زانكۆی سلێمانی بێبەرامبەر وێنەی دەرچوونی خوێندكارانی زانکۆ دەگرێتە ئەستۆ

07:45 - 2024-04-24
کوردستان
62 جار خوێندراوەتەوە

جیاواز لە ساڵانی تر، ئەمساڵ زانكۆی سلێمانی بێبەرامبەر وێنەی دەرچوون بۆ خوێندكارانی زانکۆ دەگرێت و پاشان لە رێی سایتی زانكۆوە خوێندکاران دەتوانن وێنەكانیان وەربگرنەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی بڕیاریدا لە کاتی بەڕێوەچوونی وێنەی دەرچوون، رازاندنەوەی مێز بۆ ناو زانكۆ بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە‌ و ڕێگەی لێدەگیرێت.
لای خۆشیەوە، زانکۆی سلێمانی رایگەیاند: وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر دۆخی دارایی هاووڵاتیان و خوێندکاران، ئەو بڕیاریان داوە گرتنی وێنەی دەرچوونی خوێندکاران بگرنەئەستۆ.
هەروەها ئەمساڵ وێنەی دەرچوون بۆ نزیکەی 5 هەزار خوێندکاری 20 کۆلێژ و زیاتر لە 80 بەش، لەلایەن بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیریی و راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی دەگیرێت و ئاسانکاری تەواو بۆ خوێندکاران دەکرێت.
هاوکات ماوەی دوو رۆژە پڕۆسەی وێنەگرتنی دەرچووانی زانکۆ بە خشتەیەکی بەرنامە بۆ دانراو دەستی پێکردووە و تیمێکی ڕاگەیاندنی زانکۆ وێنەکان دەگرن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان