قەهار شێخانی: شیعر گێڕانەوەی چیرۆكی خۆشەویستییە لەتابلۆی وشەدا

11:12 - 2025-05-28
دووتوێ
379 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كوردستانی نوێ، هەولێر


قەهار شێخانی نوسەر و شاعیر هەر لە منداڵییەوە خولییای نووسینی شیعری هەیە و مێژووی نووسینی یەكەم كۆپڵە شیعری بۆ 30 ساڵ بەر لە ئێستا و سەرەتای نەوەدەكان دەگەڕێتەوە، لەدیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، تیشكی زیاتر دەخاتە سەر بەرهەمەكانی و خوێندنەوەی خۆی بۆ شیعر و رایدەگەیەنێت: لە ساڵی نەوەدەكانەوە دەستم بە نووسینی شیعر كردووە، دەتوانم بڵێم یەكەم شیعرم بەناوی (عەشقێكی ناكام)ەوە نووسی كە هەست دەكەم هۆكاری نووسینەكەی هەر كەف و كوڵ و هەستێكی هەرزەكارانە بووبێت، یەكەم شیعریشم كە بڵاوبووبێتەوە شیعرێكی منداڵانە بوو.
هەرلەبارەی شیعر نووسینەوە دەڵێت: راستە شاعیر شیعر بۆ خۆی دەنووسێت، بەڵام لەهەمانكاتدا خەمی دەورووبەریش دەنووسێتەوە، كە شاعیر بەدنیا بینی خۆی لەژیان دەڕوانی، بۆیە بەلای منەوە شیعر گێڕانەوەی چیرۆكی خۆشەویستییە لە تابلۆی وشەدا، هەروەك گەڕانە بەنێو دنیای خەیاڵدا، بۆ دۆزینەوەی مروارییەكانی خۆشنودی، هەرلەو روانگەیەوە هەوڵمداوە لەهەموو بوارەكانی ژیاندا شیعر بنووسم، رەنگە هەر ئەو هۆكارەش وایكردبێت تا ئێستا 11 شیعرم كرابێتە گۆرانی.
راشیگەیاند: من بەهەموو شیعرێكی جوان سەرسامم، ئینجا گرنگ نییە كێ نووسیویەتی، وەكو كاریگەریش، شاعیرانی كلاسیك كاریگەرییان بەسەرمەوە هەبووە، بێگومان لەشاری هەولێریش شاعیری زۆرباش هەن، كە ئەوانیش هەریەكەیان هێندەی جوانی و ناسكی شیعرەكانیان كاریگەرییان بەسەرمەوە هەبووە.
قەهار شێخانی لە خوێندنەوەی شیعردا ئەدایەكی تایبەت بەخۆی هەیە، لەو بارەیەوە وتی: ئەو كارەش هەر بەهرەیە، كە پێموایە شاعیر دەبێت هەوڵ بدات لەكاتی خوێندنەوەی شیعردا بە جوانترین شێوە ئەدای بكات، كە سوپاس بۆ خودا ئەو بەهرەیەی پێداوم، ئەوەش لە گوێگرەكانم بیستوومە كە وتویانە دەنگ و ئەدات بۆ خوێندنەوەی شیعر گونجاوە.
شێخانی جگە لە نووسینی شیعر، خولیای زۆری بۆ كاری راگەیاندن هەیە و لەچەندین دەزگای میدیایی بینراو بیستراو نوسراو وەك ئامادەكار و پێشكەشكاری بەرنامە كاری كردووە. هەروەها لەبواری بەڕێوەبردنی كۆڕ و سیمینار و فێستیڤاڵەكانیشدا رۆڵی خۆی گێڕاوە، لەو بارەیەوە رایدەگەیەنێت: بۆ بەڕێوەبردنی كۆڕ و سمینار و فێستیڤاڵ، بەو پێیەی من پێشكەشكاری بەرنامەی چەندین دەزگای راگەیاندن بووم، رەنگە ئەو كارە بۆ من ئاسان تر بێت، بۆیە لە شاری هەولێر و شارەكانی تریش ناوەندە رۆشنبیری و كەلتوری و سەنتەر و رێكخراوەكان بەڕێوەبردنی ئەو چالاكییە ئەدەبی و رۆشنبیرانە بەمن دەسپێرن، ئەوەش بۆ من لەبواری راگەیاندندا ئەزموونێكی ترە، چونكە بەڕێوەبردنی ئەو چالاكییانە تایبەتمەندی خۆی هەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد: هەر لەو چوارچێوەیە ماوەی چەند مانگێكە ئەركی بەڕێوەبردنی كۆڕ و سمینارەكانی ساڵۆنی لاپەڕە 9 جێبەجێ دەكەم، كە هەفتانە لە ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رێکدەخرێت، منیش بەپێی دەرفەت و توانای خۆم لەخزمەتیاندام.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان