کاتێک منداڵەکەت لێت دەدات، توندوتیژی چارەسەر نییە

11:54 - 2022-09-11
ژینگە
694 جار خوێندراوەتەوە
لێدان توندوتیژی منداڵ زیاد دەکات

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی

هەمیشە منداڵی بچووک زۆر بە ئاسانی هەست بە نائومێدیی دەکات و ئەو هەستانەش زۆر بەهێزن و زۆرجار کاردانەوەی بۆی بە هاوار و لێدان دەبێت، راستە کاتێک منداڵ پێتدا دەکێشێت ئەوە رەفتارێکە دەبێتە جێی دڵەڕاوکێی باوانی، بەڵام ئەو رەفتارە لەلای منداڵ لە تەمەنێکی کەمدا سروشتییە و ئەگەری روودانی زۆرە، ئەو منداڵەی جارێ نازانێت چۆن کۆنتڕۆڵ و ئاراستەی هەست و سۆزەکانی بکات.
باشترین رێگەش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخەدا وەڵامدانەوەیە بە هێمنی، بەڵام بە شێوەیەکی جددی و بۆی روونبکەیتەوە نابێت جارێکی دیکە پێتدا بکێشێت و بۆی روونبکەیتەوە لێدان هەڵەیە و ئەگەر منداڵەکەت چەندجارێک لێیدایت ئەو کاتە دەبێت دۆخەکە شیبکەیتەوە بۆئەوەی بزانیت چیبکەیت تاوەکو نۆبەی تووڕەیی دیکەی تووش نەبێت ئەوەی بەوە کۆتایی دێت بیەوێت لە تۆ بدات.

 بۆچی سەرەتا لە باوانی دەدات؟
 چەند هۆکارێک هەن لە پشت لێدانی منداڵ بۆ باوانی پێگەی Positive Discipline  بۆ پەروەردەی پۆزەتیڤ روونیدەکاتەوە، منداڵان هەندێکجار ئەو رەفتارە دەکەن، چونکە توانا و هونەری پێویستیان نییە بۆ ئیدارەدانی هەستەکانیان و تەعبیرکردن لێیان بەشێوەیەکی قبوڵکراو لەلایەن چواردەوریانەوە، رەنگە بەتەواوەتی فێری قسە نەبووبن یان نەتوانن کۆنتڕۆڵی هەڵچوون و هەستەکانیان بکەن، بۆیە دواجار بەبێ بیرکردنەوە لە ئەنجامەکەی یان رێگەیەکی دیکە بۆ بەدیهێنانی داخوازییەکانیان و گەیاندنی بیرکردنەوەکانیان پەنا دەبەنە بەر لێدان، رەنگیشە لێدان وەکو کەرەستەیەک بەکاربێنن بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان.
هەندێکجار منداڵ لێدان بەکاردێنێت بۆ رێکردن و گەیشتن بەوەی دەیەوێت، بۆیە ئەو منداڵەی لە دایکی دەدات دوای ئەوەی پێیوتووە نەخێر رەنگە هیوای وابێت بەو لێدانە رای دایکی بگۆڕێت و ملکەچی بکات تەنیا بۆئەوەی ئەو بەریەککەوتنە روونەدات.

چی بکرێت؟
پێگەی Very Well Family بۆ پەیوەندییە خێزانییەکان و پەروەردەی گونجاو روونیدەکاتەوە جۆری کاردانەوەت بۆ لێدان بەشێوەیەکی بنچینەیی کاریگەری دەبێت لەسەر ئەگەری ئەوەی جارێکی دیکە دووبارەی دەکاتەوە یاخود نا.
بۆیە لێرەدا هەندێک ستراتیژ دەخەینەڕوو تاوەکو لەو حاڵەتانەدا بەکاربهێنرێن بۆئەوەی خۆت و منداڵەکانت بپارێزیت و پەروەردەیەکی سەلامەتیان پێشکەش بکەیت:

دانانی یاسا و رێسای توند
ئەو یاسا و رێسایانەی لە ماڵدا دایدەنێیت بریتی بن لە رێزگرتن و پارێزگاریکردن لە پانتایی کەسی بەرامبەر و مافەکانیان، لە تەمەنێکی زووەوە بۆ منداڵی روونبکەرەوە لێدان، شەق هاویشتن، گازگرتن یان هێرشکردنی جەستەیی بەهەر شێوەیەک بێت لە شێوەکان رەفتارێکی قبوڵکراو نییە لە ماڵ و هەر شوێنێکی دیکەدا. 
رێسای تایبەت بە خۆت دابنێ بەشێوەیەکی پۆزەتیڤانە و لەبری ئەوەی بڵێیت «نەخێر لێم مەدە» بڵێ «لێدان ئازارم دەدات و وا مەکە» هەروەها گفتوگۆی لەگەڵدا بکە لەبارەی رێساکانەوە تاوەکو دڵنیابیتەوە لەوەی لە ئەنجام و سزای شکاندنی ئەو یاسا و رێسایانە تێگەیشتووە، لەگەڵ دیاریکردنی سزای گونجاو بۆ منداڵ لە چوارچێوەی پەروەردەی پۆزەتیڤی ناسراودا بێ توندوتیژی.

هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی
ئەگەر منداڵەکەت یاسا و رێساکانی دەزانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامبوو لە لێدان ئەو کاتە هەندێک لەم سزایانەی لەگەڵدا بەکاربێنە تاوەکو بە شێوەیەکی تەندروست لەو هەڵسوکەوتە دووریبخەیتەوە:
* کات وەرگرتن: بۆ هەندێک منداڵ کات وەرگرتن یان ئەوەی پێی دەوترێت تایم ئاوت باشترین رێگەیە بۆ رێگریکردن لێیان لە لێدانت، ئەوەش بەوەی کاتێکی دیاریکراوی دەدەیتێ خۆی هێمن بکاتەوە و دووربکەوێتەوە لەو هەڵوێستەی تووڕەی کردووە، چونکە زۆر گرنگە فێربکرێت هەستەکانی رێکبخات و لەو ماوەیەدا ئارام بێتەوە.
*لەدەستدانی تایبەتمەندیی: هەندێکیان پێویستیان بەوەیە سزای زیاتر بدرێن جیاواز لە کات وەرگرتن، بۆیە دەکرێت لێسەندنەوەی هەندێ تایبەتمەندیی ستراتیژێکی گونجاو بێت بۆ پەروەردەکردنیان، بۆ نموونە سنوردارکردنی گەیشتنی بە ئامێرە زیرەکەکان یان هەندێ یاریی یان وەرنەگرتنی ئەو شیرینییەی رێگەپێدراوە بۆ ماوەی 24 سەعات یاخود کەمتر بەپێی تەمەنی منداڵ، تاوەکو منداڵەکە تەمەنی بچووکتر بێت کاتی سزای دوورکەوتنەوەی لەو کەرەستەیەی خۆشیدەوێت کەمتر بێت.
* قەرەبووکردنەوە: داوای لێبکە رۆتینێکی رۆژانەی زیاتر جێبەجێبکات یان وێنەیەکت بۆ بکێشێت تاوەکو قەرەبووی هەڵەکەی بکاتەوە وەکو شێوازێک بۆ داواکردنی لێبوردن.
* خەڵاتکردن: رەنگە پاڵپشتیکردنی رەفتارە باشەکان کاردانەوەی پۆزەتیڤی هەبێت و هانی منداڵ بدات چیتر لێدان بەکارنەهێنێت، بۆ نموونە خەڵاتی بکە بەوەی دەستلێدانی نەرم و بەسۆز بەکاربێنێت لە جیاتی لێدان و رۆژەکە دابەشبکە بەسەر چەند ماوەیەکەوە تێیدا ستیکەر یان هەندێ سیمبول وەربگرێت بۆ کارە باشەکانی، دەشتوانیت پێزانینی خۆتی بۆ دەرببڕیت کاتێک دەستلێدانی نەرم بەکاردێنێت یاخود کاتێک باوەشت پێدا دەکات بەوەی پێی بڵێیت چەند حەزم بە دەستە نەرمەکانی تۆیە پێیدا هەڵبدە گوێتلێدەگرێت و چیتر لێدان بەکارناهێنێت.
*رەفتاری گونجاوی فێربکە: ناکرێت تەنیا پێی بڵێیت «لێم مەدە» بەڵکو دەبێت هونەری پێویستی فێربکەیت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تووڕەیی، بەجۆرێک جێگرەوەی لێدان بێت بۆ تەعبیرکردن لەوەی دەیەوێت، هانی بدە بخوێنێتەوە یان وێنەبکێشێت، هەناسەی قووڵ هەڵمژێت یان بچێتە ژوورێکی دیکە تا هێوردەبێتەوە.
هەروەها لە بارەی هەستەکانەوە فێری بکە وەکو خەمباریی و بێهودەیی و بێزاریی و شڵەژان..هتد، گفتوگۆی لەگەڵدا بکە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هەستانەدا بە رێگەی گونجاو لەگەڵ فێرکردنی ستراتیژی گونجاو یارمەتیدەری بێت بۆ راهاتن و خۆ گونجاندن لەگەڵ هەستەکانیدا.

سزای جەستەیی
دوورکەوتنەوە لە سزای جەستەیی، ئەگەر لە هەندێ بۆنەدا و بەشێوەیەکی سنورداریش بێت لێدان بەکاردێنیت، ئەو کاتە منداڵەکەت تووشی شڵەژان دەکەیت بەوەی بۆ تۆ بۆت هەبێت لێیبدەیت و ئەو بۆی نەبێت لێتبدات، لەبری ئەوەی بەلێدان فێریبکەیت خۆی کۆنتڕۆڵ بکات و زللە لێدان توندوتیژی منداڵ زیاد دەکات و پێگەیPsychology Today  بۆ زانستی دەروونی منداڵ روونیدەکاتەوە منداڵان زیاتر لە رێگەی ئەو رەفتارانەی لە دایک و باوکیان دەیبینن فێردەبن وەک لەوەی بە شێوەیەکی زارەکیی پێیانبوترێت، بۆیە نموونەی ئەو رەفتارانەی دەتەوێت لە منداڵەکەتدا بیبینیت دەبێت لە تۆدا هەبێت.
پیشانی بدە چۆن مامەڵە لەگەڵ تووڕەیی و خەمباری و بێئومێدیدا دەکەیت بە رێگەی کۆمەڵایەتی گونجاو، هەمیشە گفتوگۆ و رای لەگەڵدا بگۆڕەرەوە و لەچوارچێوەیەکی گونجاودا دایبنێ تێبگات لەوەی چۆن هەستدەکات، زۆرکات منداڵ هەست بە سەلامەتی دەکات تەنیا کاتێک دەبینێت گوێی لێدەگیرێت و پێزانینی بۆ دەکرێت. 

سەرچاوە: رویترز عربی   

بابەتە پەیوەندیدارەکان