جەلەوە ...و مسك الختام

10:06 - 2024-04-21
عیماد ئەحمەد
134 خوێندراوەتەوە

لە دوابەش و دوا پەراوێزی سەربوردە و  چیرۆکی ژیانی راستەقینەی جەلەوە، دەمەوێت باسی عەرەبە رەسەنەکانی جەلەوە بکەم کە بوون بە دوا میوانی خۆشەویستی ناو دیوەخانی یادەوەریمان.

جەلەوە بەشێکی دەگمەن و رەسەنی شاری خانەقییە، خانەقیش روحە زیندووکەی کوردستانە!

بۆ (تەعریب)ی خانەقی نەهاتبوون
عەرەبەکانی جەلەوە بەشێکن لە مێژووی هاوچەرخی  خانەقی، ئەوان رۆح و هەناسەیان تێکەڵ بە ئەڵوەن و بۆنی باخەکان بووە.
ئەمان... بۆ (تەعریب) کردنی خانەقی نەهاتبوون، بەڵکو بۆ پەیداکردنی رزق و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و تێکەڵبوون بە خەڵکی رەسەنی خانەقی هاتبوون.
لە سەرەتای هاتنە ژوورەوەی گەڕەکی جەلەوە لەلای کۆپری گەورەوە لە دەستی چەپدا، بە خانووەکەی حاجی مەجید دەسپێدەکات کە بینایەکی جوانی دوو قات، بە خشت و گەچ و چیمەنتو لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابوردوودا دروستکراوە، نهۆمی خوارەوەی کرابوو بە قاوەخانە و سەرەوەش حاجی مەجید و خێزانەکەی تیایدا دەژیان، بۆ ئەو سەردەمە ئەم خانووە لەچاوی ئێمەوە زۆر جوان و نایاب بوو.
حاجی مەجید وەستای بیناسازی و  لە هەمان کاتدا بەڵێندەری ئەو بوارەش بوو، لە دوای رووخاندنی پاشایەتی لەلایەن عەبدولکەریم قاسمەوە و بە هیممەتی عادل جەلالی خەڵکی خانەقی کە یەکێک لە ئەفسەرانی ئازادیخوازان و وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی عیراق بوو، پردێکی ئاسنین لەسەر ئاوی ئەڵوەن دروستکرا، هەرچەندە دوای کەمتر لە ساڵێک، لافاو  پردەکەی برد، بەڵێندەری دروستکردنی پردەکە حاجی مەجید بوو، خەڵکی خانەقی و جەلەوە هەزار و یەک قسە و تۆمەتیان بە ناوبانگی ئەو پیاوەدا هەڵواسی .
حاجی مەجید  پیاوێکی سپی رەنگ و قەڵەو و چاو کاڵ بوو، کەواو سەڵتەی لەبەر دەکرد و جامانەی دەبەست، لە کاتی ئیشکردندا کەسێکی توند و تووڕە بوو، عەرەب و سوننە مەزهەب بوو.
ماڵی رەئیس کەریم لە تەنشت قوتابخانەی هاشمییەی سەرەتایی کوڕان بوو کە تائێستاش ئاسەوارەکەی هەر ماوە و جوانییەکی تایبەتی بە جەلەوە و خانەقی دابوو، کە خۆی و کوڕەکانی ئەفسەری دەرەجەداری سوپای عیراق بوون، ئەمان عەرەبی سوننە مەزهەب بوون، کوڕە بچوکەکەیان ناوی نەبیل و لە دایکبووی ساڵی(1951) بوو، برادەر و هاوڕێی نزیکی مامۆستا موحسین بوو، کوڕێکی باڵابەرز و دەموچاو باریک و سپی رەنگ، دڵساف بوو، حەزی لە بەخێوکردنی بولبولی خورما بوو، بەردەوام بە قەفەس و بولبولێکەوە دەهات بۆ بان ئەڵوەن و شانازیی بە دەنگی خۆشی بولبولەکەیەوە دەکرد. 
ئای چەند سیحراوی بوو کاتێک دەنگی بولبول و هاژەی ئەڵوەن باوشیان بەیەکدا دەکرد!
ماڵی رەئیس کەریم لە دواییدا لە بەغدا  نشتەجێبوون،  بەڵام پێیان لە جەلەوە نەبڕی و بەتایبەتی لە جەژناندا بە سەردان دەهاتنەوە بۆلامان.
هەروەها لە کۆتایی گەڕەکی جەلەوەدا لە نێوان خانووەکەی خاڵو سەید دارشکێن و هەردوو خانووی خاڵۆ فەتحوڵڵا زەهاوی و عەلی سەروەناز خانویەکی گەورە هەبوو، خێزانی میم دەلە و هەردوو کوڕەکەی فازل و عەبوسی و خزمێکی بەناوی خزەییەر کە عەرەبی مەعدان و شیعە مەزهەب بوون، تێیدا نشتەجێبوون کە خاوەنی ژمارەیەک گامێش بوون و گەوڕەکەیان لە دەستی راستی حەوشەکەیاندابوو.
   ئەمانە لە بنەچەدا خەڵکی قەزای توێرێجی سەربە پارێزگای کەربەلا بوون، هاتبوونە دەلی عەباس و ئینجا بۆ مەیدان، نزیک رووباری سیروان. لە دواییدا بەشێکیان هاتوون بۆ جەلەوە و بەشەکەی تریشیان هەر لەوێ ماونەتەوە، تائێستاش لە جێی خۆیان لە گەرمیانن بەناوی دێی عەرەبەکان کە زۆر جار لە کاتی شۆڕشدا هاوکاریی هێزی پێشمەرگەیان کردووە.

تایبەتمەندی خۆیان هەبوو
عەرەبی مەعدانی جەلەوە تایبەتمەندیی خۆیان هەبوو، لە جلوبەرگ و پەیوەندیی کۆمەڵایەتییەکانیاندا سەرەڕای دەیان ساڵ بەیەکەوە ژیان لەگەڵ کوردی جەلەوە، بەڵام هەر لەناو خۆیان ژن و ژنخوازییان دەکرد و تێکەڵاوی کەسێکی تر  نەدەبوون .
میم دەلە گەورەی خێزانەکە بوو، دوو کوڕی هەبوو بەناوی فازڵ و عەبوسی، فازڵ کەمێک گوێی گران بوو هاوسەری جرێوە بوو، خاوەنی چوار کوڕ بوو بە ناوەکانی خەلیل، موحسین، حوسێن ، حەسەن و سێ کچ بەناوەکانی حورباتە، فەزیلە و کەریمە بوون.
 خەلیل و فەزیلە گوێگرانییەکەیان لە باوکیانەوە بۆ مابۆوە.
خەلیل لە دایکبووی ساڵی (1950) بوو کوڕێکی گەنمڕەنگ، چاو و برۆ رەش و گوێی گران، خۆی و حوسێنی برای لە شەڕی عیراق - ئێراندا کوژران و  لاشەکەیان بەجێما، هەندێک جار ئێمە بڵاوکراوە و شتی نهێنیمان لای حوسێن عەرەب دەشاردەوە، چونکە جێی متمانەمان بوو، حەزی دەکرد یارمەتی و هاوکاریی ئێمەمانان بدات.

بوون بە پێشمەرگەی یەکێتیی
دوای رووخاندنی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی (2003) نزیکەی  (20) گەنج لەم عەرەبە رەسەنانە بوون بە پێشمەرگەی یەکێتیی نشتمانیی کوردستان.
خزەییر، گامێشەوان بوو، پیاوێکی باڵابەرز و ناوشان پان و دەست و مەچەک ئەستوور، خاوەنی دوو چاوی تیژی زەردباو، پیاوێکی کەمدو بوو، بەردەوام بە پێی پەتی بە دوای گامێشەکانەوە بوو بۆ لەوەڕگای گەرمک و ناو ئاوی ئەڵوەن، بنی پێی درز و شەقاری سەیری تێببوو، هەروەکو خەرەند و کووچە باریکەکانی جەلەوە وابوو.!
قەیماخ و ماست و پەنیری گامێش لە خانەقی زۆربەی لای ئەمانەوە دابین دەکرا، بەیانیان زوو کاتی مەلا بانگدان میم جرێوە و نەزاوی کچی خزەییر مەنجەڵی گەورەی ماست و دوو سینی گەورەی پەنیر و قەیماخیان دەخستنە سەر سەریان بەرەو بازاڕ دەڕۆشتن لەبەرامبەری چایخانەکەی خاڵو قاسم میران بە تەنشت نان فرۆشەکانەوە کە لەسەر سەبەتەی گەورە نانەکانیان دادەنا، ماست و پەنیر و قەیماخەکەیان دادەنا.
 دارندەکان بۆ ژەمی بەیانیان دەیانکڕی و هەژارەکانیش تەنها سەیریان دەکرد و بە زمان لێوی خۆیان دەلێسایەوە و وەک دەڵێن لە دوورەوە بە لیکی تامەزرۆیی ناو دەمیانی تەڕدەکرد!
لە جەلەوە ژمارەیەکی زۆر نانەوا هەبوون کە ژنەکان نانیان دروست دەکرد، پیاوەکانیش لە بازاڕ دەیانفرۆشت وەکو میم تەمینە و زەینە و سەبرییە و قەشەنگە و رەعنا و نەنکم هاجەر کە لەگەڵ مامۆستا موحسینی خاڵم بە سەبەتە نانەکانمان دەبرد بۆ لای کاکمان سەعدوڵڵا لە شوێنی نان فرۆشەکان.
جەلەوە بێجگە لەمانە، میوە و سەوزە و تەڕە و ماسی و هەندێک ئیشی دەستی ژنان، سەرچاوەیەکی دیکەی ژیان بوو بۆ خەڵکی خانەقی دابیندەکرد.
سەربوردە و چیرۆکەکانی جەلەوە زۆرن و وا بەئاسانی بە کۆتا نایەن، بەڵام رەنگە تائێرە و ئەوەندە بەس بێت بۆ شکاندنی تینوێتیم، بەڵام تا دوا هەناسەم، عەوداڵم بە دوای عەشقی ئەبەدیی کوردستان و خانەقی و جەلەوەوە!.

جەلەوە بۆ.....؟
لە کۆتاییدا دەڵێم : جەلەوە بۆ.....؟

راستە جەلەوە نە ڤیزەی شنگنی هەیە و نە مەزاری رۆحانی گەورەی تێدایە کە خەڵک رەوانەی بەهەشت بکات، بەڵام جەلەوە بەشێکی رەسەنی شاری خانەقییە
خانەقیش رۆحە زیندووەکەی کوردستانە!
قسەکردنی من لەسەر جەلەوە، هەڵوەستەکردنە لەسەر دیمەنە پەراوێزخراوەکانی جەلەوە، وەستانە لەناو کاراکتەرگەلێک کە جگە لە خوا و مەینەتیی رۆژگار  و جەلەوە کەسێکی دیکەیان نییە و نەبووە لەم ژیانەدا.
چیرۆکە غەمگینەکانی جەلەوە هەمان چیرۆکی گەڕەک و شار و دێهاتەکانی ئەم کوردستانەیە، بەڵام بۆ من یەک جیاوازیی هەیە، ئەویش ئەوەیە من لە کۆڵان و توولەڕێی جەلەوە هاتوومەتە دنیاوە، لەو کۆڵانە تەنگەبەرانەوە فراوانیی ئەم ژیانەم بەدیکرد، دوای ساڵانێکی دوور و درێژی دابڕان و دوورکەوتنەوە، مەیلی جەلەوە بەری نەداوم، کە بیر لەو رۆژانە دەکەمەوە، دەچمە ناو خەیاڵی شاعیری گەورەی کورد حاجی قادری کۆیی و دەڵێم:

(داستانی هیجری من شەرحی بە نووسین ناکرێ پێت دەڵێم چۆنە ئەگەر چاوم بەچاوت کەوتەوە)

وێنەیەکی ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردووی خانەقین

وتارەکانی نوسەر