پڕۆژەیەکی کەلتوری بارتەقای سلێمانی

09:51 - 2024-04-24
شاهۆ غەفور حسێن
56 خوێندراوەتەوە

بە درێژایی پێنج ساڵ و بە ستافێکی گەورەی زانستییەوە، پڕۆژەیەک بۆ پاراستنی خانوو و گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی بەڕێوەچوو، دواتر ئەنجامی کارەکان لە دووتوێی کتێبێکی دوو بەرگیدا بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی بڵاوکرایەوە.
لە ساڵی 2018 دا ناوەندی سیتی لابی زانکۆی سلێمانی و کۆمپانیای ڤیو پایۆنێر رێکەوتن بۆ ئەوەی دەستبکەن بە روماڵکردن و هەڵگرتنەوەی نەخشەو وێنە و وردەکاری گەڕەک و خانوو و بینا کۆنەکانی سلێمانی، ستافێکی زانستی لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی کە پێکهاتبوون لە 60 ئەندازیار و دەیان روپێو و کەسانیتر بەشداربوون تێیدا، پێشتریش بەشداریی خولی تایبەتیان کردبوو.
پڕۆژەکە لە قۆناغی یەکەمدا بریتی بوو لە دروستکردنی نەخشەی گەڕەکە کەلەپورییەکانی سلێمانی کە پێکدێت لە گەڕەکەکانی (مەڵکەندی، شێخان، سابونکەران، دەرگەزێن، بازرگانی، کانێسکان و  جولەکان)، بە وردی و بەشێوەیەکی زانستی نەخشەی بنەڕەتی هەموو ئەو گەڕەکانە هەڵگیرانەوە و خرانە سەر کاغەز و ناو کۆمپیوتەرەوە.
قۆناغی دووەم بریتی بوو لە وێنەگرتن و دروستکردنەوەی نەخشە و خستنەڕووی ئەو هونەرە تەلارسازییانەی لەو خانووانەدا هەن کە تا ئەوکاتە بەپێوە ماون.
لە پڕۆژەکەدا کار لە 119 خانوو و بینادا کرا، کە بریتی بوون لە خانووی نیشتەجێبوون و حکومی و مزگەوت و بازاڕ و حەمام لە سلێمانی.

 

 لەکۆی زیاتر لە 6200 خانووی کۆن، 150 خانوویان ماونەتەوە

 

ئامانجی سەرەکی کارەکە پاراستنی خانوو و گەڕەکە کۆنەکانە، بەوەی ئەگەر لە داهاتوودا بە هەر بیانویەک تێکدران، لەسەر ئەم نەخشەیەی هەڵگیراوەتەوە بەهەمان پێکهاتە و شێواز دروست بکرێنەوە، ئەمەش دەبێتە یەکەم کاری زانستی بۆ پارێزگاریکردن و بە ئەلیکترۆنیکردنی هونەری تەلارسازی لە خانووە کۆنەکانی شاری سلێمانیدا.
هاوکات رێگەیەکی زانستییە بۆ گێڕانەوەی متمانەی تەلارسازە کورد و بیانییەکان بەو میراتە تەلارسازی و شارستانییەی هەمانە و لە زۆرێک میراتی تەلارسازیی وڵاتانی دراوسێمان زیاترە.
ئەم پڕۆژەیە سەرەڕای ئەوەی دروستکردنی پردێکی باش بوو لە نێوان دەزگایەکی زانستی و کۆمپانیایەکی خۆماڵی کەرتی تایبەت، بەشداریپێکردنی ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری بەشەکانی ئەندازیاری و شوێنەوار بوو، ئەمەش هاندانێکی باشە بۆ ئەوەی لە ئایندەدا توێژینەوەی زانستی لەسەر بکرێت.
 جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و دواتر بڵاوکردنەوەی لە دووتوێی کتێبێکی دوو بەرگیدا بەناوی (بە بەڵگەکردنی گەڕەک و بینا کۆنەکانی کوردستان- شاری سلێمانی) بڵاوکرایەوە، لەکۆی زیاتر لە شەش هەزار و 200 خانوو کە شاری سلێمانییان لەکۆندا پێکهێناوە، کەمتر کە 150 خانووی بەپێوە ماوە.
لێرەوە بەرپرسیارێتی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی ئەو گەڕەک و خانووانە جدیتر دەبێت و ئەرکیان ئاسانتر دەبێت بەوەی رێنیشاندەرێکی زانستی هاوکاریان دەبێت.

وتارەکانی نوسەر