كه ساردی و بێزاری یه‌خه‌مان ده‌گرێت و له ناو فه‌زای بێدادییهكانی رۆژگار خۆمان ده‌بینینه‌وه و هه‌ركاتێك ده‌گه‌ینه ئاستێكی به‌رز له توڕه‌بوون، ئه‌وا به نیگایه‌ك له كاروانی درووروو درێژی ئه‌وانه‌ی خۆیان كرده قوربانی بۆ ئێمه، شه‌رم و به ئاگاهاتنهوهیهك رێگه‌ی هه‌ڵه‌مان لێده‌گرێت و ده‌ڵێین: ئه‌گه‌ر له‌به‌ر خۆشمان نه‌بێت، هه‌ر له‌به‌ر خه‌ون و ئامانجی ئه‌وانه‌ی له كاروانی سووری شۆڕشدا بوونه ئه‌ستێره‌ی روشنكردنهوهی ئایندهی ئێمه، با ده‌ست به پهیامهكهیانهوه بگرین و ئیلهامی نه‌خشه‌ی چاككردن و رۆشنكردنه‌وه‌ی رێگه‌ی ژیانمانی لێ به‌رهه‌م بهێنین.
رۆحی شه‌هیدان، گیانی شه‌هیدان و مێژووی جه‌ربه‌زه‌یی شه‌هیدانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و تێكڕای شه‌هیدانی راسته‌قینه‌ی گه‌لی كورد، له هه‌ر سات و رۆژێكدا زه‌نگی به ئاگاهاتنهوهمانه.
چیرۆكی ئازایه‌تی شه‌هیدان، رووداوی سه‌یرو سه‌رنجڕاكێش و مهحاڵشكێنی شه‌هیدان له‌به‌رده‌م مه‌رگدا، ده‌سته‌به‌ری ژیانی ئێمه‌و نه‌وی ئاینده‌مانه، كاروانی سه‌ختی شۆڕش و ژیانی دژواری شۆڕشگێڕان نیشانه‌ی زیندووێتی گه‌لێكه، نیشانه‌ی رازینه‌بوونی گه‌لێكه به ژێرده‌سته‌یی و هه‌رواش رازینهبوونیهتی به واقیعی سته‌م و داگیركاری، هه‌ر گه‌لێك له خۆی پرسییه‌وه و ملی بۆ ملهوڕان نه‌داو سه‌ری نه‌وی نه‌كرد، دره‌نگ یا زوو ئه‌و گه‌له هه‌ر به‌مراد ده‌گات و له‌سه‌ر كه‌لاوه‌ی رووخاوی سته‌م، دنیایه‌كی جوان و دادپه‌روانه فه‌راهه‌م ده‌كات، رێگه‌ی ئه‌و خه‌ونه‌ش چه‌نده دژوار‌و له‌مپه‌ره‌كان چه‌نده زۆر‌و پته‌وبن، به‌دیهاتنی شتێكی حه‌تمییه.
جا هه‌ر گه‌ل و میلله‌تێك خاوه‌نی هه‌زاران رێبواری كاروانێكی ئاوابێت، شانازی به‌خۆیه‌وه ده‌كات و وه‌ك هێزی مانه‌وه‌ی خۆی، لێی دڕوانێت.
كه‌واته رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی كه رۆژی ئه‌و هه‌زاران رێبواره‌ی رێگه‌ی سه‌رفرازیمانه، مایه‌ی شانازییه بۆ ته‌واوی گه‌لی كوردستان كه تا به خۆمان و بهدنیاش بڵێین: ئێمه خاوه‌نی ئه‌و مێژووه‌ین له قوربانی، قوربانی و گیانبه‌خشین بۆ مانه‌وه‌و بۆستاندنهوهی مافی داگیركراومان.
مێژووی سه‌ره‌تای كاروانی شه‌هاده‌تی پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له یه‌كه‌م مه‌فره‌زه‌ی ناوخۆی شۆڕشی نوێوه ده‌ستپێده‌كات، كه به مه‌فره‌زه‌ی شاره‌زوور ناودێركراوه، ئه‌و پۆله تێكۆشه‌ره‌ی هه‌ر له راگه‌یاندنی شۆڕشه‌وه ده‌شتی شاره‌زووریان كرد به یه‌كه‌م سه‌نگه‌ری به‌گژداچوونه‌وه‌ی دوژمن و له رۆژی 13/9/1976 له گوندی قاینجهی سه‌ر به شارۆچكه‌ی سه‌یدسادق، مێژووی نوێی به‌رگرییان له به‌رامبه‌ر هێزێكی زۆر‌و پڕچه‌كی سوپای عیراق، تۆماركرد، نووسینه‌وه‌ی دێڕه‌كانی ئه‌و سهكهوتنهش به خوێنی پێشمه‌رگه و شاعیری لاو (فاتیح شێخ حه‌یده‌ر) بوو كه بووه یه‌كه‌م شه‌هیدی شۆڕشی نوێ له سنووری پارێزگای سلێمانی.
ئیدی له‌وێوه تاڤگه‌ی خوێنی رۆڵه‌كانی یه‌كێتی فواره‌ی به‌ست و رۆژ دوای رۆژیش خوڕه و هاژه‌ی زۆرتر‌و به‌تینتری ده‌دا، هه‌تا تاڤگه‌ی خوێنی شه‌هیدانیش به‌هێزتر ده‌بوو، باشتر له‌شكری دوژمنی راده‌ماڵی و خاكی وشك و تینوی كوردستانی، ته‌ڕو پاراوتر ده‌كرد.
به‌ڵێ، ئه‌و تاڤگه‌یه‌ی كه به‌خوێنی شه‌هیدانی یه‌كێتی جارێكی تر به گوڕتر و خوڕتر ژیایه‌وه، وشكه‌ساڵیی كهساسیی بۆكردینه ساڵی به پیت و به‌ركه‌تی هه‌ڵسانه‌وه و قۆناخ به‌قۆناخ ته‌واوی خاكی كوردستانی پاراوكردو له پیسی و پێخوستی داگیركه‌رانی پاككرده‌وه و گوڵی ئازادی بۆ كردینه دیاری.
سه‌رده‌میش هه‌رچییه‌ك بێت و كێشه‌كان هه‌رچه‌ند و چۆنێك بن، په‌یوه‌ندی به شتێكی دیكه‌وه هه‌یه و بێ به‌رییه له خه‌باتی خه‌باتگێڕان و بێبهریشه له مێژووی شه‌هیدان.
شه‌هید شیهاب
شه‌هیدی سه‌ركرده شیهاب شێخ نوری شێخ ساڵح ساڵی 1932 له‌دایك بووه، له‌ساڵی 1948 ه‌وه كه خوێندكاری كۆلیژی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ بووه له‌به‌غدا، تێكه‌ڵ به‌كاری سیاسیی بووه.
ساڵی 1963 پهیوهندییكردووه به‌شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه و له‌هێزی رزگاری بووه‌ته رابه‌ر سیاسی و لێپرسراوی ئیداره‌ی هێزه‌كه.
یه‌كێك بووه له دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی-لینینی كوردستان (كۆمه‌ڵه‌ی رهنجهرانی كوردستان) له 10/6/1970 دا، له ساڵی 1972شدا بۆته سكرتێری كۆمه‌ڵه‌كه.
پاش نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول له ساڵی 1975 شه‌هید خاڵه‌شیهاب پێی له‌سه‌ر به‌رپاكردنه‌وه‌ی شۆڕش داده‌گرت.
دوای ئاشكرابوونی رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه له‌لایه‌ن عیراقه‌وه، شه‌هید شیهاب له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كیدا رووده‌كه‌نه ئێران و له‌وێ ده‌ستگیرده‌كرێن و له1/6/1976 رژێمی شای ئێران ته‌سلیم به‌ڕژێمی عیراقیان ده‌كاته‌وه، له‌زینداندا بۆ وره به‌خشین به‌هاوڕێكانی دروشمی كه‌م ژیان و كه‌ڵ ژیان-ی داهێنا.
له‌رۆژی 21/11/1976 له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانیدا له ئه‌بوغرێب له‌سێداره‌درا.
شه‌هید جه‌عفه‌ر عه‌بدولواحید
شه‌هیدی سه‌ركرده جه‌عفه‌ر عه‌بدولواحید ناسراو به‌مامۆستا جه‌عفه‌ر، ساڵی 1945 له دایكبووه‌و كۆلێژی ئاداب به‌شی ئینگلیزیی له‌زانكۆی موسته‌نسرییه ته‌واوكردووه.
یه‌كێك بووه له‌وانه‌ی له‌ریزه‌كانی یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستانه‌وه تێكه‌ڵ به‌كاری سیاسیی بووه و له‌شۆڕشی ئه‌یلولیشدا به‌شدارییكردووه.
له‌ساڵی 1970دا به‌نهێنی پهیوهندییكردووه به‌ڕێكخستن و ئه‌ڵقه رۆشنبیرییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی- لینینی كوردستانه‌وه‌و له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیشدا په‌یوه‌ندیی پێوه‌كردووه و ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بووه.
رۆژی 21/11/1976 له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانیدا له ئه‌بوغرێب له‌سێداره‌دران.
شه‌هید ئه‌نوه‌ر زۆراب
شه‌هیدی سه‌ركرده ئه‌نوه‌ر زۆراب، ساڵی 1950 له شاری كه‌ركوك له دایكبووه.
له‌سه‌ره‌تای لاوێتییه‌وه تێكه‌ڵاوی كاری سیاسی بووه‌و له‌ریزه‌كانی یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستاندا كادیرێكی ههڵسوڕاوبووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كێك بووه له‌لایه‌نگرانی بیری چه‌پی كوردستانی له‌كاتی شۆڕشی ئه‌یلولدا، بۆیه به‌نهێنی په‌یوه‌ندیی كردووه به‌ئه‌ڵقه رۆشنبیرییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی لینینیی كوردستانه‌وه و لێپرسراوی رێكخستنه‌كانی به‌غدا و باشووری عیراق بووه.
له ساڵی 1976 له‌به‌غدا ده‌ستگیركرا و له‌رۆژی 21/11/1976 له‌گه‌ڵ شه‌هیدان خاڵه‌شیهاب و جه‌عفه‌ر عه‌بدولواحید له‌ئه‌بوغرێب له‌سێداره دران.