یه‌كێك له نه‌به‌ردییه گه‌وره‌كانی شۆڕشی نوێ كه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو، داستانی (سه‌ری ره‌ش) بوو له سه‌ر ده‌ستی شێره‌كوڕانی مه‌ڵبه‌ندی سێی هه‌ولێر-ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه.
له‌و سه‌رده‌م و كاته‌دا كه رژێم پیلانی ئه‌نفالی كوردستانی به‌ده‌سته‌وه بوو و كه‌وتبووه ته‌نگپێهه‌ڵچنینی هێزی پێشمه‌رگه و ناوچه‌كانی به‌رته‌سك ده‌كرده‌وه، داستانی سه‌ری ره‌ش بووه سه‌ركه‌وتنێكی ئێجگار گه‌وره و لوتی دوژمنی شكاند.
تیادا كۆشك و ماڵەکەی سه‌دام حسێنی سه‌رۆكی ئه‌وسای عیراق ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا و سه‌دان پارچه چه‌ك و جۆره‌كانی دیكه‌ی ته‌قه‌مه‌نی ده‌ستكه‌وتی پێشمه‌رگه بوو، ده‌یان كه‌س له هێزی دوژمن به سزا گه‌یه‌ندران و ژماره‌یه‌كی زۆریشیان لێ به‌دیل گیرا، به‌ڵام دیاره سه‌ركه‌وتن نرخی خۆی هه‌یه، نرخی ئه‌و داستانه‌ش خوێنی 13 پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان بوو، یه‌كێك له‌وانه: هاشم ره‌شید خه‌زنه‌یی بوو.
له‌و باره‌یه‌وه، پێشمه‌رگه‌ی دێرین و به‌شداربوویه‌كی داستانه‌كه، هه‌ڤاڵ (سه‌ید كه‌مال جه‌باری) وتی: ئێواره‌ی رۆژی 27\28/1/1988 داستانه‌كه تۆماركرا، كه‌شوهه‌وا زۆر ساردبوو و به‌فرێكی زۆریش باریبوو، ئه‌وه بووه هۆی شه‌كه‌تبوونی هێزه‌كه‌مان و شه‌هیدبوونی چه‌ندین پێشمه‌رگه.
وتیشی: من نامه‌وێ باسی ورده‌كاریی چالاكییەکە بكه‌م، چونكه زۆری له‌باره‌وه وتراوه و ئه‌وه زانراوه كه دوژمنی تووشی سەرسوڕمان كرد و به‌غدای هه‌ژاند، به‌ڵكو ده‌مه‌وێ باسی دوا چركه‌كانی شه‌هیدبوونی هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ری قاره‌مانم (هاشم ره‌شید خه‌زنه‌یی)بكه‌م.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌مان له گرتنی سه‌ری ڕه‌ش، به‌هۆی سه‌رماوسۆڵه‌وه هه‌ندێك هاوڕێمان تووشی دۆخێكی ناخۆش و دڵته‌زێن بوونه‌وه، زۆربه‌ی دیمه‌نه تراژدییهكانم به‌چاوی خۆم بینی، شه‌هید هاشمم بینی بارودۆخی زۆر خراپ بوو، خۆشم هه‌ر شپرزه ببووم به‌ڵام هه‌ر چوومه لای و بینینم له گیانه‌ڵادایه، سه‌ریم خسته سه‌ر رانم، به‌داخه‌وه زۆری نه‌برد شه‌هیدبوو، گیرفانه‌كانی گه‌ڕام، سێ دینار و نامه‌یه‌ك و وێنه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی تیا‌بوو كه پێشتر بۆی ناردبوو.
هه‌ستم كرد منیش تا زیاتر بمێنێمه‌وه خراپتر ده‌بم و به‌ره‌و مه‌رگ ده‌ڕۆم، چونكه سه‌رما و سههۆڵبهندانهكه به‌جۆرێك بوو یه‌كسه‌ر ده‌یبه‌ستی، رۆیشتم و تووشی (ئیسماعیل عه‌سكه‌ری) بووم كه به داخه‌وه ئه‌ویش كه‌متر له مانگێك دوای ئه‌وكاته، له شاخی پیره‌مه‌گروون شه‌هیدكرا، ئیسماعیل هه‌ندێك مێووژ و كێكی دامێ، خواردم و وزهیهكم به‌به‌ردا هاته‌وه و باشتربووم.
بۆمێژوو ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر ئه‌و مێوژ و كێكه‌ی شه‌هید ئیسماعیل نه‌بوایه، منیش ره‌ق ده‌بوومه‌وه و كۆتایم به ژیانی ده‌هات.
ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هید هاشم ره‌شید نادر حه‌مه‌ده‌مین ناسراو به هاشم خه‌زنه‌یی، له دایكبووی ساڵی 1966ی گوندی (خه‌زنه)ی ناحیه‌ی شه‌مامك، پارێزگای هه‌ولێر.
ساڵی 1985 په‌یوه‌ندیكردووه به رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه و ساڵی 1987 بووه به پێشمه‌رگه له كه‌رتی پێنجی تیپی 87ی قه‌ره‌چوغ.
ئه‌و ماوه‌یه‌ی پێشمه‌رگه‌بووه به‌شداریی ئازایانه‌ی چالاكییه‌كانی سنووری تیپه‌كه‌ی كردووه، له یه‌كێكیاندا له ره‌بایه‌كانی سنووری ساقیه برینداركراوه.
شه‌وی 27\28/1/1988 له داستانی گرتنی سه‌ری ره‌ش له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له هاوڕێكانی (جه‌مال حه‌مه‌د پیرداود، ره‌مزی جه‌بار عه‌لی، سۆران ئیسماعیل شه‌وگێڕی، شێرزاد عه‌بدولسه‌مه‌د تۆفیق، عه‌زیز مه‌ولود ره‌سوڵ، عوسمان مامه‌ند عومه‌ر، فه‌خردین ساڵح ئه‌حمه‌د گۆمه‌شینی، كه‌مال عه‌زیز ئه‌حمه‌د، نو‌عمان زرار حه‌مشین، هێرش سوار ئه‌حمه‌د شه‌وگێڕی، عه‌لی مه‌حمود كه‌ریم مه‌خموری و عه‌دنان سه‌مه‌د تۆفیق، شه‌هیدكران.