ئەمڕۆ لەچاو سەدەکانی تردا وەرگێڕان رۆڵی زیاتری هەیە، بەتایبەتی لەپاش بەهێزبوونی پەیوەندیی بازرگانیی و ئابووریی و سیاسیی و فەرهەنگیی نێوان گەلان، ئەمەش وایکردووە کە فێربوونی زمانە بیانییەکان، بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان گرنگ بێت
هەمیشە وەرگێڕان بە یەکێک لە ژانرە گرنگەکانی جیهانی ئەدەب و سیاسەت و ئابووری گەلان دادەنرێت، چونکە ئەگەر وەرگێڕان نەبێت ئەوا پێشکەوتن و ژیانیش نابێت. دیارە بەداخەوە ئێمەی کورد زۆر درەنگ گرنگیمان بە وەرگێڕان داوە، لەمەشدا داگیرکەرانی کوردستان رۆڵی زۆر خراپیان هەبووە، چونکە هەروەک چۆن تاکی کوردیان لەناوبردووە، هەوڵیشیانداوە، کەلتووری کوردیش لەناوبەرن، ئەویش لەرێگەی لەناوبردنی زمانی کوردییەوە. بەڵام خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی دواییدا وەرگێڕان قۆناغێکی باشی بڕیوەو کتێبخانەی کوردی بە کۆمەڵێک کتێبی جوان و گرنگ دەوڵەمەند کردووە.
مێژووییەکی دێرین
دیارە پڕۆسەی وەرگێڕان مێژووییەکی دێرینی هەیە، دەتوانین بڵێین لەگەڵ پەیدابوونی زماندا، پڕۆسەی وەرگێڕانیش پەیدابووە، بەتایبەتی لەگەڵ دروستبوونی شارستانییەتەکان، مەسەلەی وەرگێڕانیش پەیدابووە. شارستانییە کۆنەکان زۆر گرنگییان بە پڕۆسەی وەرگێڕان داوە، ئەمەش هاوکارییکردوون بۆئەوەی ئاگاداریی دوژمنەکانیان بن. لەهەمانکاتیشدا زانست و فیکری جیهانیش، لەرێگەی وەرگێڕانەوە پێشکەوتنی بەخۆوە بینییووە. هەتاوەکو ئەمڕۆش ئەوروپییەکان سوپاسی خۆرهەڵاتییەکان بەگشتی و عەرەب بەتایبەتی دەکەن، چونکە ئەوان توانییان کەلتوری دەوڵەمەندی یۆنان بپارێزن، ئەوەش لەرێگەی وەرگێڕانی بەشێکی زۆری کاروبەرهەمی ئەو کەلتورە دەوڵەمەندە بۆسەر زمانی عەرەبی. لەلایەکی تریشەوە ئەگەر وەرگێڕان نەبوایە، ئەوا جووڵەی بازرگانیش نەدەبوو، چونکە بۆ سەوداکردن و مامەڵەی بازرگانی، وەرگێڕان زۆر گرنگە، هەندێک سەرچاوەش پێیان وایە، یەکەمین هۆکاری دروستبوونی کاری وەرگێڕان، پەیوەندی بە بازرگانییەوە هەبووە.
نەتەوەکانی جیهان لەرێگەی جەنگ یان بازرگانییەوە یەکتریان ناسیووە، هەموو یەکتر ناسینێکیش لەرێگەی بوونی وەرگێڕەوە بووە، چونکە نەتەوە جیاوازەکان جا دۆستی یەکتر بووبێتن یان دوژمن، کەسیان زمانی ئەوی تریان نەزانیوە، لێرەدا چەند کەسێک هەردوو زمانەکەیان زانییوە، توانیویانە ببنە پردی پەیوەندیی نێوان دوو نەتەوەو گەلی جیاواز.
وەرگێڕان و زیرەکی دەستکرد
ئەمڕۆ لەچاو سەدەکانی تردا وەرگێڕان رۆڵی زیاتری هەیە، بەتایبەتی لەپاش بەهێزبوونی پەیوەندیی بازرگانیی و ئابووریی و سیاسیی و فەرهەنگی نێوان گەلان، ئەمەش وایکردووە کە فێربوونی زمانە بیانییەکان، بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان گرنگ بێت، بەتایبەتی فێربوونی زمانی ئینگلیزی. لەم چەند ساڵەی دواییشدا بە حوکمی بەهێزبوونی ئابووری چین، زمانی چینیش لەناو جیهاندا زۆر برەوی پەیداکردووە.
هەندێک دەڵێن لەوانەبێت لە داهاتوودا، زیرەکی دەستکرد، کۆتایی بە پرسی وەرگێڕان بهێنێت، ئەمەش مەسەلەیەکی گریمانەییە و ناتوانین بەتەواوەتی قسەی لەسەر بکەین، چونکە ئەمڕۆ زیرەکی دەستکرد، هەندێک وەکو هیوا، هەندێكش وەکو ترس سەیری دەکەن. راستە ئەمڕۆ وەرگێڕانی ئەلکترۆنی زۆر بەهێزە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار ئەگەر دەقێکی بیانی وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی لەرێگەی بۆنموونە گوگلەترانزێتەوە، ئەوا زۆرجار ماناکەی بە تەواوەتی ناگەیەنێت، بەڵکو دەبێت دووبارە کەسێکی تر ئەو دەقە دابڕێژێتەوە. هەربۆیە دووبارە وەرگێڕ رۆڵی گرنگی هەیە.
خۆشبەختانە ئێستا پڕۆسەی وەرگێڕان لە هەرێمی کوردستاندا لە پێشکەوتندایە، ئەمەش بە حوکمی بوونی خەڵکانێکی زۆر کە زمانی خۆرهەڵاتی دەزانن لەوانە« عەرەبی، فارسی»،یان زمانی ئەوروپیی دەزانن لەپێش هەموویانە«ئینگلزیی و فەرەنسی و ئەڵمانی» ئەمەش وایکردووە کە کتێب و بەرهەمی وەرگێڕان زۆرتر بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆسەی وەرگێڕان لە کوردستاندا کێشەی زۆری هەیە، کە دەتوانم بەچەند خاڵێک باسی لێوە بکەم.
کێشەکانی پڕۆسەی وەرگێڕان لە هەرێمی کوردستان
-1هەتاوەکو ئەمڕۆش ئێمە ناوەندێکی باوەڕپێکراومان نییە، کە هەموو دەقێکی وەرگێڕاو، پێش ئەوەی چاپ بکرێت پشکنینی بۆ بکات و لەڕاستیی و هەڵەکان بکۆڵێتەوە، هەربۆیە کتێبێکی زۆر دەخرێتە بازاڕەوە، کە لەلایەن چەند کەسانێکەوە کراوە کە وەرگێڕانێکی خراپ یان لاوازیان کردووە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە هیچ ناوەندێک یان لایەنێکی رەسمی نییە کە رێگری لە وەرگێڕانی خراپ بکات.
-2دەبوایە حکومەت خۆی سەرپەرشتی پڕۆسەی وەرگێڕانی بکردایە، ناوەند یان بەڕێوبەرایەتی تایبەتی بۆ دابنایە، راستە لە چەند ساڵی پێشوودا چەند بەڕێوبەرایەتی و دەزگایەکی تایبەت لە وەزارەتی رۆشنبیری بۆ وەرگێڕان دروستبوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەشێکی زۆری کارەکانیان راگیراوە، هەربۆیە داواکارم کە ئەو بەرێوبەرایەتییانە یان دەزگایانە دووبارە بخرێنەوە گەڕ.
-3زۆرجار مەزاجی شەخسی رۆڵی هەیە لە پەسەندکردن یان رەتکردنەوە کتێبەکان، بۆ نموونە تۆ کتێبێکی باش وەردەگێڕیت، بەڵام بەڕێوەبەری دەزگای چاپەکە یان ناوەندەکە ئەو کتێبەی بەدڵ نییە، بۆیە کتێبەکە دەمێنێتەوەو چاپ ناکرێت.
-4زۆرجار مافی وەرگێڕ لەلایەن دەزگاکان یان ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەکان دەخورێت، زۆرێک لە دەزگاکانی چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوە، مافی وەرگێڕەکان دەخۆن، یان پاداشتێکی باش نادەنە وەرگێڕ. ئەمەش گرفتێکی تری وەرگێڕانە.