راپۆرتی/ هەژیر محەمەد
قایمقامی بنەسڵاوە: هۆكاری ئەوەی كە تائێستا باخچەی گشتیی كەمە لە قەزاکەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پلانی ئێمە کردنی پڕۆژەی گرنگترە لە سێكتەرەكانی دیکەدا لەوەی كاری جوانكاری بكەین، كەی كارەكانی دیکەمان تەواوكرد پاشان دەست دەكەین بە دروستكردنی باخچە
بنەسڵاوە لە گوندێكی دوورە دەستی خۆرهەڵاتی شاری هەولێری ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە، ئێستا بووەتە قەزایەكی گەورە و فراوان، سەرەڕای بوونی بە قەزا، بەڵام لەگەڵ شاری هەولێردا یەكی گرتووەتەوە، دانیشتووانی ئەو قەزایە وەك گەڕەكە میللییە هەژارنشینەكانی شارەكە لە زۆر خزمەتگوزاری بێبەشن، یەكێك لەو خزمەتگوزارییانەش كەمیی رێژەی سەوزایی و باخچەی گشتیی و پاركە. سنووری بنەسڵاوە تەنیا یەك پاركی هەیە ئەویش لە دەرەوەی قەزاكەدایە لەگەڵ دوو باخچەی بچووك، ئەوانیش بەهۆی گرنگی پێنەدانیانەوە بەرەو لەناوچوون دەچن.
رەسوڵ سەلام هاووڵاتییەكی دانیشتووی بنەسڵاوەیە بۆ کوردستانی نوێ وتی: لە بنەسڵاوە باخچەیەكی گشتیی هەیە كە چەند ساڵێك لەمەوبەر دروستكراوە، بەڵام دیوارێكی بۆ كراوە و دەرگاکەشیان کلیل داوە ئەوەش وایکردووە هیچ كەسێك نەتوانێت بچێتە ناوی و سوودی لێ ببینێت.
داواکاریی دانیشتووانی بنەسڵاوە
لە ماوەی رابردوودا پاركێك بە ناوی پاركی (هەوار) لە نزیك بنەسڵاوە دروستكرا، بەڵام كەوتووەتە دەرەوەی قەزاکە بەهۆی دوورییەكەشی دەبێت دانیشتووان ماوەیەکی زۆر بە ئۆتۆمبێل بڕۆن پاشان دەگەنە پارکەکە، سەرەڕای دووریی لە ناوەندی قەزاکە، بەهۆی گرنگی پێنەدانیشی پاركەكە لە زۆر خزمەتگوزاریی بێبەشە وەك كەمیی رێژەی چیمەن، بچووكی پانتایی شوێنی یاریكردنی منداڵان، لەكاركەوتنی فوارەكەی و كەمیی رووناكکەرەوە لە شەودا.
وتیشی: هەر پارکێک بۆئەوەی دانیشتووانی بنەسڵاوە سوودی لێ ببینن پێویستە لە ناوەندی قەزاکەوە نزیک بێت، لەبەرئەوەی هاووڵاتییان بتوانن بە ئاسانی سەردانی بکەن.
یەكێك لەو پێداویستییانەی كە دەبێت بۆ دروستكردنی پارك و باخچەی گشتیی لە هەر شوێنێکدا هەبێت، دابینکردنی زەوییە، قەزای بنەسڵاوە ئەو كێشەیەی نییە و ئێستا چەندین گۆڕەپان لە قەزاكەدا بوونی هەیە كە سەرجەمیان زەوی حكومەتن و دەكرێت پارکی مۆدێرنی تێدا دروست بكرێت، بەڵام كاتێك سەردانی ئەو گۆڕەپانانە دەكەیت دەبینیت بووەتە شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاك، كە بەهۆیەوە ژینگەی بنەسڵاوە پیس بووە و مەترسیشی لەسەر تەندروستی دانیشتووانەكەی دروست کردووە.
پرۆژەی پارك و باخچەكانی هەولێر
سەروەر وەیسی لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پارك و باخچەكانی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەڕێوەبەرایەتییەكەمان وەك بەشێك لە ماستەرپلانی شاری هەولێر، لە رێگەی پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكانەوە پڕۆژەیەكی بۆ وەزارەتەكانی شارەوانی و دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیاز كردووە، بۆ دروستكردنی پاركێك بۆ قەزای بنەسڵاوە و شوێنەكەشی دەستنیشان كراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە كارەكانی دروستكردنی وەستاوە.
وتیشی: بنەسڵاوە پێویستی بە دوو پاركی گەورەیە كە تێچووی هەر پاركێكیان پێویستی بە پێنج ملیار دینارە.
سەبارەت بە پاركی (هەوار) كە كەموكوڕیی هەیە و لەبنەسڵاوەشەوە دوورە سەروەر وەیسی وتی: لە ساڵانی رابردوودا ئەو پاركە وەك دەروازەیەكی سەوزایی شاری هەولێر دروستكرا، كە بە دووەمین پاركی گەورە لە شاری هەولێر لە دوای پاركی سامی عەبدولڕەحمان ئەژمار دەكرێت، هۆكاری كەموكوڕییەكانیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە قۆناغی یەكەمی دروستكردنی بە نیوەچڵی تەواوكرا و هێشتا قۆناغی دووەم و سێیەم و چوارەمی دروستكردنەکەشی تەواو نەبووە بۆیە ئەو كەموكوڕییانەی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئێستا دوو باخچەی گشتیی لە بنەسڵاوەدا هەیە کە هەردووكیان پێویستیان بە نوێکردنەوەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە تازە نەکراونەتەوە کە کارەکەی لە ئەستۆی شارەوانی بنەسڵاوەدایە.
پلانی قایمقامیەتی بنەسڵاوە
قەزای بنەسڵاوە بەهۆی ئەوەی پێشتر بەبێ ماستەرپلان خانوو و كۆڵانەكانی دروستكراون، بۆیە رێژەی سەوزاییەكەی كەمە و ئێستاش دروستكردنی پارك تێیدا ئەستەمە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک درەختی لێ چێندراوە.
جوان فەتحوڵڵا قایمقامی قەزای بنەسڵاوە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە بەرنامەماندایە لە داهاتوودا هەردوو باخچەی گشتیی بنەسڵاوە تازە بكەینەوە و كاری وردبینیشی بۆ كراوە، هەروەها بەنیازین پاركی دیکە لە قەزاكەدا دروست بكەین، بەڵام هۆكاری ئەوەی كە تائێستا باخچەی گشتیی كەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پلانی ئێمە کردنی پڕۆژەی گرنگترە لە سێكتەرەكانی دیکەدا لەوەی كاری جوانكاریی بۆ بكەین، لەبەرئەوە كەی كارەكانی دیکەمان تەواوكرد، پاشان دەست دەكەین بە دروستكردنی باخچە، بەتایبەتی ئێستا كاری تەواوكردنی شەقامەكان دەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام پڕۆژەی سەوزایی و چاندنی درەختی زۆر بۆ قەزاکە كراوە.