کەلار، پایتەختی ئابووریی هەرێم

12:25 - 2024-04-22
رێبوار رەئوف ساڵح
228 خوێندراوەتەوە


پایتەخت بە شێوەیەکی گشتی شار یان شارۆچکەیەکی سەرەتاییە کە وەک ناوەندی کارگێڕی وڵاتێک یان ناوچەیەک کار دەکات. ئەو شوێنەیە کە زۆرجار فەرمانگەکانی حکومەت، لەوانەش دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری لێیە. پایتەخت بەزۆری دڵی رەمزی و سیاسی نەتەوەیەکە، نوێنەرایەتی سەروەریی و کەلتوور و مێژووی ئەو نەتەوەیە دەکات. 
هەر دەوڵەتێک یان هەرێمێک کە خاوەن جۆرێک لە دەسەڵاتی خۆیی بێت تەنها یەک پایتەختی هەیە. بەڵام لەگەل ئەمەشدا جۆرێکی دیکە لە نازناوی پایتەخت هەیە کە دەکرێت هەر ناوچەیەک یان شارێک یان تەنانەت شارۆچکەیەک هەڵگری بێت لە یەک بواری تایبەتدا. بۆ نموونە سلێـمانی پایتەختی رۆشنبیرییە، هەڵەبجە پایتەختی ئاشتیە، پێشنیار کراوە کە چەمچەماڵ بکرێت بە پایتەختی شەهیدان و ئەنفال،  هەروەها رانیەش وەكو پایتەختی ئازادی ناوی دەهێنرێت. 
دیارە ئەم ناوانە زیاتر لەگەڵ تایبەتمەندێتی ئەو شار و شارۆچکانەدا دەگونجێت بۆیە بۆیان دادەنرێت یان پێشنیار دەکرێن، لەم سۆنگەیەشەوە بە پێویستی دەزانم کە داوا لە دەزگاکان و کاربەدەستانی کەلار بکەم، بە تایبەت مەڵبەندی گەرمیان و ئیدارەی گەرمیان و قائیمقامی کەلار و بارەگای سەرجەم حزبەکان و رێکخراوەکانی بواری مەدەنی و کەسایەتییەکان و سیاسییەکان و پەرلەمانتاران و رۆژنامەنووسان و نوسەران و ئەکادیمیستەکان و دەزگا میدییاییەکان و پەیجەکانی سۆشیال-میدیا و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەوە بکرێت کە کەلار بکرێت بە پایتەختی ئابووری، چونکە پێم وایە کە تایبەتمەندی کەلار ئەوە دەخوازێت و هەڵدەگرێت کە ئەو نازناوەی بۆ دابنرێت.  ئەم نازناوەش گرنگییەکی زۆری دەبێت بۆ کەلار، بە تایبەت لە رووی بوژانەوەی زیاتر و گەشەکردنی زیاتری ئابوورییەکەشی.

 

کەلار توانایەکی بێوێنەی هەیە، چونکە لە لایەک خاوەنی کێڵگەی نەوتییە و لە لایەکی دیکەشەوە خاوەنی رووباری سیروان و زەوی کشتوکاڵی باشە 

 

شارێک بۆ ئەوەی ببێتە پایتەختی ئابووری، پێویستە خاوەنی چەندین تایبەتمەندیی و سیفاتی سەرەکی بێت کە بەشدارن لە بەهێزی ئابووری و توانای کێبڕکێ لە گەشەکردندا. لێرەدا چەند تایبەتمەندیەکی گرنگ دەخەینەڕوو کە تا ڕادەیەکی باش لە كەلاردا بەدیدەکرێن:
1. ژێرخان
 ژێرخانی بەهێز و گەشەسەندوو زۆر گرنگە، لێرەدا تۆڕەکانی گواستنەوەی وەک رێگاوبان و پرد و فڕۆکەخانە رۆڵی بەرز دەگێڕن. راستە کە تا ئێستا فڕۆکەخانە لە کەلاردا نییە، هەرچەند پێشتر پێشنیاریشی بۆ کراوە، بەڵام رێگاوبانی کەلار زۆر سەرکەوتووانە کاری لەسەر کراوەو ئێستا رێگاوبانی کەلار یەکێکە لە باشترین رێگەوبانەکانی هەرێم. ئەم تایبەتمەندییەش وایکردووە کە پێشبینی بکرێت کەلار ئایندەیەکی بەهێزی هەبێت لە رووی گەشەی ئابوورییەوە.
2. بازرگانی
بەهۆی کار و گرنگیدانی خەڵکەکە بە کاسبی و بازرگانی، شارەکە ژینگەیەکی بازرگانی لەباری دروستکردووە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە کەلار هەم هاندەری کارگێڕی و هەم بازرگانی ناوخۆیی و هەرێمی و تەنانەت نێودەوڵەتیش بۆ خۆی رابکێشێت. ئێستا گەر تێبینی بکرێت، دەبینیت لە بواری کاسبیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکانی  کاسبکار لە کەلار خەڵکی شار و شۆچکەکانی دیکەن و هاتوون لە کەلاردا کار دەکەن.
3. پەروەردە
دەستڕاگەیشتن بە هێزی کارامە و خوێندەوار هاوکارن لە دروستکردنی پایتەختێکی ئابووری بەهێز، بۆیە پێویستە هەڵگری ئەم نازناوە خاوەنی هێزی کارێکی خوێندەوار و لێهاتوو بێت کە رۆڵ ببینن لە بەردەوامیدان بە گەشەی ئابووری. لەم بوارەشدا کەلار توانایەکی زۆر باشی هەیە بەهۆی بوونی زانکۆکان و پەیمانگاکان و ناوەندەکانی دیکەی خوێندن و دامەزراوەکانی توێژینەوە و ناوەندەکانی راهێنانی پیشەیی کە پێکەوە توانایەکی باشیان هەیە لە پێگەیاندنی کەسانی بە توانا کە لە ئاستی گەشەی خێراو بەرچاوی کەلاردان.
4. پەیوەندی 
پەیوەندییەکی باش لە ئاستی ناوخۆیی و جیهانیدا گرنگە بۆ گەشەی شار چونکە تۆڕەکانی پەیوەندییکردن یارمەتی شارەکە دەدات بۆ راکێشانی بازرگان و وەبەرهێنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بۆیە شار لە رووی ئابورریەوە پێویستە هەڵوێستێکی پێشوازی لێکراوی هەبێت بەرامبەر بە دەوروبەر و دنیای دەرەوە. لەم بوارەشدا کەلار پێگەیەکی بەرچاوی هەیە و بووە بە جێگەی سەرنجی زۆرێک لە بازرگان و کۆمپانیا ناوخۆی و دەرەکییەکان. 
5. کوالێتی ژیان
کوالێتی ژیانێکی بەرز کەسانی پیشەیی بەتوانا بۆ لای خۆی رادەکێشێت و هانی بازرگانەکانیش دەدات بۆ ئەوەی خۆیان دەستپێشخەری بکەن و کۆمپانیاکانیان لە شاردا جێگیر بکەن. ئەمەش هۆکارەکانی وەک چاودێری تەندروستی، پەروەردە، خزمەتگوزارییە کەلتوورییەکان و دەرفەتی کات بەسەربردن دەگرێتەوە. لەم بوارەشدا کەلار هەنگاوی باشی ناوەو توانای خۆی نمایش دەکات لەو ئاستەدا، بە تایبەت بەهۆی ئەوەی کە وێڕای وەستانی پڕۆژەکانی بنیادنان لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمدا، کەلار هێشتا زۆر پڕۆژەی باش و گرنگ بەڕێوە دەبات و لە بواری جێبەجێکردندان کە پێکەوە گەشەی زیاتر و ووزەی زیاتر بە کەلار دەبەخشن.
6. ئابووری هەمەچەشن
شارێک کە بنکەیەکی ئابووری هەمەچەشنی هەبێت، زیاتر خۆڕاگر دەبێت بەرامبەر بە دابەزینی ئابووری. پشت بەستن بە سێکتەرە جۆراوجۆرەکان ئامادەیی بۆ شۆکەکان لە هەر کەرتێکدا کەمدەکاتەوە. لەم بوارەدا کەلار توانایەکی بێوێنەی هەیە چونکە لە لایەک خاوەنی کێڵگەی نەوتییە و لە لایەکی دیکەشەوە خاوەنی رووباری سیروان و زەوی کشتوکاڵی باشە.  هەروەها بەهۆی دەروازەی پەروێزخانەوە کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێراندا و کەلار بووە بە شارێکی پڕ جموجوڵی بازرگانی.
7. سەقامگیری 
سەقامگیری سیاسی و حوکمڕانی کاریگەر، هۆکاری گرنگن بۆ سەرکەوتنی ئابووری. وێڕای رەخنەی بەرچاو و گلەیی باش لە حکومەت و کاربەدەستان بەڵام تا ڕادەیەکی باش ئاسایش و ئارامی کەلار پارێزراوە. هەربۆیە بەهۆی رۆڵی دامودەزگاکان و لایەنە پەیوەندییدارەکان لەم بوارەدا، توانراوە کەلار بکرێت بە شارێکی سەقامگیر کە ژینگەیەکی باشی فەراهەم کردووە بۆ بازرگانی و وەبەرهێنەران. هەربۆیە دەبینین کە بەردەوام کۆمپانیاکان ئۆفیسی خۆیان لە شارەکەدا دەکەنەوە، بە تایبەت لە بواری بریکاری و وەبەرهێنان و خانوبەرەدا، کە ئەمەش هێزی کاری دەرەوەشی هێناوەتە شارەکە بۆ ئەوەی رۆڵی ئەرێنی و کاریگەر ببینن لە بەرەوپێشچوونی کەلاردا.

8.گەشەپێدانی بەردەوام
کار و چالاکییە پراکتیزە بەردەوامەکان لە بواری ژینگە و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی ئابووری بەشدارە لە توانای درێژخایەن و سەرنجڕاکێشی کەلار، لەم ڕووەوە سەرمایەدارە بەتواناکانی کەلار شایەنی دەستخۆشین چونکە زۆرێکیان دەستمایەکانیان نابەنە دەرەوەی کەلار و زیاتر لە خزمەتی شارەکە و دانیشتوانەکەیدا بەکاریدەهێنن. چالاکوانەکانیشی بە باشی ماندوو دەبن لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی و ئاگایی خەڵکەکەی. ئەمەش وایکردووە کە کەلار زیاتر وەک پایتەختێکی ئابووری دەربکەوێت، بە تایبەت لە ڕووی پیشەسازیی و هەبوونی دەرفەتی فراوان و هاوکاری لە نێوان بازرگانان و خاوەنکاران و پیشەگەرەکاندا.  هەروەها هۆشیاریی و ئاگایی خەڵکەکەشی وایکردووە کە داهێنان و گەشەکردن و پەروەردە بەرەو ئاستێکی باش بەرزببێتەوە.

9. نرخی زەوی و موڵک
تایبەتمەندییەکی دیار کە کەلاری زۆر پێناسراوە بەرزی نرخی زەویوزار و موڵکەکانێتی، بە جۆرێک بۆتە جێی سەرنجی زۆرێک لە ناوەندە میدیاییەکانی ناوخۆ و تەنانەت دەرەوەش، بە جۆرێک کە تەنانەت بەراورد لە نێوان نرخی زەوی و موڵکی کەلار لەگەڵ هەندێک لە شارەکانی ئەمریکادا دەکرێت. یاخود بەردەوام باس لەوە دەکرێت کە ئەگەر زەویەک یان موڵکێکت لە کەلار هەبێت و بیفرۆشیت ئەوا توانای کڕینی دوو موڵکت دەبێت لە شارە گەورەکانی وەک هەولێر و سلێمانی. ئەمەش وایکردووە کە زۆر لە فەرمانبەران و کاربەدەستانی دەرەوەی کەلار کە مافی بەدەستهێنانی زەوی حکومییان هەیە، هەوڵ بدەن زەوییەکانیان لە کەلاردا وەربگرن لە جیاتی شار و شارۆچەکەکانی خۆیان، چونکە دواتر دەیفرۆشنەوەو پارەی زیاتریان لێوە دەست دەکەوێت. 

11. هەڵکەوتەی کەلار
هەڵکەوتەی کەلار تا ڕادەیەکی زۆر بەشدارە لە بوژانەوەو بەرەوپێشچوونی شارەکە، هۆکاری ئەمەش بە ڕێژەیەکی بەرچاو ئەوەیە کە کەلار بووەتە شارێك کە رۆڵی سەنتەر دەگێڕێت و زۆرێک لە ناوچە گرنگەکانی هەرێم و عیراق و ئێران پێکەوە دەبەستێتەوە، بۆ نموونە لە باشوورییەوە رێگای بەغدای لەسەرە، لە خۆرئاواییەوە رێگای کەرکوک، لە باکووررییەوە رێگای سلێمانی،  هەروەها لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە لە خۆرهەڵاتییەوە رێگای ئێرانی لەسەرە کە وەکو وتمان گاریگەرییەکی بێ وێنەی جموجوڵی بازرگانی و ئابووری هەیە لە بوژانەوە و گەشەی شارەکە. بۆیە ئەم هەڵکەوتەییەی کەلار دەرفەتی زیاتری بە شارەکە داوە کە ببێت بە پایتەختی ئابووری هەرێم.

11. سەوزایی
سەوزایی بە تایبەتی و پاراستنی ژینگە بە گشتی بوونەتە جێی شانازی کەلارییەکان، بە جۆرێک کە ئەگەر ئێستا کەلار پێشەنگ نەبێت لەسەر ئاستی هەرێم ئەوا بێگومان یەكێکە لە شارە پێشەنگەکان لە ڕووی پاراستنی ژینگەو سەوزاییەوە. ئەمەش وایکردووە کە جوانی شەقامەکانی کەلار بەهۆی دار و سەوزاییەکانیەوە ببێتە جێی سەرنجی گەشتیاران و تەنانەت خەڵکی ناوچەکەش. دیارە رۆڵی سەرەکی رێکخراو و کەسایەتییە دیارەکانی بواری ژینگە دەبێت بەرز بنرخێنین کە هاوکار و هەماهەنگ بوون لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی کەلار لە ڕووی ژینگەو سەوزاییەوە.

12. نەوت
بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان و تەنانەت عیراقیش هەرێم و وڵاتێکی بەرخۆرن، زیاتر پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستن، واتە هەبوونی نەوت وایلێکردوون کە زیاتر چاویان لەسەر بەرهەم و سێکتەری نەوتی بێت بۆ بەدەستهێنانی داهات. هەبوونی نەوتیش لە ناوچەیەک وا دەکات کە بوژانەوەو دەرفەتی کاری زیاتر دروست ببێت بۆ دانیشتوانەکەی، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا دانیشتوانی کەلار کەمتر دانیشتوانێکی بەرخۆرن بەهۆی چستوچالاکی خەڵکەکەی لە ڕووی بازرگانی و کەسابەتەوە،  هەروەها بە هۆی پێگە بازرگانییە بێوێنەکەی کەلار لە ناوچەکادا.

 

کەلار خۆی لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخی ناوچەیی و تەنانەت جیهانیشدا دەگونجێنێت و ئابوورییەکەشی رۆژبەڕۆژ لە گەشەی زیاتردایە

 

13. کشتوکاڵ
بەهۆی ئەوەی کە کەلار شارێکی نوێیە هەندێک تایبەتمەندێتی ئەرێنی بەدەستهێناوە، بۆ نموونە زۆرێک لە خەڵکەکەی لە گوندەکانەوە هاتن و نیشتەجێ بوون لە کەلار، بە تایبەت لە سەردەمی ساڵانی هەشتاکان و بە تایبەتریش بەهۆی پڕۆسەی شوومی ئەنفالەوە، ئەم خەڵکەش تاک و ئێستا پەیوەستییەکی باشیان لەگەڵ گوندەکانی خۆیان هەیە و کاری مەڕ و ماڵاوت و گاوانی دەکەن، ئەمەش وایکردووە کە بەرهەمە گۆشتییەکان و شیرەمەنییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناوچەکەدا ڕوو لە گەشە بکەن.  بەهۆی هەبوونی رووبارەوە، کەلار باشتر توانیوێتی بەروبومی ماسی و سەوزەمەنی و باخداری و ئاژەڵداری پەرەپێبدات. ئەمە جگە لەوەی کە کەلار رۆڵێکی کاریگەری هەیە لە بەرهەمهێنانی گەنم و دانەوێڵە لەسەر ئاستی هەرێم و تەنانەت عیراقیش.
گەیشتن بەم تایبەتمەندییانە و پاراستنیان پێویستی بە پلاندانانی ستراتیژی و وەبەرهێنان و هەوڵی بەردەوامی هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت هەیە. لێرەدا پێویستە دەستخۆشی لە زۆربەی دامودەزگا فەرمییەکان بکەین کە ڕۆڵی بەرچاو و دڵسۆزانەیان هەبووە لەم بەرەوپێشچونانەدا. زۆرجار پایتەختە سەرکەوتووەکانی ئابووری بە تێپەڕبوونی کات پەرەدەسێنن، بەڵام گومان دەکرێت ئەگەر شوێنێک هەبێت هێندەی کەلار گەشەی خێرای کردبێت و گەشتبێت بەم ئاستە بێ وێنەیە، چونکە هەموو ئەم پێشکەوتنانەی کەلار لە کاتێکدایە کە تەمەنی شارەکە تەنها نیو سەدەیەکە. لەم ماوە کورتەدا ئێستا کەلار خۆی لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخی ناوچەیی و تەنانەت جیهانیشدا دەگونجێنێت و ئابوورییەکەشی رۆژبەڕۆژ لە گەشەی زیاتردایە. بۆیە پڕبەدڵ داوا دەکەم و هیوادەخوازم کە هەموو لایەن و کەسایەتییە کاریگەرەکان، بەتایبەت ئەوانەی کە لە سەرەتای ئەم وتارە ئاماژەم پێکردوون، بەدەم ئەم داواکارییەمەوە بێن و بە هیمەتی دڵسۆزان لە کەلار و کوردستان کاری جدی لەسەر ئەوە بکرێت کە کەلار ببێتە پایتەختی ئابووری هەرێم.
 
* مامۆستای بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان 

لە زانکۆی سلێمانی

 

هەڵکەوتەی کەلار تا ڕادەیەکی زۆر بەشدارە لە بوژانەوە و بەرەوپێشچوونی شارەکە

شارێک کە بنکەیەکی ئابووری هەمەچەشنی هەبێت، زیاتر خۆڕاگر دەبێت بەرامبەر بە دابەزینی ئابووری

وتارەکانی نوسەر