ئا: كوردستانی نوێ، هەولێر
ئاشنا عومەر حەمە نووسەر و مامۆستای زانكۆ بەشی میوزیك رایدەگەیەنێت، ئەوەی بۆ ئەمڕۆی هونەری كوردی، پێویستە كار لەسەر گۆڕانی چێژ بكەین، لەو بارەیەوە كتێبێك بەناونیشانی (رەهەندەكانی گۆڕانی چێژی ئێستاتیكی لە گۆرانی هاوچەرخی كوردیدا) ئامادە دەكات و لە داهاتوودا بڵاوی دەكاتەوە.
نووسەر لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەم كتێبە، لە بنەڕەتدا توێژینەوەیەكی زانستییە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر ئەنجامدراوە، بەرهەمی ساڵانێك لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی وردە، هەوڵێكە بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەك لە زانستەكانی موزیك.
وتیشی: ئامانجی سەرەكی ئەم كارە، دۆزینەوە و تۆماركردنی ئەو گۆڕانكارییە هونەرییانەیە، كە رەنگدانەوەی گۆڕانە كۆمەڵایەتی و كەلتورییەكانی كۆمەڵگەی كوردین. هاوكات هاندانی بیركردنەوەی رەخنەگرانە و ئیلهام بەخشینە، بۆ توێژینەوەی زیاتر لەم بوارەدا.
راشیگەیاند: هیوادارین ئەم كتێبە ببێتە سەرچاوەیەكی بەسوود بۆ فێرخوازان، توێژەران و هەموو ئەوانەی حەز لە فێربوون دەكەن. بەو ئامانجەی ئەم كارە ببێتە هەنگاوێك بۆ پێشەوە لە گەشتی بێ كۆتایی زانست و مەعریفەدا.
ئاماژەی بەوەشكرد: هەر لەڕێگەی ئەم كتێبەوە خوێنەر دەتوانێت بە وردی بەو گۆڕانكارییە هونەرییانە ئاشنا بێت كە لە دوو دەیەی رابردوودا لە موزیك و گۆرانی كوردیدا روویان داوە. بەو پێیەی توێژینەوەكە بەشێوەیەكی زانستی و رەخنەگرانە، چۆنییەتی گۆڕانی پێوەرەكانی جوانناسی لە موزیك و گۆرانی كوردیدا شیدەكاتەوە. هەروەها، كاریگەریی فاكتەرە كۆمەڵایەتی، كەلتوری، سیاسی و تەكنەلۆژییەكان لەسەر ئەم گۆڕانكارییانە بە داتا دەخاتەڕوو. لەبارەی هۆكاری هەڵبژاردنی ناونیشانەكە وتی: لەو ناونیشانە ئامانجم بوو كە بابەتێكی نوێ هەڵبژێرم كە تا ئێستا كاری لەسەر نەكرابێت، دواتر بیرم كردەوە كە خۆم لەناو واقعی كۆمەڵگەدا دەژیم دەبێت شتێك هەڵبژێرم كە گوزارشت لە ژیانی ئێستای كۆمەڵگەی كوردی بكات، دوای بەڕاوێژ لەگەڵ سەرپەرشتییارەكانم، گەشتینە ئەو بڕوایەی بۆ ئەمڕۆی هونەری كوردی پێویستە كار لەسەر گۆڕانی چێژ بكەین.
لەبارەی ئاستی خوێنەری كتێب لەم سەردەمەدا وتی: كتێبی باش و پڕ زانیاری بتەوێت یان نا، خوێنەری تایبەت بەخۆی هەیە، بەتایبەتی لە بواری هونەردا، تایبەت تر موزیك و گۆرانی، لە ناوەندەكانی موزیك زۆر پێویستە، چونكە كورد سەرچاوەی كەمی هەیە بە زمانی كوردی.
ئاشنا عومەر پێشیوایە: ئەوەی زۆر گرنگە لێرەدا، توانیم بە زمانێكی جوان و پاراوی كوردی توێژینەوەكەم بنووسم، ئێمەومانان دەزانین، سەرچاوەی زمانی كوردی چەندە گرنگە بۆ كۆمەڵگە، ئەمە بەشێكە لەوەی كە خوێنەری زۆر بێت، بەتایبەتی لە ناوەندەكانی خوێندنی هونەری، چونكە پڕ زانیارییە و خوێنەر بە ئاسانی دەتوانێت لێی تێبگات.