تەلارسازی باش لە بوومەلەرزەش ناترسێت

10:56 - 2024-04-18
پرژە زاهیر جەلال
250 خوێندراوەتەوە

پرژە زاهیر جەلال 

تەلارسازی کارامە، بە نەخشەی گونجاو و بە ستوونی توند و پتەو و کەرەستەی باش و تەکنۆلۆژیای سەردەم، بناغەی بیناکان دادەنێت، ترسی نییە لە داڕمانی، بۆیە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام ئەگەر وای نەکرد،  ئەوا هەمیشە دڵی لای ئەوەیە زەمین لەرزەیەک بێت و بیڕوخێنێت و ئەوکات بەشوێنیدا بگەڕێن و تاوانباری بکەن، وەک ئەوانەی لە زەمین لەرزەی پارساڵی تورکیا زۆریان دران بە دادگا.
تەلارسازی وڵاتێک، سەرۆکەکەیەتی کە رۆڵی سەرەکی دەبینێت، بەڕێوەبەرانی وڵاتەکە فێری ئەمینداری و دڵسۆزی دەکات، بناغەی ئەم سەرۆکە پێش هەموو شتێک خۆشەویستی میللەتەکەیەتی کە لە ئەنجامی هەنگاوی باش و بنیاتنەر لای خەڵک دروست دەبێت بۆی.
کاتێک سیستمی بەڕیوەبردنەکە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت، بێ جیاوازی توێژ و چینایەتی، بە سەپاندنی یاسا و دادپەروەری، هێنانەکایەی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی، ئیتر بناغەی وڵات لە سایەی سەرۆک و بەهێزیی پەیوەندییەکانی بە میللەتەوە بەهێز دەبێت.
جگە لەمانە سەرۆکی دادپەروەر دەبێت بڕوای بە هەڵبژاردن و  دەستا و دەست کردنی دەسەڵات هەبێت، چەند ساڵ جارێک و بە شێوەیەکی دیموکراسیانە، ئامادەی چۆڵکردنی کورسی دەسەڵات بێت بۆ کەسی شیاوی دوای خۆی، چونکە دەبێت باوەڕی بەوە هەبێت کەسانی دیکەش هەن هاوشێوەی ئەو و رەنگە زیاتریش توانایان هەبێت و درێژە بەو کاروانی خزمەتکردنی کۆمەڵگە بدەن.

 

باشیی کار و هەنگاوەکانی سەرۆکی وڵات وا لە هاووڵاتیان دەکات بۆ چەندین خول هەڵیبژێرنەوە

لەگەڵ ئەوەشدا رەنگە باشیی کار و هەنگاوەکانی سەرۆکی وڵات وا لە هاووڵاتیان دەکات بۆ چەندین خول هەڵیبژێرنەوە. چونکە خەڵک هەست بەوە دەکەن لەژێر سەرۆکایەتی ئەودا، وڵاتەکەیان هەر لە پێشکەوتنی بەردەوامدایە شەقامەکان و رێگەوبان چاکدەکرێن، نەخۆشخانەکان پڕن لە چارەسەر و دکتۆر و دەرمان، ژیانی خەڵک پارێزراوە، بازاڕی کار جمەی دێت، هەژاری کەمکراوەتەوە و دروستکردنی پڕۆژەکان بۆ کرێنشینان و بێ لانەکان بەردەوامە، خزمەتگوزارییەکان و پێویستییەکانی ژیان لەبەردەستە، پەیوەندیی وڵاتەکە لەگەڵ درواسێکانی باشە دوور لە جەنگ و ململانێ، لەژێر دەستی ئەودا ئاشتی بەرقەرارە، ئیتر ئەمانە ئەو شتانەن کە خەڵک دەیەوێت.
دەبێت کردارەکان سەلمێنەری بەڵینەکان بن  تا خەڵکی بیبینن درکی پێبکەن، ئەمانە وادەکەن هەم سیستمی بەڕێوەبردن و هەمیش سەرۆکەکە سەرکەوتوو بن. کاتێک سەرۆک و دەسەڵات، هێزی گەلی لەپشت دەبێت، کە سەرۆک بزانێت، سەرچاوەی هێز بۆ مانەوەی خۆی و دەسەڵاتەکەی، پاڵپشتیکردنی خەڵکە لێی.
ئەمڕۆ لەم هەرێمە، کورد خاوەنی چەندین بنەماکانی حوکومڕانییە، ئەگەر دەسەڵات مەبەست و ئامانجی سەرەکی پێشکەوتن بێت، ئەوا بە یەک هەنگاو 10 ساڵ پێشدەکەوین.

وتارەکانی نوسەر