دانیشتووانی هەڵەبجە: خزمەتگوزاریی زیاترمان دەوێت و داواکارییەکانمان پشتگوێمەخەن

09:53 - 2025-07-14
ڕاپۆرت
46 جار خوێندراوەتەوە
ناو شاری هەڵەبجە

خزمەتکردنی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان داواکاریی سەرەکیی دانیشتووانی هەڵەبجەیە، لەبەرئەوە بە ئامانجی چارەسەرکردنیان کەموکوڕییەکان دەخەنەڕوو.
سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجەش دەڵێت: بە بڕی 19 ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزاریی و ستراتیژیی لە جێبەجێکردندایە، بەڵام بڕەکە کەمە بەراورد بە پرۆژە پێویستەکان بۆ شارەکە.
گرفت و داواکارییەکان
فریاد فەرید موختاری گەڕەکی دەروازەی شار لە هەڵەبجە بۆ کوردستانی نوێ وتی: گەڕەکی دەروازەی شار لە 10 کۆڵانی گەورە پێکهاتووە تەنیا دوو کۆڵانی قیرتاوکراوە و پێویستە سەرجەم کۆڵانەکانی قیرتاو بکرێن، ئەم گەڕەکە گەورەیە تەنیا یەک قوتابخانەی تێدابوو بە مەبەستی تازەکردنەوە تێکیاندا، بەڵام تائێستا هەر بە هەیکەلی ماوەتەوە و چاکیان نەکردووەتەوە، بەهۆیەوە ئاستەنگیی بۆ خوێندکارانی گەڕەکەکە دروست بووە.
وتیشی: دانیشتووان دوو جار داواکارییان پێشکەش بە شارەوانی کردووە بۆ سەوزکردنی گەڕەکەکەیان، بەڵام ئەنجامی نەبووە، داوا لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە و بەرپرسان دەکەین داواکارییەکانمان بۆ جێبەجێ بکەن.
حەمەی حاجی شەریف دانیشتووی هەڵەبجە بۆ کوردستانی نوێ وتی: لە رێگەی ( چاوگ و باوە کۆچەک) زەوییەکی تەختی پڕ لە سەوزایی پەرژین کراومان هەیە، تەنها ئەوەی ماوە دیزایینی بۆ بکرێت و ئاوی تایبەت بەخۆی بۆ رابکێشرێت، بۆ شوێنی حەوانەوە و کات بەسەربردنی خەڵکی هەڵەبجە، داواکارین لەلایەنی بەرپرس، جێبەجێی بکات.
وتیشی: سەرچاوەی ئاوی چاوگمان هەیە، بە درێژایی چوار وەرزی ساڵ، ئاوی لەبەر دەڕوات و کەشوهەوایەکی سازگاری هەیە، دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت و بکرێت بە شوێنی گەشتیاریی، بە جێبەجێکردنی هەلی کار بۆ گەنجانی ناوچەکە دەڕەخسێت و سیمایەکی جوانیش بە ناوچەکە دەبەخشێت.
پلان و پرۆژەکانی شارەوانی
سەبارەت بە گلەیی و داواکاریی هاووڵاتییان سەلام بیلال سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە، بە کوردستانی نوێی راگەیاند: هەڵەبجە پێویستی بە پرۆژەی خزمەتگوزاریی زۆر لەوە زیاترە کە بۆی کراوە، ئەویش بێگومان پارەی باشی دەوێت، بۆ ئێستا بڕی 19 ملیار دینارمان بۆ پرۆژە لە کاردایە.
وتیشی: لە بازگەی چوونەناو هەڵەبجەوە تا دەگاتە مۆنۆمێنتەکە لەوێشەوە بۆ عومەری خاوەر، دوو پرۆژەی خزمەتگوزارییمان هەیە و رەزامەندیمان بۆ وەرگرتوون، ئێستا 13 پرۆژەمان لە کارکردنی بەردەوامدایە.
سەبارەت بە پارکە گەورەکەی رێگەی باوەکۆچەک و چاوگ، ئاماژەی بەوەکرد: بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار بە نیازە ئەو پارکە گەورەیە بکات بە پرۆژەیەکی جوانی گەشتیاریی، هەروەها پرۆژەیەکی دیکەمان هەیە دەکەوێتە بەشی خۆرهەڵاتی هەڵەبجەوە، کە بەرەو سازان دەڕوات، بەو هیوایەین بتوانین لەمساڵدا قیرتاوی بکەین، ئەگەر کێشە و گرفتمان نەیەتە رێگە کارەکانمان هەنگاوی باشیان بڕیوە، بەڵام نەبوونی پارە هەمیشە گرفت لەبەردەم کارەکاندا دروست دەکات، بەڵێندەرەکان پێشینەکانیان دوادەکەوێت، بەڵام نەمانهێشتووە پرۆژەکانمان رابووەستێت.
هاوکات نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لە ماوەی رابردوودا ئیشی زۆرباشمان کردووە و لیژنەی بەدواداچوونیشمان هەیە کە بەردەوام کار لەسەر پرۆژەکان دەکەن.
وتیشی: بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی پرۆژەی باش بۆ دانیشتووانی هەڵەبجە و هەرگیز بێدەنگ نابین لە ئاست داواکاریی و مافەکانی هاووڵاتییاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان