حاكم ناز میرزا عارف: یاسا درۆیەكی گەورەیە ئەگەر بۆ چینێك هەبێت و بۆ چینێك نەبێت

09:47 - 2025-07-27
دیدار
35 جار خوێندراوەتەوە
حاكم ناز لە پێشانگەیەکی تایبەت بە تابلۆکانی

ئا: دیانا ئەحمەد

ئەگەر سەیری پەیكەری دادوەریی بكەیت دراوەتە دەستی ژن، دەستی راستی تەرازووە و دەستی چەپیشی شمشێرە، واتە ئەو ژنە هێزی شمشێرەكەی پێویستی بە سۆزە تا تەرازووی دادوەر یەكسان بێت

حاكم ناز نوری ناوی تەواوی (ناز نوری میرزا عارف)ە، سەرۆكی پێشووی داواكاری گشتی سلێمانییە، ساڵی 1987 تا 1997 پیشەی پارێزەر بووە، دواتر لە داواكاری گشتی دەستبەكار بووە، بە زۆربەی بەشەكانی داواكاری گشتی ئاشنابووە، دوای 27 ساڵ لە كاری پارێزەری و دادوەریی، لە ساڵی 2014 وەک خۆی دەڵێت بەهۆی بینینی نادادپەروەری و نایەكسانی لەنێو دادگاكاندا بڕیاردەدات واز لە كاری نێو دادگا بهێنێت و دەست بە وێنەكێشان بكات، ئێستا خاوەنی چەندین تابلۆیە، هەریەك لە تابلۆكان خاوەنی چیرۆكێكی تایبەتن.
حاكم ناز میرزا عارف سەرۆكی پێشووی داواكاری گشتی سلێمانی بە لاپەڕەی ژنانی راگەیاند: سەرەتای دەستپێكی ژیانی پیشەیم وەك پارێزەر دەستپێكرد، بۆ ماوەی حەوت ساڵ پارێزەربووم، دواتر لە ساڵی 1997 لە داواكاری گشتی دەستبەكاربووم و زۆربەی بەشەكانی دادگاكانم بینیووە، لە ساڵی 2010 وەك سەرۆكی داواكاری گشتی دەستبەكاربووم، چەندەها كەیسی جۆراوجۆرم لەسەر گەڕانەوەی موڵكی گشتی تۆماركردووە، لە 17ی شوباتی ساڵی 2011 بەهۆی پێشێلكردنی یاساوە دەستم لە كاركێشایەوە، لە دادگا هیچ كات جیاوازی نەبووە لەنێوان ئێمە و پیاوان، بەپێچەوانەوە زۆر بەهێزانە و پێ داگرانە زیاتر لە پیاوان كارمان كردووە.
حاكم ناز وتیشی: رۆژانە لە دادگا چیرۆكی زۆر جیاوازمان دەبینی، زۆرینەی چیرۆكەكان كاریگەریی و ئازاری خۆیان بەجێدەهێشت لە ژیانمدا، تا ئێستا هەر هەمووی لەنێو میمۆری مێشكمدا چەسپاوە و ئازارەكانی دەمهەژێنێت، پیشەی (حاكم)ی بۆ ژن و پیاو جیاوازی نییە، بەڵام پیشەیەكە لەسەر هێز ناڕوات بەڕێوە، بەڵكو بە ویژدان و راستی و بنەما بەڕێوەدەبرێت، بەش بە حاڵی خۆم دوای 27 ساڵ كاركردن لە بواری یاسادا بۆم دەركەوت لە وڵاتەكەم (یاسا) چەسپاندنی لەسەر هەژارە و هیچ كام لە یاساكان خاوەن دەسەڵات و پارە ناگرێتەوە، بەشێوازێك كە یاسا درۆیەكی گەورەیە، ئەگەر بۆ چینێك هەبێت و بۆ چینێك نەبێت.

پیشەیەکی گەورەیە
سەرۆكی پێشووی داواكاریی گشتی ئەوەشی خستەڕوو: داواكاری گشتی پیشەیەكی زۆر گەورەیە، چونكە داواكاری گشتی چاودێری بڕیارەكانی دادگا و مافی گشتی دەکات، هەربۆیە زۆرینەی دادگاكان بێ داواكاری گشتی ناتوانن بڕیار بدەن: دادگایەكی گەورەی وەك دادگای تاوانەكان كە سێ دادوەر لە دادگاكەدان ئەگەر داواكاری گشتی ئامادە نەبێت ناتوانن هیچ داوایەك ببین، هاوكات لە زۆربەی دادگاكاندا مەرجە داواكاری گشتی ئامادەبێت.
دەشڵێت: تا ساڵی 2011 كارەكان بە جوانی دەڕۆیشتن بەڕێوە لەوە بەدوا هەڕەمی یاسا رووخا و پاشەكشێی لێكرا، چونكە بەڕاستی یاسا تەنها ئەو ماددانە نییە كە لە كتێبە جیاوازەكانی یاسادا هاتووە، لەبەرئەوەی جێبەجێكردنی یاساكان گرنگە، بەڵام بەداخەوە لەمڕۆدا بوونی نییە، هەربۆیە وەك وتم: لە ساڵی 2011 بە تەواوەتی بێ هیوا بووم و هەستم كرد یاسا خرایە تابووتێك و برا بۆ گۆڕستانێكی نادیار، هاوکات دەڵێت: ماوەی دادوەریی زۆر وانەی ژیانی فێركردم و ئازادیی رۆحی لێسەندم، رۆژانە كڵپەی لە ویژدان و مرۆڤایەتیم هەڵدەستاند، خۆشەویستی خەڵكی پێ بەخشیم، خەندەی لێوێكی پێ بەخشیم كە هەوڵم دەدا مافی بۆ وەرگرمەوە، كارم لە داواكاریی گشتی هەمووی دڵەڕاوكێ و كێشە و ئازار بوو رۆژانە لەگەڵ كێشەكاندا چەندەها چەقۆی تیژ نێو دڵی لەت دەكردم، ئامانجیشم لە كاركردنم لە یاسادا بۆ سەرخستنی هەق بووە بە سەر ناهەقدا.
حاكم ناز باسی لەوەش کرد کە ژن، خواوەندی سۆزدار دروستی كردووە، بەڵام ئەگەر سەیری پەیكەری دادوەریی بكەیت دراوەتە دەستی ژن، دەستی راستی تەرازووە و دەستی چەپیشی شمشێرە، واتە ئەو ژنە هێزی شمشێرەكەی پێویستی بە سۆزە تا تەرازووی دادوەر یەكسان بێت، نەك تەنها ژن، بەڵكو زۆربەی كەیسەكانمان كە دەبرایە دادگا بۆ لای دادوەرەكان زۆر لە ئێمە بە  ئازارتر بوون.

وێنەكێشان ژیانێكی ئارامی پێبەخشیوم 
حاكم ناز سەبارەت بە پیشەی دووەمی كە شێوەكارییە دەڵێت: وێنەكێشان ژیانێكی زۆر ئارام و رەنگاورەنگە، فڵچەكان سەما دەكەن لەگەڵ رەنگ و كنفاسەكان  بە پێچەوانەی پێنووسەكان كە هەردەم لە جەنگی ویژدان و ئازاردا بوون، لەو رۆژەوەی هاوسەرگیرییم كردووە لە ساڵی 1988ەوە هیچ كات پیشەكەم رێگر نەبووە، رێم نەداوە نە كارەكەم كاریگەریی بكاتە سەر خێزانەكەم و نە خێزانەكەشم كاریگەریی بكاتە سەر كارەكەم، ئەو كەسانەش كە لە نزیكەوە دەمناسن شایەتی دەدەن كە توانیوومە سێ منداڵی سەركەوتوو پێشكەش بە كۆمەڵگە بكەم، هەروەها لە ساڵی 2014 ەوە وازم لە دادگا هێناوە، تابلۆكێشان لەكاتی كۆرۆناوە لە ناخمدا تەقییەوە، هەروەها یەكەم پێشانگەشم لە ساڵی 2022 كردەوە بە 45 تابلۆی جیاواز زۆرینەی دەربارەی كێشەی دادگاییە و ئەمساڵیش لە 2025 پێشانگەی تایبەتی دووەمم كردەوە بە 42 تابلۆ  كە هەندێكی بۆ خۆم و منداڵەكانمە و زۆریشم لێ فرۆشتووە و پارەكانی بۆ كاری خێرخوازیی بووە، ژینگە و سروشت و ئاژەڵ بەشێكی گرنگن لە ژیانم، هەربۆیە ئەوەی بتوانم وەك تاك یان لەگەڵ هاوڕێكانم كاریان بۆ دەكەم، هەمیشە لە چەندین بەرنامەی جیاوازدا، زۆرجار دەوەستم و داوا لەو كەسانە دەكەم كە چیتر خۆڵ و خاشاك لەسەر قەراغی شەقامەكان فڕێ نەدەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان