ناوەندی کوردیی توێژەری ئەمریکی د. ڤێرای سەعید پوور

03:43 - 2025-07-17
ئەدەب و هونەر
122 جار خوێندراوەتەوە

ڤێرا ماریۆن بیودین سەعید پوور (1930 - 2010 )توێژەر و شارەزای ئەمریکی لە بواری کەلتور و سیاسەتی کورد دا، دانیشتووی شاری نیویۆرکی ئەمریکا، ساڵی 1976 بە رێکەوتێکی سەیر گەنجێکی کۆچبەری کوردی خەڵکی شاری سنە دەناسێت، بە ناوی هومایۆن سەعیدپوور و هاوسەرگیریی دەکەن و ماوەی پێنج ساڵ پێکەوە دەبن، بەڵام هومایۆن بە نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن کۆچی دوایی دەکات. 
لەم کۆستە بەدواوە خاتوو ڤێرا بە یادی هاوسەرە کۆچکردووەکەیەوە، خۆی تەرخان دەکات بۆ کەلتور و فەرهەنگی کورد و تەواوی ئەو بوارانەی پەیوەستن بە جیهانی کوردەوە، کە پێشتر لە رێگەی هومایۆنی هاوسەریەوە بە باشی ئاشنای کورد و مێژووەکەی بوو، تا وای لێهات  لە دوای دە ساڵ هەستی دەکرد کە “لە هەموو رۆژئاواییەک باشتر کورد دەناسێت”. لەو سۆنگەیەوە ساڵی  1986 لە ناوچەی برووکلینی شاری نیویۆرک دەزگایەکی بە ناوی (دامەزراوەی میراتی کەلتوریی کوردی - Kurdish Heritage Foundation) دامەزراند، کە یەکەمجار کتێبخانەیەکی کوردیی لەخۆگرت و دواتر لە ساڵی 1988دا مۆزەخانەیەکی کوردییشی خستەسەر و یەکەم دامەزراوە بوو لە ئەمریکادا کە تایبەت بێت بەو بابەتە. کتێبخانەکە زیاتر لە سێ هەزار دەقی بە زمانی کوردی و زمانەکانی دیکە تێدایە، مۆزەخانەکەش بڕێکی باش شوێنەوار و هونەر و جلوبەرگ و نەریت و نەخشەی کوردی تێدایە. دامەزراوەکە بە هاوکاریی ئەنجومەنی شارەوانیی نیویۆرک بەڕێوە دەچوو، کە خاتوو ڤێرا خۆی ئەندام بوو تێیدا، بێجگە لە هاوکاریی بەشی ئەنترۆپۆڵۆجیی زانکۆی هارڤارد و زانکۆ و شوێنانی تریش. 
سەعیدپوور لەم دەزگایەوە سەرپەرشتیی دەرکردنی بڵاوکراوەیەکی دەکرد، بە زمانی ئینگلیزی، یەکەمجار بە ناوی کوردیش تایمز و دواتر ناوی کوردیش لایڤ Kurdish Life ی لێنا، کە نزیکە 39 لاپەڕەی وەرزیی بوو، لەبارەی رەهەندە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کوردەوە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بە هەمان شێوە هەر لەم دەزگایەوە گۆڤارێکی وەرزیی تر دەردەچوو بە ناوی (جۆرناڵی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی کورد- Internatinal Journal of Kurdish Studies) ەوە، بە هاوکاریی و هاوبەشیی  بەشی مرۆڤناسی یان ئەنترۆپۆڵۆجیی زانکۆی هارڤارد، کە (ڤێرا) خۆی سەرنووسەری بوو، ئەم بەڕێزانەش دەستەی نووسەران و بۆردی راوێژکاریی بوون: (عەزیز باوەڕمەند، پۆڵ ئە. بلۆم، لوقمان مەحۆ، کارڵ ئی. نەستۆر، فەرهاد شاکەلی، پێتەر ئای. تۆمپسۆن، ماتیو گۆڵدمان)،  بڵاوکراوەکە تۆکمە و سەنگین بوو، بە زیاد لە 150 لاپەڕە، بایەخی بە بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆر دەدا، لە بواری فەرهەنگ و مێژووی کورد و... تاد. شیاوی وتنە بەرگی 13ی ساڵی 1999ی ئەم گۆڤارە تەرخانکراوە بۆ کتێبێکی بەندە بە ناوی “چیرۆکی میللیی کوردی Kurdish Folktales“، کە ساڵی 1997 ئەم چیرۆکە میللییە کۆکراوانەم بە کوردیی نارد بۆ ڤێرا خانم، لەگەڵ دەقی نزیکەی 2600 بەیتی فۆلکلۆرییدا، کە بەشی چیرۆکەکانی ویلەر تاکستۆن، پرۆفیسۆری کوردی و فارسیزان لە زانکۆی هارڤاردی ئەمریکا، کردبوونی بە ئینگلیزی و ساڵی 1999 دەزگای ناوبراو ژمارەیەک لە گۆڤاری وەرزیی “توێژینەوەی کوردی”ی بۆ تەرخانکرد و بە پێشەکییەکی چەند لاپەڕەیی (پرۆفیسۆر تاکستۆن)ەوە لەسەر چیرۆکە کوردی و ئێرانییەکان بڵاوکرایەوە. ئێمەش لە خانەی وەرگێڕانی سلێمانیی، ساڵی 2006 بۆ دووەم جار چاپمان کردەوە، بێگومان پاش وەرگرتنی رەزامەندیی خاتوو ڤێرا. 
(د.ڤێرا سەعیدپور) لە تەمەنی 17 ساڵیدا یەکەمجار لەگەڵ مارسیل بیودین هاوسەرگیریی کردووە و دوای ساڵانێک لێی جیابووەتەوە و چوار کوڕ و کچێکی لەو هاوسەرەی هەیە. لە تەمەنی 40 ساڵیدا لە زانکۆی ڤێرمۆنت بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆمەڵناسی و ماستەری لە فەلسەفەدا بەدەستهێناوە. دوای جیابوونەوەشی لە بیودین، لە کۆلیژی مامۆستایان لە زانکۆی کۆڵۆمبیا  بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە. بە داخەوە ئەم خانمە پڕخزمەتە بە دۆزی کورد، ساڵی 2010 لە تەمەنی 80 ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد و ئەو دەزگا فەرهەنگییەش کە رەنجێکی زۆری لە دروستکردن و چالاکییە کەلتورییەکانیدا کێشا دوای خۆی دایە کزی و پاشەکشەی کرد لە چالاکییەکانیدا، تا ئاستی ئەوەی ئێستا، ناوی نەمێنێت و لە کار کەوتبێت.  
خاڵێکی پرشنگداری خاتوو ڤێرا، کە پێویستە لەم کورتە باسەدا ئاماژەی پێبکرێت، ئەوە بووە لە پێش جەنگی کەنداودا گەشتێکی لە شار و ویلایەتەکانی ئەمریکادا بۆ سەرۆک مام جەلال رێکخستبوو، بۆ لێدوان و قسەکردن لەبارەی سیاسەت و شۆرشی کوردەوە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان