لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب

باکووری کوردستان بە سێ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەوە بەشدارن

10:30 - 2024-04-25
ڕاپۆرت
113 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ تەها عەبدوڵڵا


نەزیر ئۆجەك

لە شازدەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب كە لە17-27ی نیسانی 2024 بەردەوام دەبێت، تێیدا نزیكەی 300 دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوە لە بیست وڵاتی  جیاواز بەشداریان تێدا كردووە، نزیكەی یەك ملیۆن و500 هەزار ناونیشانی  جیاوازی كتێبی لەخۆی گرتووە،  لەو پێشانگایە  جگە لە دەزگاكانی ناوخۆی  باشوری كوردستان، ژمارەیەك دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوە لە باكووری كوردستانەوە كتێبەكانیان نمایشكردووە.
نەزیر ئۆجەك نووسەر و یەكێك لە ئەندامانی دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی باكووری كوردستان لە شاری وان بەشداریی لەو پێشانگایەدا كردووە، ناوبراو هەندێ زانیاریی لەسەر شێوازی بەشداریکردنیان لەو پێشانگایەدا بۆ كوردستانی نوێ دەخاتەروو، وتی: (بۆ ئەمساڵ باكووری كوردستان بە سێ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە بەشداریی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێبی كردووە، ئەوانیش (دەزگای سیتاف و دەزگای ئاڤێستا و دەزگای نوهار)ن.
وتیشی: (دەزگاكانی ئێمە ژمارەیەكی زۆر كتێبیان نمایش كردووە، كە زیاتر بابەتی زمان ‌و سیاسی‌ و كۆمەڵایەتی‌ و مێژوویی‌ و  كەلتورین، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە بابەتی زمانە لە نێوان پارچەكانی كوردستاندا، چونكە بەهۆی جیاوازی زاراوەكان و  شێوازی نووسین، وایكردووە جۆرە دوورکەوتنەوەیەک لەنێوان پارچەكاندا دروست بێت، بۆیە ئێمە  دەخوازین پێشانگای لەو جۆرە دەرفەتێک بێت بۆ لەیەکتر نزیككردنەوەی زاراوەکان و دروستبوونی زمانێكی یەكگرتوو لە سەرتاسەری كوردستان).
ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەشكرد:  (ئاستی سەردانی هاووڵاتیان  بۆ پێشانگاكە بەراورد بە ساڵانی پێشوو وەكو پێویست نییە، بە تایبەتی بۆ ئێمە وەك دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە، بەو پێیەی زۆربەی كتێبەكانمان بە لاتینی نووسراوە، ئەمەش وایكردووە گەنجان كەمتر رووی تێبكەن، ئەوەی  زیاتر داوای كتێبەكانی ئێمە دەكەن كەسانی بەتەمەنن، كەچی گەنجانی باشوور زیاتر داوای كتێبی توركی دەكەن).
ئەم پێشانگایە هەنگاوێکی گرنگە
سوننگیر كێسكیم لە دەزگای ئاڤێستا كە بەهەمان شێوە لە باكوری كوردستانەوە هاتووە لەبارەی پێشانگاكە وتی: (كردنەوەی پێشانگای لەو جۆرە هەنگاوێكی پڕبایەخە بۆ لێکنزیکبوونەوەی رۆشنبیران ‌و نووسەران لەسەر ئاستی جیهان ‌و ناوچەكە، بەتایبەتی بۆ ئێمە كورد زۆر پێویستە لە رێگای كتێب و بابەتە نووسراوەكان زیاتر ئاشنای یەكتر بین و بیروڕا ئاڵوگۆڕ بكەین).
وتیشی: (ئەو كتێبانەی لە دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی باكووری كوردستان نمایش كراوە چەند جۆرێكن، هەندێكیان تازە دەركراون، هەندێكی تر هی زەمانی زووترن، كە بوارەكانی ئەدەبی و فەلسەفی و ئایینی و چەند بوارێكی تر دەگرنەوە، بوونی پێشانگای لەوجۆرە زیاتر هانی نووسەران ‌و دەزگاكانی چاپ دەدات، كتێبی زیاتر بخرێتە بەردەم خوێنەران ‌و كتێبخانەی كوردی دەوڵەمەند تر دەكات).
ئاماژەی بەوەشكرد: (جگە لەهەولێر ئێمە پێشتر لەهەموو ئەو پێشانگایانە بەشداریمان كردووە كە لە باكووری‌ كوردستان‌ و شارەكانی تری توركیا کراونەتەوە، لەوێ زیاتر كۆمپانیاكان  سەرپەرشتی دەكەن نەوەك حكومەت.
 لەبارەی ئاستی سەردانی خوێنەران بۆ كتێب وتی: (لەڕووی قەرەباڵغی و زۆری خەڵكی بۆ پێشانگاكە باشە، بەڵام بۆ فرۆشتن لەو ئاستەدا نیە، ئێمە چاوەڕوان بووین باشتر بێت، بۆیە پێویستە ئیدارەی پێشانگاكە هەوڵی زیاتر بدات بۆ راكێشانی خوێنەران بۆكڕینی كتێب، بەتایبەتی لەدەزگاكانی دەرەوەی باشووری كوردستان، چونكە بوونی دەزگای چاپ‌ و بڵاوكردنەوەكانی باكوور دەرفەتێكە بۆ خوێنەرانی باشوور تاكو ئاشنای بابەتەكانی ئەو پارچەیەی كوردستان بن).

دەزگاکانی چاپ‌ و بڵاوكردنەوەی باكوور دەرفەتێكن بۆ خوێنەرانی باشوور تاكو ئاشنای باکوور بن

 

بۆچوونی خوێنەران
لەتیف ئەحمەد وەك خوێنەرێكی باشووری كوردستان لە نزیك دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی باكووری كوردستان لەبارەی بوونی دەزگاكانی چاپ لە پارچەكانی كوردستان لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب بە كوردستانی نوێی راگەیاند: (بەهۆی زۆری دەزگاكانی چاپ‌ و بڵاوكردنەوەی وڵاتانی  عەرەبی و جیهانی، بەشێكی زۆری  كتێبەكانی ئەو پێشانگایە بە زمانی غەیرە كوردین، بۆیە بوونی دەزگای چاپ لە پارچەكانی كوردستان وایكردوە رێژەی كتێبی كوردی لەو پێشانگایە زیاتر بێت، ئەمەش جێگای دڵخۆشیە).
هەروەها وتی: (پێویستە ئیدارەی پێشانگاكە و وەزارەتی رۆشنبیری  بۆ ساڵانی داهاتوو پلان و بەرنامەی باشتریان هەبێت بۆ بەشداری رۆشنبیران و نووسەرانی پارچەكانی دیکەی كوردستان، تاكو لە رێگای دەزگاكانی چاپ‌ و بڵاوكردنەوە  بەشداری پێشانگای لەو جۆرە بكەن، ئەمەش وادەكات ئێمەی خوێنەری باشووری كوردستان ئاسانتر دەستمان بەو بابەتانە بگات كە لەو پارچانە بڵاودەكرێنەوە.

گرنگی بە هەموو دەزگاکان و پارچەکان دەدەین
لەلایەن خۆشییەوە نەوزاد سابیر كارگێری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب ئەوەی بە كوردستانی نوێ راگەیاند: (ئێمە لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب گرنگی بەهەموو ئەو دەزگا و چاپەمەنیانە دەدەین كە خۆیان بۆ بەشداریكردن لەو پێشانگایە تۆمار كردووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پارچەكانی كوردستانەوە هەیە، خۆشبەختانە جگە لە دەزگاكانی  چاپ و بڵاوكردنەوەی رۆژئاوای كوردستان، ژمارەیەك لەو دەزگایانە لە باكوور و رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە بەشداریان كردووە و هاوشێوەی وڵاتان كتێبەكانیان نمایش كردووە.
سەبارەت بە ئاستی پێشوازی خەڵك لەو پێشانگایە، وتی:  (ئێمە وەك ساڵانی رابردوو رێكلاممان بۆ پێشانگاكە كردووە و لەڕووی شوێن و خزمەتگوزارییەكان هەوڵی زۆرمان داوە زۆرترین خەڵكی سەردانی پێشانگاكە بكەن، ئەوەش کە پەیوەندیی بە ئاستی فرۆشتنەوە هەیە، ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ جۆری كێتێبەكان و خواستی  خوێنەر، رەنگە لە  دەزگایەكی چاپ و بڵاوكردنەوە زیاتر دەزگایەكی تر بفرۆشێت، ئێستاش كات ماوە تاكو خەڵكی زیاتر سەردانی پێشانگاكە بکەن و کتێبی زیاتر بفرۆشرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان