وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی تایبەت بە هەڵوێستی یەكێتی

05:53 - 2024-04-15
له‌تیف نێروه‌یی
94 خوێندراوەتەوە

لەتیف نێروەیی

لە ماوەی هەفتەی رابردوودا زۆرترین پرسیار كە ئاڕاستەی یەکێتی كرابن، بریتین لە:

پرسیاری یەكەم: ئایا راستە یەکێتی و پارتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رێکەوتوون، کە لایەنێکی سیاسی لە رێی میدیای خۆیەوە رۆژانە ئاماژە بەوە دەدات؟

پرسیاری دووەم: ئەگەر  هەڵبژاردن بکرێت و دوانەخرێت بەڵام لە سنووری هەولێر و دهۆك رێگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بكرێت، هەڵوێستی یەكێتی چی دەبێت؟ چونكە بەشێك لە كادیرانی پارتی هەڕەشە دەكەن گوایە رێگا نادەن لە سنووری هەولێر و دهۆك هەڵبژاردن بكرێت.

پرسیاری سێیەم: هەڵوێستی یەكێتی بەرامبەر بە هەژماری من چییە؟ ئایا پشتگیری لێ دەكات، یان پشتگیری لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكات؟ 

وەڵامی پرسیارەکان:
ٓٓٓ- سەبارەت بەوەی  ئایا یەکێتی لەگەڵ پارتی رێکەوتووە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەکان؟
وەڵام: بریاری دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن یان بریاردان لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەکان بەدەست حزبەکانەوە نییە تاوەکو یەکێتی یان هەرحزێکی دیکە رێکەوتن بکات بەڵکو ئەو پرسە پەیوەستە بە سەرۆکی هەرێم و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە. ئەو لایەنەی رۆژانە هەواڵێکی داتاشراوی ناراست بڵاودەکاتەوە گوایە یەکێتی و پارتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەکان رێکەوتوون،   تەنها وەکو بانگەشەیێکی پێشوەختەیە و دەیەوێت شەرێکی دەروونی لەگەڵ ئەندامان و دەنگدەرانی یەکێتیدا بکات. ئەگینا لە راستیدا ئەو لایەنە  ژێربەژێر هاوشێوەی پارتی  هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن دەدات بەڵام بەئاشكرا و لە رێی میدیاوە پەیامێکی پێچەوانە ئاراستە دەکات. چونکە دروستبوونی چەند هاوپەیمانی و گرووپ و خۆکاندیدکردنی کەسایەتی سەربەخۆ کە هەموویان لەسەر دەنگی نارازی کاردەکەن بۆ ئەو لایەنە سپرایزێکی دڵخۆشکەرانە نییە و دەیەوێت دەستە چەورەکەی بەلایەنێکی دیکەوە بسرێتەوە.
- سەبارەت بەپرسیاری دووەم کە تایبەتە بە ئەگەری رێگریکردن لە هەڵبژاردن لە سنووری هەولێر و دهۆک و هەڵوێستی یەکێتی لەو بوارەدا:  یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێکی فەرمی و شەفافی هەیە و لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دایە و نایەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت، چونكە دواخستنی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی  هەرێمی كوردستان و  پڕۆسەی دیموکراتی و سەقامگیریی سیاسی و مانەوەی قەوارەی هەرێمدا نییە، بەڵام سەرپەرشتیكردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و دانانی سندوقەكانی دەنگدان و پاراستنی سندوقەكان پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەكانی عیراقەوە هەیە و كۆمسیۆنیش سەر بە حكومەتی فیدراڵە و هەر كێشە و گرفتێك لەو بوارەدا هەبێت كۆمسیۆن لێی بەرپرسیار دەبێت و هەوڵی چارەسەركردنی دەدات، بۆ ئەو مەبەستە حكومەتی عێراق پشتگیری مادی و مەعنەوی و یاسایی كۆمسیۆن دەكات.
ٓ - سەبارەت بە پرسیاری سێیەم كە تایبەتە بە سیستمی بانکیی فەرمانبەرانی (هەژماری من)، داخۆ هەڵوێستی یەكێتی سەبارەت بە (هەژماری من) چییە؟  
-لەسەر ئەم پرسەش یەکێتی هەڵوێستێکی  رۆشنی هەیە، چونكە ئەوەی بە لای یەكێتییەوە گرنگە دابینكردن و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی ئەو كێشەیەیە بەشێوەیەكی ریشەیی و دادگای فیدراڵی رێكارێكی یاسایی بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە دیاریكردووە و ئێمە رێز لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەگرین. بۆیە بەلای ئێمەوە هەژماری من بمێنێت یان نەمێنێت گرنگ نییە، بەڵكو ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە و هەر ئاستەنگ و بەربەستێک بخرێتە بەردەم دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ، پێچەوانەی سیاسەت و ستراتیژی یەکێتییە و لەگەڵ ئەو جۆرە بریارانە نەبووین و نابین.

وتارەکانی نوسەر