تایلاند و کەمبۆدیا لەسەر چی شەڕیانە؟

09:41 - 2025-07-27
جیهان
34 جار خوێندراوەتەوە
سەرهەڵدانی جەنگێکی نوێ لە جیهاندا

ئا: بورهان ئەمین، ئەڵمانیا   

سنووری نێوان تایلاند و کەمبۆدیا زیاتر لە 800 کیلۆمەترە، زۆر ناوچەیان هەیە سنوورەکەی جیانەکراوەتەوە و دیاری نەکراوە، بۆیە لەسەدەی رابردووە تا ئێستا چەندین جار شەڕ لەنێوانیاندا روویداوە، چەند رۆژێکە شەڕێکی نوێ لەنیوانیاندا دروستبووە، کوژراو و برینداریشی لێکەوتووەتەوە.
ئەو دوو وڵاتە هەر یەکەیان پاساوی سەروەریی سنوور بۆخۆیان دەهێننەوە، ناکۆکییەکان لەو نەخشەیەوە سەرچاوە دەگرێت، کە لە ساڵی 1907 لەژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی فەرەنسادا کێشراوە، بەتەواوی  کەمبۆدیا لە تایلاند جیادەکاتەوە، کەمبۆدیا ئەم نەخشەیە وەک سەرچاوەیەکی گرنگ و یاسایی بۆ خاکی خۆی بەکاردەهێنێت، لەکاتێکدا تایلاند دەڵێت: نەخشەکە نادروستە، بەپێی نەخشەکە بێت ناوچەی «خەمیر هیندۆ»   سەر بە کەمبۆدیایە، کەچی هەردوولا بە موڵکی خۆیانی دەزانن.
دادگای نێودەوڵەتی بڕیاری داوە
لە ساڵی 1962،  دادگای نێودەوڵەتی لاهای، سەروەریی چەند ناوچەیەکی مێژوویی بۆ کەمبۆدیا گەڕاندەوە، بەڵام ئەم بڕیارە بووە هۆی دروستبوونی کێشەیەکی گەورە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیاندا، دوای چەندین پێکدادان لەنێوان سوپای هەردوولا و کوژرانی  20  کەس و ئاوارەبوونی هەزاران کەس، دیسان کەمبۆدیا لە ساڵی 2011 گەڕایەوە بۆ دادگای نێودەوڵەتی، لە دوای دوو ساڵ دادگا لە بەرژەوەندیی کەمبۆدیا بڕیاری خۆی دووپاتکردەوە و تایلاند بەتوندی بڕیارەکەی رەتکردەوە، لە مانگی ئایاری ساڵی رابردووشدا هێزە چەکدارەکانی هەردوو وڵات شەڕیان وەستاند و رێککەوتن لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام لە هەڕەشە و گوڕەشە دژی یەکتری بەردەوام بوون و گرژییەکان هەروا مانەوە، کۆتایی هەفتەی رابردوو تایلاند رێوشوێنی توندی لە سنوورەکانی خۆی گرتەبەر، هەموو دەروازەکانی لەگەڵ کەمبۆدیا داخست، کەمبۆدیاش چالاکیی هونەری و فیلم و کەناڵە تەلەفزیۆنەکانی تایلاندی قەدەغەکرد و هاوردەکردنی سووتەمەنی و میوە و سەوزەی راگرت، هەندێک هێڵی ئینتەرنێتیشی لێ پچڕاندن.
خاک و نەتەوە و مێژوو سەرچاوەی ناکۆکییەکانن
هەستی ناسیۆنالیستی لای هەردوو لایەن توندتر بووتەوە و ململانێی نێوان ئەو دوو وڵاتە کە زۆرینەی خەڵکەکەیان  بودایین، فاکتەری خاک و مێژوو  بەسەر هەردوولادا زاڵن، بۆیە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دژوارتربووە و بەهۆی پێشێلکاریی دەستووریی پەیوەست بە مامەڵەکردنی لەگەڵ کێشەی سنوور، سەرۆک وەزیرانی تایلاند لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و تۆمەتی خیانەتی گەورەی درایە پاڵ و تووڕەیی رای گشتی لێکەوتەوە.
لە دوایین پەرەسەندنی توندوتیژیدا، لە چەند رۆژی رابردوودا لە پێکدادانێکدا لەسەر سنوور 30 هاووڵاتیی مەدەنی کوژران و دەیانی تریش برینداربوون، سەدان هەزار کەسیش لەترسی بۆمببارانەکان ئاوارەبوون و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە.
هەردوولا یەکتریی تۆمەتبار دەکەن
کەمبۆدیا تاوانی هیرشەکەی خستە ئەستۆی تایلاند، لە کاتێکدا چەند سەربازێکی تایلاندی بەهۆی تەقینەوەی مینێکی چێندراوەوە لە ناوچەی جێناکۆکی نێوان هەردوو وڵات برینداربوون، بەوەش تایلاند کەمبۆدیای بە چاندنی ئەو لوغمانە تاوانبارکرد و کەمبۆدیای بە وڵاتێکی دڕندە و شەڕخواز وەسفکرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد، ئیدانەی کەمبۆدیا بکەن، تایلاند هەروەها باڵیۆزی کەمبۆدیای لە پایتەختەکەی دەرکرد.
سەرچاوە: رۆژنامەی Tageszeitung

بابەتە پەیوەندیدارەکان