ئایا جارانیش ئەم ناکۆکییانە هەبوون؟

برایەتی لە كەربەلا

10:08 - 2024-04-24
د.ئەحمەد عەبدولمەجید
50 خوێندراوەتەوە

سەرنووسەری رۆژنامەی (الزمان)

لە شاری كەربەلا چاوم بەدنیا هەڵهێنا، لە ژینگەیەكی لێبوردە (نەك تەنها لەناو خێزانەكەم یان ئەو ماڵەی تێیدا لەدایكبووم)، بەڵكو لەو ژینگە كۆمەڵایەتییە فراوانەی شارە پیرۆزەكە و لە گەڕەكی عەباسییەی غەربی، كە ژمارەیەك كەس و بنەماڵە لەگەڵماندا دەژیان، هەرچەندە لە پێكهاتەیەكی تر بوون، بەڵام بوون بە بەشێك لە كەلتوری شاری كەربەلا، ئەو كەسانە ژیانی خۆیان لەناو كەشێكی پڕ لە خۆشەویستی بەڕێكرد، ئەوان لە خوێندنگە لە یەك پۆل و لەسەر یەك رەحلە بووین، هاوڕێی یەك بووین، پێكەوە دەهاتین بۆ خوێندنگە و پێكەوە دەڕۆیشتینەوە، رێگەكانی گەڕەك دەیبردینەوە ماڵەوە، هاوڕێی  و هەڵوێست و قسەمان لەگەڵ یەكتریدا پاك و بێگەرد بوو.
باوك و دایكی ئەو هاوڕێ خوێندكارانەمان، بەهەمان شێوە، بەشێكی دانەبڕاوی پێکهاتەی كۆمەڵایەتی جوان و  پاكی شارەكە بوون، هیچ رۆژێك هەستمان نەدەكرد ئەوان لە پێكهاتەیەكی جیاوازتر بن لە ئێمە.
بڕوامان نەدەكرد جیاوازبین
لەراستیشدا هیچ كاتێك مێشكمان ئەوەی وەرنەدەگرت، رۆژێك لە رۆژان دژبین یان جیاوازی لە نێوانماندا دروست ببێت لەسەر هەندێک بابەت كە ئێستا ناكۆكی دروستكردووە. ئەو بابەتە هەرگیز لەئارادا نەبوو لە ژیانی رۆژانەی ئێمەدا، من ئەو سەردەمە دۆستایەتیم لەگەڵ بنەماڵەی خوالێخۆشبوو عەبدولعەزیز تەبەقچەلی دروستكرد لەرێگەی كاری باوكمەوە، تەبەقچەلی فەرمانبەرێكی دڵسۆز بوو، كە ئێستاش دەزگا حكومییەكان كەسی لەو شێوەیەیان پێویستە، ئەو لە كاتێكدا كاری خۆی دەكرد لە فەرمانگەکەیدا، منداڵەكانیشی رۆڵی خۆیان دەگێڕا لە خوێندنگە و گەڕەكدا، بنەماڵەی تەبەقچەلی وێنای بنەماڵەیەكی جوان بوون لەرووی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی و برایانەوە لە كەربەلا، شەراكەتی هەمووانیان پێ خۆش بوو لە نیشتماندا، لە باكوورەوە تا باشوور و لە خۆرئاواوە تا خۆرهەڵات.
ئوم وەلید و قەیس و سەعد، خێزانی تەبەقچەلی بوون، كە ئیمانی چەسپاو و بیروباوەڕی رێگر نەبوو لە بەشداریكردنی ژنانی گەڕەك لە بۆنە كۆمەڵایەتی و ئاینییەكانی نموونەی عاشورا، دایكی وەلید هەریسەی لێدەناو دابەشی دەكرد بەسەر هاوسێ و هەژارانیشدا وەكو ئەوەی یەكێك بێت لە ژنانی شیعە مەزهەبی گەڕەك، بنەماڵەكانی تر كە زۆرینەی كەربەلایان پێكدەهێنا، هیچ سڵەمینەوەیەک یان دوودڵییەکیان نەبوو لەوەی ناوی منداڵەكانیان بەناوی هاوەڵانی پێغەمبەرەوە بنێن، لە نموونەی بنەماڵەی عومەر ئەلعەلوان و عوسمان ئەلعەلوانی برای كە سەرۆكایەتی تیرەی «ئەلوەزون»ی هۆزی خەفاجەیان دەكرد. سەعد عومەری سیاسەتمەدار و ئەفسەر و پەرلەمانتاری سەردەمی پاشایەتی عیراق كوڕی عومەر ئەلعەلوان بوو، كە بە هەڵوێستی بوێر و ئازایانەی لە پەرلەمانی عیراق بەناوبانگ بوو، خەڵكی كەربەلاش هیچ كاتێك نیگەرانییان نیشان نەدەدا بەرامبەر بنەماڵەی ئەلعەلوان لەسەر ئەوەی ناوی كوڕەكانیان بەناوی دووەم خەلیفە و سێهەم خەلیفەی راشیدینەوە نابوو.

 


پێم سەیرە ئێستا جیاوازییەكان وا وێنا دەكرێت، وەكو ئەوەی لە جەنگی تایفیدا بین

 

 

وەزیری دادی سەردەمی پادشایی
بنەماڵەی سەید هاشم خەتیبی وەزیری دادی پێشووی سەردەمی پاشایەتیش لە عیراق، نیشتەجێی شاری كەربەلا بوون و ژن و ژنخوازییان لەگەڵ خەڵكی شارەكەدا كردبوو بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەك، سەلاح ئەلخەتیبیش كە لەو بنەماڵەیەیە، مامۆستای ئێمە بوو لە خوێندنگەی ئەلعەباسی سەرەتایی، ئەو یەكێك بوو لە بەژنە باڵاكانی بواری پەروەردە لە شارەكەدا، ست ئەمینەی خێزانیشی یەكێك بوو لە مامۆستا بەتواناكانی كەربەلا و چەندین نەوە لە كچان و كوڕانی شارەكە لەسەر دەستی ئەودا خوێندنیان تەواوكرد،  ست ئەمینە ئامادەییەكی گەورەی لە بۆنەكانی ژنانی كەربەلادا هەبوو، هاوشێوەی ست سرییە كە شووی بە یەكێك لە جوانترین و بەڕێزترین مامۆستاكانی ئێمە كردبوو لە ناوەندی و ئامادەیی، كە ئەویش دكتۆر جەعفەر عەباس حەمیدی خەڵكی باشووری عیراق بوو، لەوێوە هاتبوو بۆ كەربەلا وەكو مامۆستا و دواتر شارەكەی كرد بە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی.
كەربەلا شانازیی پێوە دەكردن
كەربەلا هەروەها شانازیی بە مامۆستایانی بەڕێزی وەكو عەدنان تەها و قەحتانی برایەوە دەکرد كە لە بنەماڵەی ئالووسی بوون، یەكێك بوون لە بنەماڵە هەرە دڵسۆزەكانی شارەكە و نزیكیش بوون لە كەسایەتییە دیارەكانی شار. من زۆر خۆشحاڵم كە تا ئێستاش پەیوەندییم لەگەڵ ئەم بنەماڵەیەدا بەردەوامە لەرێگەی دوو كەسایەتی دیار و بەڕێزیان كە ئەوانیش محەمەد تەها ئەبو ئەشرەف و عەدنان تەهایە كە بەداخەوە كوڕە گەورەكەی بێ هۆ لە شەڕی تائیفیدا كوژرا،  ئەوەش دوای ئەوەی عەدنان تەها شاری كەربەلای بەجێهیشت و لە ناوچەی سەیدییەی بەغدا نیشتەجێبوو، كوڕەكەی بێتاوان كوژرا لەكاتێكدا گەنجێك بوو نوێنەرایەتی برایەتی و پێكەوەژیان و خۆشەویستی دەكرد و دژی فیتنە و جیاكاری بوو لەنێوان پێكهاتەكان و حەزی بە پێكەوەژیان دەكرد.
رێز گرتن لەمافی ژنان
 لەو كاتەدا كە وڵات و هەندێک شار هەبوون لە ناوچەكە و جیهان، ژنانیان لە مافەكانیان بێبەش دەكرد، كەربەلا رێگەی بە ژن دەدا بچێتە سەر ستەیجی شانۆ و تواناكانی خۆی بسەلمێنێت، لە چوارچێوەی پیرۆزیی ئەم هونەرە و كاریگەریی لەسەر هۆشیاریی كۆمەڵایەتی، (خوالێخۆشبوو هونەرمەند محەمەد رەبات پاڵپشتی كچەكەی خۆی كرد بۆئەوەی ببێت بە پێشەنگی بواری شانۆ لە كەربەلا).
 پێم سەیرە ئێستا جیاوازییەكان وا وێنا دەكرێت، وەكو ئەوەی لە جەنگی تایفیدا بین، ئەوە لۆژیكێكە بەتەواوی رەتكراوەیە و نامۆیە بە ئێمە، ئەگەر راست بوایە، ئەوا هیچ كات و ساتێك هاووڵاتیانی عیراق نەیاندەتوانی لەناو پێكهاتەكەی خۆشیاندا بژین، باشترین نموونەش ئەوەیە كەربەلا نەك بە پێكەوەژیانی دوو پێکهاتە، بەڵكو زیاتر لەوەش راهاتووە و لە هەندێک سەردەمدا پێكهاتەی نا ئیسلامیشی تێدا بووە، كە لەگەڵ خەڵكی شارەکەدا زۆر دۆستانە ژیاون، بۆ نموونە بنەماڵە مەسیحییەكانی وەكو ئەدوارد و منداڵەكانی و بنەماڵەی نزار و سەردار و یاوزی برای،  كە بەشداریی خۆشی و ناخۆشیییەكانمان بوون، لەگەڵماندا بەشداریی ماتەمینی حەزرەتی حسێنیان دەكرد لە كاروانی گەنجانی عەباسییە، ئەو شێوە بۆنە كۆمەڵایەتییە جوانەی هەموو جیاوازییەكانی تێدا نەدەما و رۆحی ئاشتییانە و خەونی بنیاتنانی دەوڵەتی مەدەنی تێدا بەرجەستە دەبوو. ئێمە بنەما نیشتمانییە باڵاكان و رۆحی پاك و بێگەردانە لەژێر ساباتێكدا كۆی دەكردینەوە، ئەمە ئەو كەربەلایە بوو كە ئامادەی كردین بۆ ژیان و بۆ قبوڵكردنی ئەوانی تر و ئاشتەوایی لە ناخماندا چاند، ئیمام عەلی رەزای خوای لەسەر بێت دەڵێت: (مرۆڤەكان دوو جۆرن، یان برا لە ئاییندا یان هاوشێوەن لە خەڵقبووندا).

وەرگێرانی: گۆران فەتحی

وتارەکانی نوسەر