بۆ دەكەن، بەشێكی زۆری ئەرمەنییەكانی نیشتەجێی عیراق و هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر لەدوای رووداوەكانی كۆمەڵكوژی كردنیان كۆچیان كردووە.
 بۆئەمەش عومەر فەرهادی دەڵێت: هەندێك لەو ئەرمەنییانە چوونە شاری بەغدا و هەندێكی تریان هاتنە شاری هەولێر، یەكێك لەوانە ماڵێكی ئەرمەنی بوو كە ژنێك و كوڕێكی بچووك، لە هەولێر دەچنە لای مەلا ئەفەندی كەسایەتی ئایینی شارەكە و پێی دەڵێن ئێمە ئەرمەنین، ئەویش دەڵێت ئەگەر ببن بە موسڵمان هەر لە ماڵەكەم كار بكەن، ئەوە بوو بەداواكارییەكە رازی دەبن و ژنەكە خۆی و كوڕەكەی دەبنە موسڵمان.

 

بەشێكی زۆری ئەرمەنییەكانی نیشتەجێی عیراق و هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر لەدوای رووداوەكانی كۆمەڵكوژی كردنیان كۆچیان كردووە

باسی لەوەشكرد: ئەو ژنەی بوو بە موسڵمان ناوی كوڕەكەی بۆ هیدایەت دەگۆڕێت، پاشان ئەو كوڕە هاوسەرگیری دەكات و كوڕێكی دەبێت و ناوی دەنێت (جەمال)، كە دواتر دەبێتە مامۆستایەكی ناودار و میوزیك ژنێكی بەتوانای شارەكە كە ئەویش (جەمال هیدایەت) بوو، كە لەچەند ساڵی رابردوو لە هەولێر كۆچی دوایی دەكات.
هەر لەبارەی چیڕۆكی ئەرمەنەكان لە هەولێر دكتۆر (ئاگوب نیشان میناسیان) وەك پزیشێكی چارەسەری نەخۆشی منداڵان كەسێكی بەناوبانگ بوو، لەبارەی ئەو پزیشكە عوسمان هۆرمزیاری شاعیر، باس لەو دكتۆرە دەكات و دەڵێت: دكتۆر (ئاگوب) دەستی شیفا بوو بۆ منداڵە نەخۆشەكان، هەركاتێك منداڵێكی نەخۆش دەستی چارەسەری ئەو دكتۆرەی پێبگەیشتبا چارەسەری دەكرد.
هۆرمزیاری شاعیر باسی زیاتری چیرۆكی ئەو پزیشكە ئەرمەنییە دەكات و دەڵێت: ماڵی دكتۆر (ئاگوب) دوای هاتنیان بۆ عیراق لەساڵی 1956، هەر لەبەغدا كۆلێژی پزیشكی تەواو دەكات و ساڵی 1959 بۆ شاری هەولێر دەگوازرێتەوە، بەڵام ماوەیەك لەو شارە نامێنێت و ساڵی 1967 دووبارە بۆ هەولێر دەگوازرێتەوە و تا ناوەڕاستی ساڵی هەشتاكان لەشاری هەولێر دەمێنێتەوە.
هۆرمزیار باس لەوەشدەكات: ئەو دكتۆرە ئەرمەنە پیاوێك بوو هەتا بڵێی بەویقار و بەڕێز و رەوشت بەرز و سەنگین بوو، كە لەلای ئەو مرۆڤایەتی لەپێش هەموو شتێك بوو، بەهیچ شێوەیەك ئامادەنەبوو بازرگانی بە نەخۆشەوە بكات.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان