مووچەی فەرمانبەران نەک شەڕی راگەیاندن!

07:22 - 2024-03-22
له‌تیف نێروه‌یی
128 خوێندراوەتەوە

چەند رۆژێکە بەبێ رەچاوکردنی مانگی رەمەزانی پیرۆز، کە مانگی خێر و ئاشتی و لێبووردەییە، هەروەها بەبێ رەچاوکردنی جەژنی نەورۆز کە جەژنی نەتەوەیی و هێمای یەکڕیزی و تەبایی گەلی کوردستانە، هەروەک بەبێ رەچاوکردنی ئەو هەلومەرجە هەستیارەی کە هەرێمی کوردستانی پیادا تێدەپەڕێت، هەڵمەتێکی توندی ناڕەوا و بێ مانا و بەزمانێکی زبر لە دژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستیپێکردووە. لەسەر ئەو هەڵمەتە ئێمە بە گیانێکی بەرزی بەرپرسیارانەوە خۆمان لە وەڵامدانەوەی ئەو جۆرە پەیامانە دوورەپەرێز دەگرین و وەڵامیان نادەینەوە، چونکە لە لایەکەوە قۆناغە پێویستی بەیەکڕیزی و تەبایی و رێکخستنی ناو ماڵی کورد هەیە بۆ ئەوەی پێکەوە رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە، لە لایەکی دیکەوە  ئەوانەی هەڵمەتەکەیان دەستپێکردووە، لەو تیپە وەرزشییە دەچن کە دڵنیان   لەوەی ناتوانن یارییەکە ببەنەوە و ئەنجامی یارییەکە بەشكستی خۆیان کۆتایی دێت، بۆیە هەوڵی تێکدانی یارییەکە  دەدەن. بۆ ئەو مەبەستە گێچەڵ بە حەکەم و چاودێرانی یارییەکە دەکەن و هەوڵیشدەدەن شەڕ بە کاپتن و یاریزانانی تیپەکەی بەرامبەر بفرۆشن تاوەکو  یارییەکە تێکبدەن. بۆیە  ئێمە وەکو میدیای یەکێتی دان بەخۆماندا دەگرین و و ناکەوینە ژێرکاریگەری ئەو جۆرە پەیامانە و بێدەنگی هەڵدەبژێرین.
جگە لەوە ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە تەنها دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بۆئەوەی کۆتایی بەو مەترسی و ئاڵنگاریانە بێنێت کە رووبەرووی هەرێمی کۆرستان بوونەتەوە، نەک سەرقاڵکردن و بێزارکردنی هاووڵاتیانی هەرێم بە پەیامی زبری بێ مانا، چونکە هاووڵاتیانیش چاویان لە وەرگرتنی مووچەی خۆیانە نەک لە پەیامی توند و شەڕی راگەیاندن.

 بەسەرچوونی زمانی زبر و چەواشەکارانە 

راستییەکی دیکەش هەیە کە سەردەمی زمانی زبر و پەیامی ناڕاست و چەواشەکاری بەسەرچووە و هاووڵاتیان ناکەونە ژێرکاریگەری ئەو جۆرە پایامانەوە، بەڵگەش بۆ ئەو راستییە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە، چونکە ئەگەر بە پەیامی زبر و ناوزڕاندن بووایە ئەوا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عيراقدا دەبوایە لایەنێکی سیاسی کوردستانی هەموو کورسییەکانی پارێزگای کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەی  ببردایەتەوە، یان ئەگەر بەبڵاوکردنەوەی پەیام و هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری بوایە ئەوا دەبوایە لایەنێکی دیکەی کوردستانی هەموو کورسییەکانی کەرکوکی بۆ خۆی مسۆگەر بکردایە، بەڵام ئەنجامەکان دەریانخست کە جەماوەری کوردستان هۆشیارە و نەک ناکەوێتە ژێرکاریگەری ئەو جۆرە پەیامانەوە، بەڵکو بێزاربووە لەو جۆرە پەیامانە و بەکارهێنانی کارتی زمانی زبر و ناوزڕاندن، یان بەردەوامبوون لەسەر بڵاوکردنەوەی پەیامە ناڕاست و چەواشەکارییەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا دوو کارتی خەوش و سووتاو دەبن.

وتارەکانی نوسەر