مستەفا فاتیح
دۆڵی ئەرخەوان، یان دارستانی ئەرخەوان، بەهەشتی خەونەكانە لە نزیك شاری ئیلام و یەكێكە لە سەیرانگەكانی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی كوردستان. لە بەهاراندا و لە وەرزی گوڵ دەركردنی ئەرخەواندا، ئەم دۆڵە دەبێت بە تابلۆیەكی رەنگین، رەنگی سەوزی بەهارانە لەگەڵ رەنگی ئەرخەوانیی درەختەكاندا تێكەڵ دەبن و لەگەڵ پرشنگی خۆر لەسەر تاشەبەردەكان، دەست دەدەنە دەستی یەکتر و جیلوەیەكی جوان دەنەخشێنن و سەرنجی هەموو گەشتیارێك بۆ لای خۆیان رادەكێشن.
جەستە و دەروونت فێنك بكەرەوە
رووبارێك ئاوی روونیش لەو نزیكانەوە بانگت دەكات و پێت دەڵێت: «وەرە جەستە و دەروونت فێنك بكەرەوە. لەو كانییەی بنی ئەو بەردە، قومێك ئاوی فێنك بخۆرەوە، لەسەر پشت لەسەر چیمەن راكشێ و سەیری گوڵی ئەرخەوان بكە و گوێ بۆ دەنگی سروشت رادێرە، وەسفی جوانییەكانی ئەو تابلۆ رەنگییە بە قەڵەم ناكرێت کە سروشت بەم دۆڵەی بەخشیووە، مەگەر قەڵەمێكی وەك گۆران.
دۆڵی ئەرخەوان، ناوچەیەکی پارێزراوی ئیلامە و دار ئەرخەوانەكان 640 دۆنمیان داپۆشیووە و بەوەش بووه به شوێنێكی گهشتیاری
خۆزگە گۆران یەك جار بە رێبواری رێی دەكەوتە ئەم دۆڵە و بەو قەڵەمە بەبڕشتەی كە وەك كامێرایەك وێناكان دەگوازێتەوە، جوانییەكانی ئەم دۆڵەی وەسف دەكرد!
لەگەڵ ئەوەی دەچیتە ناو ئەم دۆڵەوە، دەبینی گوڵە ئەرخەوانی و پەمەییەكان سیمایەكی رەنگینیان بەم ناوچەیە بەخشیووە و پێت دەڵێن: «بەخێر بێی، ئێرە بەهەشتی خەونەكانە، فەرموو چاوت تێر لە رەنگ و جوانی بكە، بحەسێرەوە و پڕبە سییەكانت هەناسەیەكی خاوێن هەڵمژە» و ماندوێتی چاوەكانت دەربكە.
دۆڵی ئەرخەوان، یەكێكە لە ناوچە پارێزراوەكانی پارێزگای ئیلام و دار ئەرخەوانەكان 640 دۆنمی ئەم ناوچەیان داپۆشیووە و دەستیان داوەتە دەستی یەكتری، وەك ئەوەی بیانەوێت بەرامبەر بە زێدەڕۆییەكانی مرۆڤ پارێزگاریی لە خۆیان بكەن.
خۆت بدە دەست سروشت
دەنگی بولبول و كەناری و كەو و زەردی وەر تێكەڵی یەكتری دەبێت و لەگەڵ ئەو تابلۆ رەنگینەدا مرۆڤ لە ژاوەژاوەی شار و دونیای هەنووکە دووردەخەنەوە.
بۆ ساتێكیش بێت، پێت دەڵێن: «خۆت بدە دەست سروشت، بەخێربێی بۆ دڵی سروشت، بۆ ژیانێكی ئارام».
دۆڵی ئەرخەوان سێ كیلۆمەتر لە باكووری خۆرهەڵاتی شاری ئیلامەوە دوورە و لەسەر رێگەی كرماشانە و لە كرماشانەوە كە بەرەو ئیلام دەڕۆیت، رێت دەكەوێتە ئەم دۆڵە رەنگینەوە.