سوودمەندە سەرەکییەکانی جەنگی ئۆکرانیا

08:02 - 2022-05-26
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
109 خوێندراوەتەوە

سێ مانگ زیاترە جەنگێکی گەورە لە  نێوان ئۆکرانیا و روسیا هەڵگیرساوە، دەمێکیشە وتراوە، لە جەنگە گەورەکاندا، کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورە سوودمەندی سەرەکین، بەدڵنیاییەوە زەرەرەمەندی  سەرەکیش، خەڵکی سیڤیلین.  هێنری بیرانجە نوێنەری حکومەتی فەرەنسا لە کۆنگرەی ئاشتی رۆمای ساڵی 1918 وتی: نەوت وەکو خوێن وابوو بۆ جەنگی یەکەمی جیهانی. هەمیشە نەوت و جەنگ پەیوەندییەکی بەهێزیان پێکەوە هەیە، لەم جەنگەشدا دووبارە ئەم پەیوەندییە بە جوانی دەرکەوتووە، زۆربەی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان، سوودمەندی سەرەکی بوون بەتایبەتی 4 کۆمپانیا گەورەکەی خۆرئاوا کە ئەوانیش بریتین لە « ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی، تۆتاڵی فەرەنسی، شێلی هۆڵەندی - بەریتانی، بی پی بەریتانی» بەپێی دوایین راپۆرتی میدیاکانی ئەڵمانیا بێت،  بۆ ئەمساڵ ئەم کۆمپانیایانە نزیکەی 200 ملیارد دۆلار قازانج دەکەن. هەربۆیە هەندێک پارتی چەپی ئەوروپی داوای باجی قوورس  بەسەر ئەم کۆمپانیایانە دەکەن. ئەمەش لەکاتێکدا ژمارەی ئاوارەکان سەرو 6.5 ملیۆنە و هەزاران کەسیش کوژراو بریندارن و تادێتیش ژمارەی قوربانیانی ئەم جەنگەش زیاتر دەبێت. 
ماوەیەکە لەناو میدیاکانی ئەوروپادا بەتایبەتی لە ئەڵمانیادا ، قسەوباسی زۆر لەبارەی   سوودمەندی سەرەکی ئەم جەنگەوە دەکرێن. ئەمەش وایکردووە کە  پارتە چەپەکان بێنە قسەو رەخنە لە حکومەتەکانیان بگرن و داوای راگرتنی ئەم جەنگە بکەن، کە ماڵوێرانی بۆ گەلی ئۆکرانیا، گرانیی و نائارامیشی بۆ تەواوی گەلانی ئەوروپا هێناوە.

 220 % قازانج 
بەپێ راپۆرتە میدیاییەکان بێت کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی  لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، بڕی 8.83 ملیارد دۆلاری قازانج کردووە لەکاتێکدا ساڵی پار لە چارەکی یەکەمدا تەنها 2.76 ملیارد دۆلاری قازانج کردووە، ئەمەش مانای وایە کە بە رێژەی 220 % قازانجی زیادی کردووە.  کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسیش  بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بڕی 10.1 ملیارد دۆلاری قازانجی کردووە لە کاتێکدا ساڵی پار لەچارەکی یەکەمدا تەنها 3.49 ملیارد دۆلاری قازانجی کردووە واتە بەرێژەی 187 % قازانجی زیادیکردووە.  کۆمپانیای شێلی هۆڵەندی- بەریتانی،  بڕی 11.22 ملیارد دۆلاری بۆ چارەکی یەکەمی ساڵ قازانجی کردووە، بەمشێوەیەش لە هەموو کۆمپانیاکانی تر زیاتر قازانجی کردووە، لەکاتێکدا ساڵی پار بۆ چارەکی یەکەم تەنها 4.55 ملیارد دۆلاری قازانجی کردووە واتە بەرێژەی 147 % قازانجی زیادیکردووە. کۆمپانیای بی پی بەریتانیاش بڕی 4،54 ملیارد دۆلار قازانجی کردووە لەکاتێکدا ساڵی پار بۆ چارەکی یەکەم 3.96 ملیارد دۆلار قازانجی کردووە، بەمشێویەش بەرێژەی 14 % قازانجی زیادی کردووە. 
جگە لەم کۆمپانیا خۆرئاواییانە، کۆمپانیاکانی خۆرهەڵاتیش قازانجی باشیان کردووە بۆ نموونە کۆمپانیای ئارامکۆی سعودییش بە یەکێک  لە سوودمەندە سەرەکییەکانی جەنگی ئۆکرانیا دادەنرێت، بەپێی ئامارەکان بێت،بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ  بڕی 39.5 ملیارد دۆلار قازانجی کردووە، بەم شێوەیەش بەرێژەی 82 % ی  قازانجی زیادی کردووە.  جێگەی ئاماژەیە کۆمپانیای ئارامکۆ، کۆمپانییەکی حکومییە  و کاری بەرهەمهێنان و گواستنەوەو فرۆشتنی نەوتی سعودییە دەگرێتە ئەستۆ. 
جگە لە کۆمپانیاکانی نەوت، کۆمپانیاکانی بواری چەکو تەقەمەنی، کارەبا، گاز، سوودمەندی سەرەکین لەم جەنگەدا کە ماڵوێرانی گەورەی بۆ گەلی ئۆکرانیا هێناوە. 

باج دانان
هەرئەمەش وایکردووە کە پارتی چەپی ئەڵمانیا، داوای دانانی باجی زیاتر بەسەر کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز بکات.  ئەمەش لەکاتێکدا پێشتر لە ئیتالیا و یۆنان، باجی زیاتریان بەسەر کۆمپانیاکانی نەوت و گاز داناوە. 

ئۆکرانیا زەرەرمەندی یەکەمە
هەمیشە جەنگ تەنها لایەنی سوودمەندی نییە بەڵکە لایەنی زەرەمەندیشی هەیە، بە پلەی یەکەمیش ئەو شوێنانەی کە جەنگەکەی تێدا روو دەدات، زەرەرمەندی سەرەکین.  لێرەشدا جەنگەکە کەوتۆتە ماڵی ئۆکرانییەکانەوە،  کە ئەوانیش زەرەرمەندی سەرەکی ئەم جەنگەن. رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی قوربانیی و ئاوارە و بریندارەکانی جەنگەکە زیاتر دەبێت، بەپێی دوایین ئامار بێت ژمارەی ئاوارەکان گەیشتۆتە  نزیکەی 6.5 ملیۆن ئاوارە، ژمارەی کوژراوی خەڵکی سیڤیل گەیشتۆتە نزیکەی 3500 کەس، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتۆتە 4 هەزار کەس، هەرچەندە بە تەواوەتی نازانرێت ژمارەی ئەو سەربازانەش چەندە کە کوژراون یان بریندار بوون، چونکە هیچ کام لە لایەنی جەنگەکە ئامارەی راستی بڵاو ناکەنەوە. بەڵام هەزاران سەربازیش کوژراو بریندار هەیە.  جگەلەوەش بەشێکی زۆری خاکی ئۆکرانیا خاپوور بووە. 

دەرەنجام
ئەوەی روون و ئاشكرایە کە گەلی ئۆکرانیا زەرەرمەندی سەرەکییە لەم جەنگەدا و کۆمپانیا گەورەکانی بواری نەوت و گاز و چەکوتەقەمەنیش، کە زۆربەیان هی وڵاتانی خۆرئاوان، ئەوان سوودمەندی سەرەکی ئەم جەنگەن.

سەرچاوە: www.linksfraktion.de

وتارەکانی نوسەر