هونەر لە روانگەی ئایینی ئیسلامەوە

10:03 - 2025-07-27
کەلتور
29 جار خوێندراوەتەوە

خەلیل عەبدوڵڵا

مامۆستا عەلی باپیر لە بەر رۆشنایی قورئانی پیرۆز ‌و سوننەتی پێغەمبەردا شرۆڤەیەكی زانستیی ئایینی هەموو ئەو بابەتانەی هەر هەشت بەشی كتێبەكەی كردووە‌ و گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی كە هونەر بە هەموو بەشەكانی ‌و وەرزش‌ و یارییەكانیەوە حەرام نین‌ و نابێت قەدەغە بكرێن

لەم رۆژانەدا مامۆستا عەلی باپیر، چوار كتێبی خۆی بە دیاریی بۆ ناردم، لەناو ئەو كتێبانەدا ناونیشانی یەكێكیان سەرنجی راكێشام، كە كتێبی (سروود ‌و مۆسیقا ‌و چەند بابەتێكی هونەریی لەبەر رۆشنایی قورئان ‌و سوننەتدا) بوو.

بە پێویستم زانی كتێبەكە بخوێنمەوە ‌و دید ‌و تێڕوانینی مامۆستا عەلی باپیر لەو بارەیەوە بزانم، چونكە سەرنج‌ و روانینی ئیسلامیی جیاواز سەبارەت بە هونەر بە هەموو پەلەكانییەوە هەیە، هەندێك بزووتنەوەی ئیسلامیی توندڕەو  هونەریان حەرام ‌و قەدەغە كردووە، لەوانە بزووتنەوەی تاڵیبان لەكاتی گرتنەدەستی دەسەڵات لە ئەفغانستان، هەموو جۆرەكانی هونەریان حەرام ‌و قەدەغە كرد، تەنانەت لە ئایاری 2001 پەیكەرەكانی بوزایان لە بامیان تەقاندەوە، كە لە سەدەی پێنجەمی زایینەوە سیما ‌و رووخساری كەلەپووری‌ و شارستانیی ئەو وڵاتە بوون، ئەوەش ناڕەزایی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ‌و یونسكۆ ‌و نەتەوەیەكگرتووەكانی لێكەوتەوە.
داعشیش لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی لە سوریا ‌و لە عیراق، هونەری حەرام كرد‌ و چەندین شوێن‌ و سیمای دێرینی كەلەپوورییان وێران ‌و خاپوور كرد ‌و زیانێكی گەورەیان لە سامانی كەلەپووری‌ و كەلتوریی نیشتمانی ‌و جیهانی دا. لە چەندین شوێنی دیكەی جیهان، گروپە توندڕەوەكان، دژایەتی هونەریان كرد ‌و حەرام ‌و قەدەغەیان كرد.
بە پێچەوانەی ئەوانەوە حزب‌ و هێزە ئیسلامی ‌و كەسایەتییە میانڕەوەكان، دیدی جیاوازیان سەبارەت هونەر هەیە ‌و لەبەر رۆشنایی قورئانی پیرۆزدا رێز لە هونەر ‌و كەلتور دەگرن ‌و لەگەڵ گەشەپێدانی هونەری رەسەنی وڵاتەكانیانن بە خۆراكی مێشك ‌و رۆح ‌و دەروونی هاووڵاتیانی دەزانن.
ئەم كتێبەی مامۆستا عەلی باپیر، (319) لاپەڕیە ‌و لە دووتوێی هەشت بەشدا تیشكی خستۆتە سەر هەموو لقەكانی هونەر‌ و هەندێ‌ بابەتی دیكەی پەیوەندیدار، بۆ نووسینی ئەم كتێبە، بێجگە لە زانیاریی خۆی، سوودی لە قورئانی پیرۆز ‌و سوننەتی پێغەمبەر ‌و (12) سەرچاوەی زانایانی شارەزای ئایینی ئیسلام وەرگرتووە‌ و كتێبەكەی پێ‌ دەوڵەمەند كردووە.

كتێبەكە لە هەشت بەش پێكهاتووە
لە بەشی یەكەمدا، چەمكی هونەر لە رووی واتای زمانەوانی‌ و زاراوەییەوە پێناسە كراوە‌ و بۆتە دەروازە ‌و دەستپێك بۆچوونە ناو بابەتەكانی دیكەی كتێبەكەوە.
بەشی دووەمی كتێبەكە تەرخانكراوە بۆ خستنەڕووی (12) بنچینەی شەرعیی ئیسلامی، لە كڵاوڕۆژنەی ئەو بنچینەوانەوە شرۆڤەی هونەر‌ و مامەڵەی لەگەڵدا كراوە ‌و بابەت‌ و باسەكانی هونەری دووتوێی كتێبەكە هەڵسەنگێنراوە.
بەشی سێیەم، نۆ باسی لە خۆگرتووە ‌و تیاندا تیشك خراوەتە سەر گۆرانی‌ و سروود ‌و مۆسیقا ‌و ئامێرە دەنگییە ژێدار ‌و فودارەكان، ئەم بەشە پشكی شێری كتێبەكەی بەركەوتووە.
لە بەشی چوارەمدا تیشك خراوەتە سەر هونەرەكانی وێنەگرتن ‌و نیگاركێشان‌ و پەیكەرسازی، ئیدی وێنە بەدەست كێشرابێ‌، یا بە كامێرا گیرابێ‌، وەستاو یا جوڵا‌و ‌و سێبەر ‌و بێسێبەر بێت‌.
لەم كتێبەدا هونەری نواندنیش فەرامۆش نەكراوە ‌و لە بەشی پێنجەمدا تیشك خراوەتە سەر ئەم جۆرە هونەرە ‌و زانیاریی پێویست لە بارەیەوە خراوەتە روو.
بەشی شەشەمی كتێبەكە بۆ بابەتی وەرزش‌ و یاری تەرخانكراوە ‌و بەوردی تیشك خراوەتە سەر ئەو یاریانەی دەچنە خانەی وەرزشەوە.
لە بەشی حەوتەمی كتێبەدا باسی شایی‌ و هەڵپەڕكێ ‌‌و چەپڵەلێدان ‌و فیكەلێدان كراوە ‌و زانیاریی پێویست لە بارەیانەوە خراوەتەڕوو.
كۆتا بەشی كتێبەكە، كە بەشی هەشتەمە  تایبەتە بە نوكتە‌ و گاڵتە ‌و قسەی خۆش‌ و پێكەنین.
مامۆستا عەلی باپیر، لەبەر رۆشنایی قورئانی پیرۆز ‌و سوننەتی پێغەمبەردا شرۆڤەیەكی زانستیی ئایینی هەموو ئەو بابەتانەی هەر هەشت بەشی كتێبەكەی كردووە‌ و گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی، كە هونەر بە هەموو بەشەكانی ‌و وەرزش‌ و یارییەكانی حەرام نین‌ و نابێت قەدەغە بكرێن، بۆ ئەوەش دەیان ئایەت‌ و سوننەت‌ و رای زانایانی ئیسلامی وەك بەڵگەی حاشاهەڵنەگر هێناوەتەوە، لەبەرامبەر ئەوەش، هەندێ‌ رای پێچەوانەی وەرگرتووە كە هونەر بە حەرام ‌و یاساغ لە قەڵەم دەدەن، بەڵام ئەو رایانە لەچاو ئایەت‌ و سوننەت ‌و رای زانایانی ناوداری ئیسلامی بە لاواز لە قەڵەم دراون.
ئەم كتێبەی مامۆستا عەلی باپیر، زانیاریی زۆر ‌و زەوەندی لەخۆگرتووە ‌و پشتی بە قورئانی پیرۆز ‌و سوننەتی پێغەمبەر ‌و رای دەیان زانای شارەزا‌ و ناوداری ئیسلامی بەستووە، شایستەی ئەوەیە هەموو رووناكبیرێكی عەلمانی ‌و ئیسلامی بەگشتی ‌و هونەرمەندان ‌و هونەردۆستان بەتایبەتی بیخوێننەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان