تایبەت بە کوردستانی نوێ
لەم دواییانەدا لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردەکانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق گفتوگۆم هه‌بووه، بیروبۆچوونمان لەسەر بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو ئاڵوگۆڕکردووە. لە کاتی گفتوگۆکاندا هەندێکیان سەرسامیان بە گەشەسەندنی سەقامگیر و خێرای چین نیشاندا و لێیان ده‌پرسیم: وەک پارتێكی دەسەڵاتدار، پارتی کۆمۆنستی چین چۆن وڵاتێکی زەبەلاح بەڕێوەدەبات کە ژمارەی دانیشتووانی 1.4 ملیار کەسە؟ وەک پارتێكی سیاسی گەورە، چۆن پارتی کۆمۆنستی چین چارەسەری پرسی گرنگی خۆبەڕێوەبردن ده‌كات؟ هەرچەندە هەوڵم داوە روونکردنەوە بدەم، بەڵام بەهۆی کەمیی کاتەوە رەنگە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە و قووڵ وەڵامم نەدابێتەوە. بۆیە دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و روونکردنەوەیەکی رێكوپێكتر و گشتگیرتر لەسەر ئەم بابەتە گرنگە پێشکەش بکەم، بەو هیوایەی باشتر وەڵامی پرسیارەکانیان بدەمەوە.
شی جینینگ وتی:
گەندەڵی شێرپەنجەی کۆمەڵگایە، ئەگەر رێگری لە گەندەڵی نەکەین یاخود لێبگەڕێین زیاد بکات، ئەوا مانەوەی پارت و وڵات دەکەوێتە مەترسییەوە
تا کۆتایی ساڵی 2022، پارتی کۆمۆنستی چین زیاتر لە 98 ملیۆن ئەندام و زیاتر لە 5 ملیۆن رێکخراوی حزبی بنەڕەتی هه‌بووه. دەکرێ بڵێین بەڕاستی گەورەترین پارتی سیاسییه له جیهاندا لە رووی قەبارەوە. بۆ پارتێكی ئاوا گەورە، کە ماوەیەکی زۆرە لە پڕ دانیشتووانترین وڵاتی جیهاندا دەسەڵاتدارە، نابێ سەختی بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆی پارته‌كه بە کەم سەیر بکرێت.
ئەگەر سه‌یری پارتی كۆمۆنستی یەکێتیی سۆڤیەت بکەین (كه پێشتر پێی ده‌وترا بەلشەفیک)، زەحمەت نییە بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەو پارته‌ی سەردەمانێک دەیان ملیۆن ئەندامی هەبووە، بە دڵنیاییەوە پارتێکی گەورەی جیهانە. پێداچوونەوەیەکی کورت بە مێژووەکەییدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەو پارته کاتێک 200 هەزار ئەندامی هەبوو، سەرکەوتووانە قه‌یسه‌ری رووخاند و دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، کاتێک 2 ملیۆن ئەندامی هەبوو، بەرگری لە دژی هێرشی دڕندانەی سوپای هیتلەر کرد و لە کۆتاییدا سەرکەوتنی جەنگی دووەمی جیهانی بەدەستهێنا، بەڵام کاتێک ژمارەی ئەندامه‌كانی گەیشتە نزیکەی 20 ملیۆن کەس، لە مانگی ئابی 1991دا کودەتایەکی شکستخواردوو روویدا و لە شه‌و و رۆژێكدا پارتەکە رووخا. ئه‌مه وانه‌یه‌كی قووڵه به هه‌موو مانایه‌ك!
کێشەکانی پارتێکی گەورەی چین؟
ئایا ئه‌و كێشانه چین كه ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی هه‌یه كاتێك پارتێكی گه‌وره به نزیكه‌ی 100 ملیۆن ئه‌ندامه‌وه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له حكومڕانیدا بێت؟ بە مانایه‌كی تر، ئەو سەختییە ناوازانە چین کە رووبەڕووی پارتێكی گەورە دەبێتەوە وه‌كو پارتی کۆمۆنستی چین؟
له به‌رامبه‌ر ئیغراكردن به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه، چۆن هەموو ئەندامانی پارت ده‌توانن بە بەردەوامی راستگۆبن لەگەڵ خواستی رەسەنی پارته‌كه و به‌توندی ئەرکی پارته‌كه لەبەرچاو بگرن؟ بۆ مرۆڤ ئاسانە کارێکی باش بکات، ئه‌مه‌ش پێویستی به په‌روه‌رده و رۆشنبیركردنی حزبییه. بۆ پارتێکی سیاسی، بەتایبەتی پارتێکی گەورە کە ئەندامێتی وەها زۆری هەبێت، زۆر قورسه ژمارەیەکی وا زۆر خه‌ڵك والێبكات کە نموونه‌یی و بیروباوەڕی پتەو بپارێزن، وابكات كه هەموو ئەندامان و کادرانی پارتەکە باوەڕیان بەوە هەبێت کە هەر سیاسەتێک یان بڕیارێک پێویسته لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گەل بێت نەک شتێکی تر، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا چاودێریی گشتی و به‌دواداچوونی دیسپلین گرنگه.
لە بەرامبەر هەمەچەشنی بیروبۆچوون و تێڕوانین لە کۆمەڵگەدا، چۆن بتوانین هەموو ئەندامانی پارت لە قسە و کردارەکانیان یەکبخەین؟ ئەمە تاقیکردنەوەی توانای پارتێكی سیاسییە بۆ بەڕێوەبردنی خۆی. وەک پارتێكی زەبەلاح، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم به‌ره‌نگارییه‌دا زۆر قورسە. لەگەڵ گەشەکردنی قەبارەی پارتێكی سیاسی، هاوکات لەگەڵ قووڵبوونەوەی چاکسازیی و کرانەوە، بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەمەچەشن دەبن و به‌دڵنیاییه‌وه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئەندام و کادرانی پارت دەبێت. به‌م هۆیه‌وه لەوانەیە هەندێک توێژی سیاسی یاخود گروپی بچووک لەناو پارته‌كه‌دا سەرهەڵبدەن كه به‌پێی ئاره‌زووی خۆیان مامەڵە بکەن و بەم شێوەیە دواتر کێشە دروست بکەن.
لە بەرامبەر پرس و به‌ره‌نگارییه بێ كۆتاكاندا، چۆن بتوانین هەمیشە توانای بەڕێوەبردنی بەهێز و كارامه‌یی رابه‌رایه‌تی بپارێزین؟ وەک پەندێکی چینی دەڵێت: “لە كاتی نه‌بوونی کەرەستەی گونجاو‌دا، نا‌توانیت کارەکە ئەنجام بدەیت”. شەرعیەتی پارتی دەسەڵاتدار لە توانای به‌ڕێوه‌بردن و سەرکردایەتی بەهێزی لە چارەسەرکردنی کێشەکان و بە ئەنجام گەیاندنی کارەکاندا سەرچاوە دەگرێت. گرنگی ئەم بابەتە ناتوانرێت زیاده‌گۆیی تێدا بکرێت. جیهان به گۆڕانکاری قووڵ و ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕێت. ئەگەر پارتی دەسەڵاتدار كه‌مته‌رخه‌م بێت و خۆی بە شێوازە کۆنەکانییەوە ببه‌ستێته‌وه، ئەوا زۆر مەترسیدار دەبێت و له‌وانه‌یه مێژوو بیسڕێتەوە.
لە کاتێکدا هەندێک لە ئەندامان و کادران چێژ له ژیانێکی خۆش و ئاسوودە وه‌رده‌گرن، چۆن بتوانین به‌رده‌وامی به رۆحی ماندووبوون و کارگێڕی بده‌ین؟ سکرتێری گشتی شی جینپینگ جارێک ئاماژەی بەوە كرد كه: «دوای دەیان ساڵ لە ره‌وشی ئاشتی له به‌ڕێوه‌بردنی دەسەڵاتدا، ژماره‌یه‌ك لە ئەندامان و کادرانی پارت له كاره‌كانیاندا بژارده‌ی ژیان و مردنیان تاقی نه‌كردۆته‌وه، هه‌روه‌ها بە شەڕی قورس لە ژینگەیەکی سەختدا تێنه‌په‌ڕیوون. بۆیە ئه‌وان بە رۆحێکی لاواز و وره‌یه‌كی نزمەوە، ئاره‌زوویان بۆ ژیانێكی ئاسووده ده‌ڕوات و بە ئاسانی لە بەرامبەر هەندێک ململانێی گەورەدا تووشی شڵەژان و سەرلێشێوان دەبن».
