ئا: بەختیار سەعید
ژمارەیەکی بەرچاو لە شاکارەکان بە درێژایی مێژوو گۆڕدراون بۆ دیمەنی سینەمایی و ئەنیمەیشن، هەرچەندە تابلۆکان پێشینەیان هەیە بەسەر ئەو فیلمانەی کە لاسایی دەکەنەوە، بەڵام پەیوەندیی نێوان نیگارکێشان و سینەما سوودی بۆ هەردوولا هەبووە، لە کاتێکدا جیهانی نیگارکێشان لە دیمەنە دەوڵەمەندەکان سوودمەند بووە بۆ سینەماش، جیهانی سینەما چیرۆک و سیناریۆی زیندووی بەم تابلۆیانە بەخشیووە کە خەیاڵی بینەر دەکاتەوە بۆ گەشتکردن بۆ هەر شوێنێک کە پێی خۆش بێت.
رەنگە یەکێک لە دیارترین ئەو فیلمانەی کە رەنگدانەوەی ئەم پەیوەندییە بەرامبەرەیە، فیلمی (کچێک بە گوارەیەکی مروارییەوە) بێت، کە بە تەواوی لەسەر بنەمای تابلۆی زەیتی (کچێک بە گوارەیەکی مروارییەوە) دروستکراوە. تابلۆکە لەلایەن نیگارکێشی هۆڵەندی یۆهانس ڤێرمیر (1632-1657)، کە یەکێکە لە نیگارکێشە بەناوبانگەکانی سەدەی حەڤدەهەم، بەرهەمهێنراوە. لە تابلۆکەدا کچێکی داپۆشراو هەیە و گوارەی مرواری لە گوێدایە.
فیلمەکە لە مانگی کانوونی دووەمی 2003 نمایشکرا، بە وردی زیاتر بەدواداچوون بۆ تابلۆکە و ژیانی (ڤێرمیر) دەکات، فیلمەکە لە دەرهێنانی (پیتەر وێبەر)ی بەریتانییە و ئەکتەری ئەمریکی (سکارلێت جۆهانسۆن) رۆڵی کچە گوارە لە گوێیەكە دەگێڕێت، کە خزمەتکاری ئەو نیگارکێشە بووە و وەک مۆدێلێک بۆ تابلۆکە بەکاریهێناوە.
تابلۆی ئۆفیلیا
تابلۆیەکی دیکە بریتییە لە «ئۆفیلیا» لەلایەن سێر (جۆن ئێڤێرت میلایس) نیگارکێشێکی ئینگلیزی (1829-1896)، لە نێوان ساڵانی (1851-1852) کێشراوە، ئیلهامەکەی لە شانۆنامەی «هاملێت»ی ویلیام شکسپیرەوە وەرگرتووە، میلایس خۆکوشتنەکە بە خنکاندنی ئۆفیلیای خۆشەویستەکەی هاملێت وێنا دەکات، تابلۆکە لە فیلمی «مێلانکۆلیا»ی فەرەنسی ساڵی (2011)دا دەرکەوتووە.
فیلمەكە لە دەرهێنانی (لارس ڤۆن تریر) دەرهێنەری دانیمارکییە و ئەکتەری ئەمریکی (کیرستن دانست) گۆرانیبێژی فەرەنسی (شارلۆت گەینسبۆرگ) و ئەکتەری سویدی (ئەلێکساندەر سکارسگارد) رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، چیرۆکی پێکدادانی زەوی و هەسارەیەکی دیکە بە ناوی (مێلانکۆلیا) دەگێڕێتەوە کە هەسارەی شین- رەشی خەمۆکییە.
کارەساتی ئۆفیلیا، کە سێر میلایس لە تابلۆکەیدا وێنای كردووە، لە ناوەڕۆکی دەروونیدا هاوشێوەی کارەساتەکانی میلانکۆلیایە، لە رووی خەمۆکی لەدەستدانە، مردن، نامۆبوون، ناڕەحەتی، خۆکوشتن و کۆتایی جیهانەوە. لە پۆستەری فیلمەکەدا دەبینین (دانست) جلێکی لەبەردایە و دەستە گوڵێکی بەدەستەوەیە و لەناو چەمێکدا سەرئاو کەوتووە، لە دیمەنێکدا کە زۆر هاوشێوەی خنکانەکەی ئۆفیلیایە لەناو چەمەکەدا.
دەرهێنەری سوریالیستی ئیسپانی
ئاوێتەبوونی نیگارکێشان و سینەما تەنیا دیاردەیەکی ئەم دواییە نییە لە فیلمەکانی سەدەی بیست و یەکەمدا، بەڵكو نزیکەی لە سەرهەڵدانی سینەما هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە بوونی هەبووە، بەتایبەتی لە فیلمەکانی دەرهێنەری سوریالیستی ئیسپانی لویس بونویێل (1900-1983). بونویێل لە جیهانی سینەمادا بە حاڵەتێکی ناوازە دادەنرێت، فیلمەکانی بە بێدەنگ و چ دەنگدار، تەنزێکی قووڵن لە واقیع و مانای بوونی مرۆڤ، هیچ شتێک لە تەنزەکەی بێبەری نییە، تەنانەت کۆمەڵگە و سیاسەت و ئایینیش.
بونویێل لە فیلمی (ڤێردیانا)دا دیمەنێک دەخاتەڕوو کە تەقلیدی تابلۆی «دوا ژەمی ئێوارە»ی نیگارکێشی بەناوبانگ (لیۆناردۆ داڤینچی) دەکات. ڤیریدیانا، راهیبێک کە لە هاوسەری مامی کۆچکردووی دەچێت، بۆئەوەی کاتێک لە کۆشکی لادێکەی مامی بەسەر ببات، رۆژێک پێش گەڕانەوەی بۆ پەرستگەکە، مامی بە نهێنی پێی دەڵێت: پێی سەرسامە و داوای لێدەکات نەڕوات، ڤیریدیانا هەستەکانی رەتدەکاتەوە، مامی ماددەی هۆشبەری پێدەبەخشێت و لەگەڵ بەئاگا هاتنەوەی چەندین درۆ دەڵێت، لەوانە دەستدرێژی سێکسی کردۆتە سەری.
ڤیریدیانا تووشی شۆک دەبێت و هەڵدێت بۆ گەڕانەوە بۆ خانەقاکە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئەوێ، گوێی لە خۆکوشتنی مامی دەبێت بە خۆهەڵواسینی و بڕیار دەدات بگەڕێتەوە بۆ کۆشکەکە، تاوانباریی ڤیریدیانا زاڵ دەبێت بەهۆی ئەوەی بۆتە هۆی مردنی مامی، بڕیار دەدات نەگەڕێتەوە بۆ کۆشکەکە، بە شێوەیەکی جیاواز بەردەوام دەبێت لە «رێگای خودا». ڤیریدیانا زۆرێک لە هەژاران و سواڵکەرانی گوندەکە کۆدەکاتەوە و خانوویەکیان پێدەدات لە تەنیشت کۆشکەکەوە و کاریان بۆ دابین دەکات و هەوڵدەدات رێنماییان بکات بۆ نوێژکردن، پێی وایە بەم کارە رێگاکەیان رۆشن دەکاتەوە و دەرگایەک بۆ شانشینی ئاسمان دەکاتەوە، بەڵام لە دیمەنێکدا کە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش هاوشێوەی «دوا ژەمی ئێوارە»ی داڤینچییە، کرێکارەکان لە کۆشکەکەدا نان دەخۆن لە کاتێکدا ڤیریدیانا دوورە، لەناو خۆشی و سەرخۆشی و ئاهەنگگێڕاندا، کەلوپەلی کۆشکەکە دەشکێنن.
ڤیریدیانا، هەر لە سەرەتاوە، نوێنەرایەتی مەسیحی دەکرد بە هەموو پاکی و بێتاوانی و توانای قوربانیدانی، مەسیح تووشی توندترین ئازار بوو لەسەر دەستی گەلەکەی، بونویێل هێمای ئەم سووکایەتییە بوو لەلایەن مامییەوە کە حەزی لە خوشکەزاکەی بوو، لەم نێوەندەدا کۆشکەکە سێوی ئادەمە، کە هەژارەکان لە رێگەی وەسوەسەی ژنەکانی کۆشکەوە دەچنە ژوورەوە، تەنها بۆئەوەی لە خۆشبەختی ڤیریدیانا دەربکرێن.
چیرۆکی شازادە «موانا»
هەروەها فیلمی (لابیرینتی پان) هەیە، فیلمێکی زانستی خەیاڵی مەکسیکییە و لە ساڵی (2006) لەلایەن دەرهێنەری مەکسیکی (گیلەرمۆ دێل تۆرۆ) نووسراوە و دەرهێنراوە، فیلمەکە باس لە چیرۆکی شازادە «موانا»ی کچی پاشای جیهانی ژێرزەویی دەکات. بە بێ ئەوەی بزانێت لەوێ چی روودەدات، دەچێتە سەر رووی زەوی، بەڵام هەر تیشکی خۆر دەبینێت، بینایی لەدەست دەدات و یادەوەرییەکەی دەسڕێتەوە، زۆر نەخۆش دەکەوێت و لە کۆتاییدا دەمرێت، بەڵام پاشان پێی وایە رۆژێک رۆحی دەگەڕێتەوە بۆ جیهانی ژێرزەوی.
لە یەکێک لە دیمەنەکانی فیلمەکەدا، وەرگێڕانێکی نزیک لە تەواوەتی فیلمی «زوحەل کوڕەکەی دەخوات»ی فرانسیسکۆ گۆیا دەبینین، کاتێک پیاوە کاڵەکە پەرییەک دەخوات. تابلۆکە خۆی گێڕانەوەی ئەفسانەیەکی یۆنانییە سەبارەت بە تایتانیکەکان، زوحەل، یان کرۆنۆس، بە پێی ئەفسانە منداڵەکانی لە کاتی لەدایکبووندا دەخوات، چونکە ئەوان دەیڕووخێنن.
رەنگە وەرگرتنی ئیلهام لە تابلۆیەکی ترسناک وەک «زوحەل کوڕەکەی دەخوات» وەک هەڵەیەک بێت بۆ فیلمێکی زانستی خەیاڵی، چیرۆکێک بە پلەی یەکەم بۆ منداڵان دەگێڕێتەوە، بەڵام لە لایەکی ترەوە ئایا بەڕاستی چیرۆکی منداڵان لەگەڵ ئەم ئاستە ترسناکییەدا ناکۆک نییە؟ ئایا سەندرێلا چیرۆکی کچێکی هەتیو نییە کە لەلایەن دایکی ھاوسەرەکەیەوە ئازار دراوە؟ ئایا (هاری پۆتەر) چیرۆکی کوڕێکی هەتیوی خۆشەویست نییە؟. ئایا هەموو ئەم چیرۆکانە لە ناوەڕۆکەکەیاندا، باس لە ئازارەکانی ئەو منداڵانە نین کە بوون بە پاڵەوان؟ ئایا ئەمە یەکەم وانە نییە کە لە ژیاندا فێری منداڵەکانمانی دەکەین؟.
ئێستا گرنگی ئەم پەیوەندییە بەرامبەرەی نێوان تابلۆ و سینەما چییە؟ گرنگییەکەی لەوەدایە کە هونەر بە زۆری ئیلهامەکەی بە پلەی یەکەم لە ژیانەوە وەردەگرێت، بەڵام هەندێکجار هونەر ئیلهام لە خۆیەوە وەردەگرێت، لە هونەرەوە، بۆیە گەلەری و مۆزەخانەکان کەمتر نین لە گۆڕەپانە سیاسییەکان، سینەماکان، یان شەقامە گشتییەکانەوە.