وەردە رەشید
کاتێک ئاوڕ لە ئەدەبی کوردی دەدەینەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت گەورە زانایانی بواری ئەدەب، چەندە پەرۆشی پێکانی بایەخدان بە زمانی کوردی بوون، بۆ نموونە (نالی) مەزن، لە دێڕە شیعرێکدا دەڵێت:
کەس بەئەلفازم نەڵێ خۆ کوردیە، خۆ کردییە
هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالبی مەعنا دەکا
هەروەها (حاجی قادری کۆیی)یش وەک شۆڕەسوارێکی بواری ئەدەب، هەمیشە حەسرەتی لە پەراوێزخستن و بندەستەکردنی زمانی کوردی چەشتووە و هەوڵیداوە لەڕێی شیعرەوە نەتەوەکەمان لە گرنگی و بایەخی زمانی کوردی هۆشیار بکاتەوەو دەڵێت:
مەڵێن فەساحەتی کوردی بە زمانی فارسی ناگا،
بەلاغەتێکی وای هەیە هیچ زوبانێ نایگاتێ،
لەبێ تەعسوبی کوردانە، بێ ڕەواج و بەها.
هەڵبەت کاتێک لاپەڕەکانی ژیانی زانای گەورە (عەلائەدین سەجادی)هەڵدەدەینەوە، بەهەمان شێوەی شاعیرانی ناوبراو، ئەو ترسە لە لەناوچوونی زمانی کوردی لەبیری ئەویشدا هەست پێ دەکەین و ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، ئەم زانا بلیمەتەی بواری ئەدەب، تەنانەت رێژەی زۆربوونی خوێندەواری لەهاوسەردەمی ژیانیدا، دڵخۆشی ناکات، چونکە خەمێکی تر لە دڵیدا خۆی حەشارداوە، ئەویش هەوار هەڵدانی زمانی بیانییە لەنێو ماڵە کوردەکاندا و باڵادەستیی زمانی بیانییە بەسەر زمانی دایکدا (کوردی)، ئاخۆ ئەگەر بهاتبا و ئەم منەوەرانەی مێژوومان، ئەم دۆخەیان بەچاوی خۆیان دیتبا، چەندە بە ئاهو حەسرەت دەبوون، کە چۆن زمانی بیانی نەک هەر لەنێو ماڵەکاندا جێی بە زمانی کوردی لەق کردووە، تەنانەت بەجۆرێک تێکەڵ بە زمانەکەمان بووە، کە زۆرجار جیاکردنەوەی لەگەڵ زمانی دایک (کوردی) ئەستەمە؟! جا هەرباسی ئەوە ناکەم چۆن تابلۆی شوێنە گشتی و گەشتیارییەکان زمانی بیانی لەسەر دەنووسرێت، واتە دوورنییە زمانی کوردی لە خاوەن ماڵییەوە، ببێت بە بێگانە!
لەکاتی نووسینی ئەم وتارەدا، چیرۆکێکم وەبیرهاتەوە، چەند ساڵێک لەمەوبەر بۆ کارێک، رێم کەوتە فەرمانگەی رەگەزنامە، لەوێ چاوم بە خانمێک کەوت کە لە وڵاتی (هۆڵەندا) گەڕابۆوە بە مەبەستی دەرکردنی کارتی نیشتمانی بۆ کوڕەکەی، هاتبوو بۆ فەرمانگەی ناوبراو، بەڵام دیاربوو رێوشوێنەکانی راییکردنی مامەڵەکەی نەدەزانی، چونکە تاراوگەنشین بوو، بۆیە پرسیاری لە من کرد، بەداخەوە لەمیانەی گفتوگۆکەماندا، خانمەکە پێی وتم، کوڕەکەی من تەنانەت یەک وشەی کوردی نازانێت، هەر لە منداڵییەوە فێری زمانی هۆڵەندی بووە و فێری زمانی کوردیم نەکردووە!