لە بەرامبەر بارودۆخی باشی گەشەسەندنی ئابووریی و کۆمەڵایەتیدا، چۆن هەمیشە بتوانین کێشەکانی خۆمان لە کاتی خۆیدا بدۆزینەوە و چارەسهریان بکەین؟ دانایهكانی چین جارێک وتیان “لە کاتی ئارامیدا ئامادەبە بۆ مەترسی.” و «هەرکەسێک بەسەر ئەوانی تردا زاڵ بێت ئه‌وه بەهێزە و هەرکەسێک به‌سه‌ر خۆیدا زاڵ بێت ئه‌وه بەهێزترە.» ئەم په‌ندانه مانای ئه‌وه ده‌گەیێنن كه پێویسته خۆمان بۆ خراپترین سیناریۆ ئاماده بكه‌ین بۆ ئەوەی نه‌به‌زێنراو بین. بۆئەوەی بەڕاستی بەهێزبین، مه‌رج نییه به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی تردا زاڵبین، به‌ڵام پێویسته له شكست ده‌ربازبین و خۆڕاگربین.
لەبەرامبەر گەندەڵی و رەوتە کۆمەڵایەتییە ناتەندروستەکانی دیکەدا، چۆن بتوانین یه‌كڕیزی سیاسی لەناو پارتدا بپارێزین؟ سكرتێری گشتی وتی: «گەندەڵی شێرپەنجەی کۆمەڵگەیە. ئه‌گه‌ر رێگری له گه‌نده‌ڵی نه‌كه‌ین یاخود لێبگه‌ڕین زیاد بكات، ئه‌وا مانه‌وه‌ی پارت و وڵات ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. بۆئەوەی پارت بتوانێت بنه‌مای ده‌ستپاكی بونیادبنێت هاوكات لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، پێمانوایە ئه‌مه پەیوەندییەکی زۆری بە مانەوەی پارت و نیشتیمانەوە ده‌بێت. هەروەها ئه‌مه لە چەندین وانەی مێژوویی سەردەمی کۆن و مۆدێرنەوە هاتووە چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە”.
چۆن پارتی کۆمۆنستی چین کێشەکان چارەسەر دەکات؟
لە بەرامبەر ئەو کێشانەی كه له سەرەوە ئاماژه‌یان پێكراوه، چۆن پارتی کۆمۆنستی چین چارەسەریان دەکات؟
ئەگەر سەیری مێژووی سه‌د ساڵه‌ی پارتی کۆمۆنستی چین بکەین، بۆچی پارته‌كه‌مان دەتوانێت لە کێبڕکێی توندی نێوان هێزە سیاسییە جیاوازەکاندا دەربکەوێت؟ بۆچی هەمیشە دەتوانین لە پێشەنگی سەردەمدا بمێنینەوەو ببینە بڕبڕەی پشتی گەل و نه‌ته‌وه‌ی چین؟ یه‌كێك له هۆكاره گرنگه‌كان ئه‌وه‌یه کە پارته‌كه‌مان هەمیشە پابەندە بەڕاستییەوە، بەردەوام هەڵەکان راست دەکاتەوە، ئازایانە رووبەڕووی به‌ره‌نگارییه‌كان دەبێتەوە، بوێرانه به‌های خۆی نوێده‌كاته‌وه و توانایەکی زۆر بەهێزی هەیە بۆ خۆچاککردنەوە. پارتی کۆمۆنستی چین هه‌ندێك شێوازی كاریگه‌ری بۆ جێبه‌جێكردن گرتۆته‌به‌ر.
پێویستە هەمیشە بەرژەوەندیی گەل بخەینە پله‌ی یه‌كه‌م و پێش هه‌موو شتێكه‌وه. گەڕان بەدوای خۆشبەختی بۆ گەلی چین و گه‌شبوونه‌وه بۆ میللەت، مەبەست و ئەرکی بنه‌ڕه‌تی پارتی کۆمۆنستی چینه، کە بەرژەوەندیی تایبەت بۆ خۆی تێیدا نییه. مارکس و ئەنگڵس جارێک لە لێدوانێكی کۆمۆنستدا وتیان: «هەموو بزووتنەوە مێژووییەکانی پێشوو بزووتنەوەی کەمینەکان بوون، یاخود لە بەرژەوەندیی کەمینەکاندا بوون. بزووتنەوەی پرۆلیتاری بریتییە لە بزووتنەوەیه‌كی هۆشیار و سەربەخۆ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ره‌های زۆرینه.» پارتی ئێمە پارتێكی چەکدارە بە مارکسیزم. هەمیشە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی ره‌های زۆرینەی گەلی چینی کردووە و هەرگیز هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی خۆی نەبووە. هەموو شتێک بۆ گەله. وەک سکرتێری گشتی وتی « ئاواتی خەڵک بۆ ژیانێکی باشتر ئەوەیە کە ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین.»
پاراستنی ئاستێكی بەرزی یەکڕیزی و یەکگرتوویی هزری ئایدیۆلۆجیا لەناو پارتدا زۆر گرنگە. یه‌كگرتوویی هێزه و كلیلی سه‌ركه‌وتنه. هێزی پارتیش به‌هه‌مان شێوه لە توانای رێکخستنی بەهێزەوە سەرچاوە دەگرێت. بە هەوڵدان بۆ باشترکردنی چالاکییە سیاسییە رێكخراوه‌كانی ناو پارت، پەروەردەی هزری ئایدیۆلۆجیای کاریگەر، به‌رده‌وام چاككردنی سیستمی هێڵكاریی و رێساكانی پارت، چه‌سپاندنی دیموكراسی ته‌واو له‌ناو پارت، دەتوانین پارته‌كه «وەک خێزانێکی هاوسەنگ، یەکگرتوو بكه‌ین، و وەک پۆڵایەکی پته‌و، بەهێز بكه‌ین». پێویسته هەموو ئەندامان بە توندی پشتگیریی لە دەسەڵاتی کۆمیتەی ناوەندی پارت بكه‌ن، بە ته‌واوی رێنماییەکانی کۆمیته جێبەجێ بکەن و هەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان. له‌ناو پارتدا، بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە کۆمه‌ڵه، بازنەی بچووک یاخود باند هه‌بێت و نابێت رێگه به هیچ رەفتارێک بدرێت كه ببێته هۆی تێكدانی یەکڕیزی و کۆکردنەوەی هێز و توانای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌كان.
پێویستە بەردەوام تواناسازیی پارت بەهێز بکەین، تواناکانی حوکمڕانی و سەرکردایەتیی پارت بەرز بکەینەوە. پارتی کۆمۆنستی چین هەمیشە پابەند بووە بە چەمکی بونیادنانی پارتێك کە ئاره‌زووی فێربوونی هەبێت. ئەمەش مەرجی بەرز ده‌خاته سه‌ر ئه‌ستۆی سەرکردەکانی پارت لە هەموو ئاستەکاندا. هەرچەندە سەرقاڵی کارن، بەڵام پێویسته کات بۆ خوێندن و فێربوونی زانیاری نوێ تەرخان بکەن بۆ ئەوەی شیکاریی بیردۆزییان بەرەوپێش ببەن و ئه‌وه‌ی فێریبوونه له شوێنی كاردا جێبه‌جێی بكه‌ن. لە هەمانکاتدا نابێت شوێن بۆ ئه‌و کەسانە هەبێت کە بێسوودن یاخود وەک هەڵهاتوو دەردەکەون و لە هیچ شتێکدا باش نین.
ئێمە هەمیشە دۆخێكی دەروونی باش ده‌پارێزین بۆ ئەنجامدانی هەر كارێك بە هەستێکی بەهێزی بەرپرسیارێتی. دەستپێکردنی هه‌ر کارێک قورسە، بەڵام به‌رده‌وامبوون له‌و كاره قورسترە. تێكۆشان و سه‌ركه‌وتنی وڵات ئاسان نییه، به‌ڵام بەرگرییکردن لێی و پاراستنی قورسترە. بە درێژایی مێژوو، هه‌ر نەتەوە و وڵاتێک بە کاری قورس و خۆباشترکردن و هەوڵی جددی گه‌وره بووه و گەشەی کردووە، لە کاتێکدا هەمیشە لە ناوچوون و پاشەکشە لە زیادەڕەویی و کەمتەرخەمی و لەڕێلادانەوە سەرچاوە دەگرێت. كار كرداری خۆشگوزەرانی بۆ میللەت دەهێنێت و قسەی ناڕاست دەیخاتە مەترسییەوە. پارتی کۆمۆنستی چین پابەندە بە رێبازێکی سیستماتیکی لە بەڕێوەبردنی چەندین پەیوەندی لەوانە: پەیوەندییەکانی نێوان ئابووریی و کۆمەڵگا، حکومەت و بازاڕ، کارایی و دادپەروەری، جووڵهگهریی و رێكوپێكی و گەشەپێدان و ئاسایش. هەروەها پێویسته به‌شێوه‌یه‌كی باش مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندیی و حكومه‌تی هەرێمه‌كان، لە نێوان پارێزگا پێشکەوتووەکانی کەناره دەریایهكان و پارێزگا كه‌م گه‌شه‌سه‌ندووه‌كان و لە نێوان پلاندانانی ستراتیژی پیشەسازییەکان و گەشەپێدانی هه‌رێمی رێكخراودا بكه‌یت.
ئه‌ركی گرنگی سه‌ركرده باڵاكان ئه‌وه‌یه كه خودی خۆیان خاوه‌نی ره‌وشت و به‌های شۆڕشگیریبن بۆئه‌وه‌ی ببنه نموونه‌یه‌ك بۆ ئه‌ندامانی تری پارته‌كه.
لە کۆتایی ساڵی 2012دا «8 یاسا»ی بەناوبانگ لەلایەن مەکتەبی سیاسی پارتی کۆمۆنستەوە پەسەندکرا بەئامانجی پێشخستنی شێوازی کارکردن و چاره‌سه‌ركردنی پرسە سەختەکان وەك فۆرمالیزمی و بیرۆکراسی. لەو کاتەوە ئەرکی سەرکردایەتی پارته‌كه بووه ئه‌ركێكی گرنگ و درێژخایه‌ن، له نیشاندانی ئیراده‌یه‌كی به‌هێز بۆ وه‌رگرتنی رابه‌رایه‌تی له پێشكه‌شكردنی نموونه‌کان. بە درککردن بەوەی کە ئەمە شەڕێکی سەخت و درێژخایەنە، پارت نەک تەنها جه‌خت لەسەر بەهێزکردنی ئاڕاسته‌ی هزری ئایدیۆلۆجیایی ده‌كات، بەڵکو جه‌خت لەسەر رێساکانی رەفتار و لێپرسینەوەی رێكوپێكی ده‌كاته‌وه. هەندێک لە دۆسیە باڵاکانی گەندەڵی دادگایی و ئاشکرا كراون. دوای 10 ساڵ له هەوڵدان، توانیمان کۆتایی بە هەندێک پرسی چەسپاو بهێنین کە ساڵانێکی زۆرە بنبڕ نه‌كرابوون و توانیمان خەڵک زیاتر رازی و دڵخۆش و دڵنیاتر بکەین.
هەرگیز لێبورده نابین لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی و کارە نایاساییەکانی دیکەی ناو پارته‌كه. هەرکەسێک پێشێلی رێساكانی پارت و یاسا نیشتمانییەکان بکات، بەبێ گوێدان به پۆسته‌كه‌ی، بەپێی پێویست لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و سزا دەدرێت. لە دوای 18ەمین کۆنگرەی نیشتمانی پارتی کۆمۆنستی چینه‌وه، زیاتر لە 500 کادر لەسەر ئاستی وەزاری یان سەرووتر دادگایی کراون و زیاتر لە 15%یان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندین. لیژنەکانی پشکنینی رێكوپێكی لەسەر ئاستی ناوەندی و ناوخۆیی نەک تەنها لێکۆڵینەوە لە کەیسە باڵاکان ده‌كه‌ن، بەڵکو لە بنەڕەته‌وه رووبەڕووی گەندەڵی دەبنەوە. لەهه‌مان كاتدا، هەموو بەشەکان و دامەزراوەکان هەر پێنج ساڵ جارێک پشکنینی سیاسی‌یان بۆ دەکرێت کە له رێگه‌یه‌وه ده‌توانرێت كێشه‌كان دەستنیشان بکرێن و بەو پێیە چاره‌سه‌ركردن پەیڕەو بکرێت.
یەکخستنی تێگەیشتنی هزری ئایدیۆلۆجیا
پارتەکەمان ساڵانە چالاکیی پەروەردەیی چڕ ئەنجام دەدات بە مەبەستی یەکخستنی تێگەیشتنی هزری ئایدیۆلۆجیای هەر ئەندامێک، و باشترکردنی یاسا و رێسا ناوخۆییەکانی پارت و کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵات له‌ناو قه‌واره‌یه‌كی دامەزراوەیی. ئەمساڵ تیشک دەخەینە سەر رێكوپێكی بەرنامەی فێربوون و پەروەردەکردن له‌ناو پارت، کە بۆ ماوەی 4 مانگ بەردەوام دەبێت. پێویستە هەموو ئەندامانی پارت رێسای تازه هەمواركراوی پارتی کۆمۆنستی چین سەبارەت بە رێوشوێنه‌كانی ته‌مێكردن بخوێننەوە. مەبەست لێی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری هەموو ئەندامانی پارتەکەیە بۆ پابه‌ندبوون بە یاسا و ڕێنماییه‌كان.
چارەسەری ئەو به‌ره‌نگاریه ناوازانەی کە پارتێكی گه‌وره رووبەڕووی دەبێتەوە، ناتوانرێت له شه‌و و ڕۆژێكدا بدۆزرێنه‌وه و به‌ده‌ست بهێنرێن و پێویستیان بە گەڕانێکی سەخت و درێژخایەن هەیە. لە مانگی تەمموزی ساڵی 1945 دامەزرێنەری کۆمەڵەی دیموکراتی چینی بەڕێز هوانگ یانپێی سەردانی ما‌و زێتۆنگی کرد لە ئەشکەوتەکەی لە یانان. هوانگ هیوای خواست کە ئەو حکومەتە نوێیەی کە لەلایەن پارتی کۆمۆنستی چینه‌وه دادەمەزرێت، سووڕی مێژوویی رژێمە کۆنەکان بشکێنێت کە «بەهەمان ئه‌و خێراییه‌ی كه تێیدا سه‌ریهه‌ڵداوه به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ كه‌وتۆته خواره‌وه«. ما‌و لە وەڵامدا وتی: «ئێمە رێگایەکی نوێمان دۆزیوەتەوە بۆ رزگاربوون لەو سووڕه. تا خەڵک توانای سەرپەرشتیکردنی حکومەتیان هەبێت، ناوێرین هەوڵەکانمان خاو بکەینەوە.» ئێستا پارته‌كه‌مان وەڵامی دووەمی بۆ ئه‌م پرسیاره دۆزییه‌وه، ئەویش خو و نه‌ریتی شۆڕشگێرییه.
جیهان پێی ناوەتە دەیەی سێیەمی سەدەی بیست و یەك، لەگەڵ بەردەوامی گەشەسەندنی جیهانگیری، هه‌موو وڵاتێك رووبه‌ڕووی چه‌ندین جۆری به‌ره‌نگاری ده‌بێته‌وه. ئێستا لە هه‌وڵی گهشبوونەوەی نەتەوەیی بە رێگا ناوازەکەی به‌ره‌و نوێخوازی لە رێگای گەشەسەندنی ئاشتیانە، چین هەمیشە پابەند بووە بە بنه‌مای فرە جەمسەری جیهانی و دیموکراتیكردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
پارتی کۆمۆنستی چین ئامادەیە گفتوگۆی دۆستانە لەگەڵ پارته سیاسییەکانی دیکەی جیهان بکات، لەنێوانیاندا عیراق، به‌جۆرێك كه ئاڵوگۆڕ و هه‌ماهه‌نگی به‌ره‌وپێش ببه‌ین، ئه‌زموونه‌كانمان لە حوکمڕانی پارت و وڵات هاوبه‌ش بكه‌ین، لەڕووی شارستانییەتەکانەوە له‌یه‌كتر فێربین، تواناکانی سەرکردایەتی و حوکمڕانی باشتر بكه‌ین، پێکەوە بۆ بەرەوپێشبردنی رێزگرتنی یەکتر، پشتگیری یەکتر و یارمەتیدانی یەکتر بۆ سەرکەوتن كاربكه‌ین. بە ئەنجامدانی هه‌موو ئه‌مانه به‌یه‌كه‌وه، هیوادارین کۆمەڵگەیەکی جیهانی خاوه‌ن داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی بنیات بنێین.
*کونسوڵی گشتی کۆماری میللی چین