باڵیۆز د.محەمەد سابیر: یەکێتی، تێز و بنەماكانی كارکردنی سەرۆك مام جەلال-ی كردووە بە ئەجێندا و كارنامەی خۆی

11:45 - 2023-06-01
کوردستان
243 جار خوێندراوەتەوە

لە پەیامێكدا، بەبۆنەی چلوهەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، باڵیۆز د.محەمەد سابیر سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، رایدەگەیەنێت: ئەم یادە یادكردنەوەی هەزاران شەهیدی قارەمان و سەركردەی بەتوانا و سەرۆكێكی مێژوویی و حەكیم و نموونەییە، كە تەواوی تەمەنی بۆ خزمەتی گەلەكەی تەرخانكرد و تا دواساتی تەمەنی ببووە سەمامی ئەمان لە عیراق و كوردستانیش بۆ مافی هەموو چینوتوێژ و پێكهاتەكان.
لە پەیامەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە ئەم یادە تەنیا یادكردنەوەی دامەزراندنی حزبێكی خەباتگێڕ و خاوەن قوربانیی زۆر و دەستكەوتی گەورە، نییە، بەڵكو یادكردنەوەی شۆڕشی میللەتێكە لەپێناوی ئازادی، دیموكراسی، یەكسانی، چەسپاندنی مافی مرۆڤدا، كە هەر لەسەرەتاوە بەیاننامەی دامەزراندنی خۆی و ئومێدی خەڵكی بڵاوكردەوە و شۆڕشێكی راستەقینە لەوساتەوە هەڵگیرسا، كە بە خوێنی هەزاران شەهیدی سەربەرز، گەیشتە ئامانجی رەوای خۆی.
پەیامەكە، تەئكیددەكاتەوە كە لەم قۆناغەدا لە هەموو كات زیاتر میللەتەكەمان پێویستی بە پرەنسیپەكانی لێبوردەیی و حیكمەت و دووربینی و قبوڵكردنی بەرامبەر هەیە كە سەرۆك مام جەلال سەرمەشق و داهێنەریان بووە و كردوونی بە بنەمای كار و خەباتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
لە كۆتایی پەیامەكەدا، هاتووە: ئەم هەلومەرجە ئەو راستییە دووپاتدەكاتەوە كە غیابی سەرۆك مام جەلال چەندە بۆ یەكێتی كاریگەرە و جێگەی پڕنابێتەوە، كوردستان-یش سەرۆك و پایەیەكی گەورەی حوكمڕانی و سەركردایەتیكردنی بەرەو كەناری ئارامی؛ لەدەستداوە، بۆیە یەكێتی بەدرككردن بە هەستیاریی رەوشەكە، بەتوندی دەستی بە تێز و بنەماكانی كارکردنی سەرۆك مام جەلال-ەوە گرتووە و كردوونی بە ئەجێندا و كارنامەی بۆ ئێستا و داهاتووی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان