حزبی دوور لە خەڵک مانای نامێنێ

10:20 - 2024-03-28
هیوا محەمەد
503 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

ئەگەر پردی نێوان حزب و خەڵک درزێکی گەورەی تێکەوت، ئیدی بە کەڵکی ئەوە نایەت بۆ پەڕینەوە بەکاربهێنرێت.
لەهەر گۆشەیەکی ئەم جیهانە، حزب ئامڕازی بەڕێوەبردن و بنیاتنان و خزمەتکردنی کۆمەڵگەیە، هەر حزبێک ببێتە هۆکاری هێنانەکایەی کێشە و قەیران بۆ خەڵکەکەی، ئەوا مانای راستەقینەی خۆی لەدەست دەدات و لە حزبەوە دەبێتە دەستەیەک لە کەسانی مشەخۆر بەسەر خەڵکەوە و لەم رێیەوە خۆیان دەوڵەمەند دەکەن.
خەڵک لە وڵاتێکدا، کاتێک نوێنەرەکانیان هەڵدەبژێرن و لەوێوە دەچنە ناو پۆستە حکومییەکانەوە و وڵات بەڕێوەدەبەن، متمانەیان پێیانە، بۆیە بە شێوەیەکی ئاسایی ژیان بەڕێوەدەچێت، ئەوان ئیدارەکردنەکە بە دادپەروەرانە و دوور لە گەندەڵی دەکەن، خەڵکیش بەشدار دەبێت لە بنیاتنانی کۆمەڵگە و هاوکاریی حکومەت دەکات لە سەقامگیریی و سەپاندنی یاسا، بەڵام کە هەستیان کرد حکومەت ئەدای خۆی بەپێی پێویست ناکات، ئەوا هەم متمانەیان پێی نامێنێت، هەمیش رۆڵی خۆیان وەک تاکی کۆمەڵگە نابینن و پارێزەری ئاسایش و سەقامگیری و جێبەجێکردنی یاساش نابن.
حکومەت کە دەڵێت ناتوانین مووچە بدەین، دەبێت لەخۆی بپرسێت ئەی حکومەتی چییە؟ ئەگەر هەرێم قەوارەیەکە هاوشێوەی دەوڵەت و حکومداری، ئەوا دەبوو یەدەکی مووچەی لانیکەم یەک ساڵیشی هەبوایە لە رێگەی پلاندانان و نەخشەڕێی درێژخایەنەوە.
حکومەتێک نەتوانێت مووچەی مانگێک دابین بکات، ئەی ئەم هەموو خەرجییە زیادەیەی بۆ چییە لە سەرۆکایەتی هەرێـم و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران کە ملیاران دیناریان بۆ خەرج دەکرێت، ئەگەر خەزێنەی حکومەتێک بەرامبەر یەک ساڵی خەرجییە گشتییەکانی پارەی تێدا نەبێت، ئیتر حکومەتی چی و قەوارەی چی؟ 
قەوارە بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن وەک کارتێک کە دوژمنان روومان لێبنێن و بەکارمان بهێنن بە ویستی خۆیان؟
چۆن دەبێت حکومەتێک کە بارەگای سەرەکیی لە هەولێرە و بێدەنگیی هەڵبژاردووە لە دابەشنەکردنی مووچە و وەڵامی کەس نەداتەوە، کەچی لە سلێمانی خۆپیشاندان لەدژی بکرێت و هیچ کاریگەرییشی نەبێت؟ 
خەڵک دەبێت ئەو راستییە بزانن کە مووچەی وەرگیراو لە بەغدا، لای کەسێکە کە سەرۆکی حکومەتە و هەر ئەویش سەلماندی تاکە دەسەڵاتە کە بڕیار دەدات بۆ پێدان و نەدانی مووچە، ئەوە ئەوە دەتوانێت بەجۆرێک لەگەڵ بەغدا رەفتار بکات کە قەیرانەکان چارەسەر بکرێن، هەر ئەویشە دەتوانێت ببێتە رێگر و ئەو رەفتار و بیرکردنەوەیەش گەیاندیانینە ئەمڕۆ.
تاوان نییە کە بڵێێن ئەم حکومەتە بەپێی پێویست هەنگاوی نەنا و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەبری باشترکردن، خراپتری کرد و لەبری دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی، کارەکەیان گەیاندە دادگای پاریس و داگای باڵای فیدراڵی.
هەر بەهۆی هەنگاوە ناڕێکەکانی بەشێک لە دەستڕۆیشتووەکانی ئەم حکومەتەوەیە کە پەرلەمانیش سڕکرا. 
عەیبی تێدا نییە، ئەمانە وەک راستی بوترێن، بەڕیوەبەرانی هەرێم و حکومەتیش دەبێت خۆیان بزانن کە خەڵک بە شوێن باشتردا دەگەڕێت، سبەی بەدەنگەکانیان باشترەکان دیاریدەکەن و هیچ رۆڵێک بۆ ئەوانە نامێنێتەوە کە نەک هەر کەمتەرخەم بوون، بەڵکو لە دەرگای گەندەڵییشیان داوە و خەڵکیان بەرەو کارەسات بردووە.

وتارەکانی نوسەر