پەیامی سەرۆک بافڵ بۆ یادی 48 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی و 47 ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ

10:31 - 2023-06-01
کوردستان
268 جار خوێندراوەتەوە

لە یادی 48 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و 47 ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، پیرۆزباییەکی گەرم لە خەڵکی خۆشەویستی کوردستان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و تێکۆشەرانی رێی خەبات دەکەم.
سڵاوی رێز و وەفاداری بۆ رابەر و سەرکردەمان سەرۆک مام جەلال و سەرجەم دامەزرێنەرانی یەکێتی و بزوێنەرانی ئەم شۆڕشە دەنێرم و خۆمان بە قەرزاری خەباتی بێوچان و مێژووی پڕ لە شانازیتان دەزانین.
ئەمڕۆ بۆ ئێمە رۆژی دووپاتکردنەوەی وەفاداری و پابەندبوونە بە خوێنی شەهیدان و بنەما نەگۆڕەکانی یەکێتی کە خۆی لە چەسپاندنی (ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین) دەبینێتەوە.
کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ئاڵنگاری گەورەمان لەپێشە، جگەلە یەکڕیزی و تەبایی هیچ رێگەیەکی تر ناتوانێت زامنی مانەوە و بەهێزیی قەوارەی هەرێم بکات. دەمانەوێت گفتوگۆ و سازان بنەمای چارەسەری کێشەکان بێت و دوور لە خۆسەپێنی، پێکەوە کوردستان بەرەو داهاتوویەکی گەشتر ئاڕاستە بکەین. ژیان و سەرفرازیی خەڵکەکەمان خەمی گەورەمان بێت و بەرژەوەندییە کەسی و حزبییەکان، ئامانجە باڵاکانمان لەبیر نەباتەوە. 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە دەستپێشخەربووە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەپێناوی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان. خەباتی کردووە لەپێناوی بەهێزکردنی پایەکانی حوکمڕانی و دیموکراسی و فراوانکردنی سنوورەکانی ئازادی. بڕوای تەواومان بە کاری هاوبەش و پێکەوەییە لەپێناوی سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و رووبەڕووبوونەوەی گرفتەکان. دەبێت ناکۆکییەکان لە رابردوودا جێبهێڵین، پێکەوە بەرەو ئایندەیەکی سەقامگیرتر هەنگاوبنێین و ئەو ژیانە بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەر بکەین کە بەڵێنمان پێدابوون.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە بانگەشەی پێکەوەیی و یەکگوتاریی کردووە، چونکە پێمانوایە بەهێزیمان پەیوەستە بە پێکەوەبوون و یەکدەنگیمانەوە. لەم پێناوەشدا هەموو هەوڵێکمان داوە و ویستوومانە لە بەغدا نوێنەری راستەقینەی خەڵکی هەرێم و بەدیهێنەری مافە یاساییەکانمان بین. لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە عیراق هەوڵمان بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکان داوە و بەردەوامیش دەبین. دەمانەوێت لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە و قووڵکردنەوەی پێکەوەژیان، داهاتوویەکی گەشتر بۆ خەڵک و وڵات مسۆگەر بکەین.
خەڵکی خۆشەویستی کوردستان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و هەموو یەکێتییە دڵسۆزەکان دڵنیا دەکەینەوە کە ناهێڵین یەکێتی لە رێبازە پیرۆزەکەی لابدات و بە رۆحی خۆمان چارەنووسی حزبە تێکۆشەرەتان دەپارێزین. یەکێتیی ماڵی هەمیشەیی ئێوە بووە و هەروا دەمێنێتەوە.

دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرۆک مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان.



بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان