هەندێک رێگای راست بۆ خوێندنی وانەی بیركاری

09:59 - 2025-01-08
ئومێد شێركۆ شاكر
101 خوێندراوەتەوە

ئومێد شێركۆ شاكر



بیركاری یەكێكە لەو وانانەی ئەگەر گرنگی پێبدەیت، ئەوە لە هەموو وانەكانی تر خۆشترە، بەڵام بۆ خوێندنی بیركاری دەبێت رەچاوی هەندێک خاڵ بكەیت، تا بتوانیت بەشێوەیەكی جوان و باش لەوانەكە بگەیت و تێیدا سەركەوتوو بیت. ئەو خاڵەی گرنگە تەنها بۆ بیركاری نا بەڵكو بۆ هەموو وانەكانی تر، ئامادەبوونی خوێندکارە لە نێو پۆل لە كاتی خۆیدا نەك دوابكەوێت، چونكە هەندێکجار تێبینی گرنگ دەكەوێتە خولەكەكانی سەرەتای وانە. زانستی بیركاری بابەتەكانی وەك زنجیر هەمووی پێكەوە بەستراونەتەوە، هەر ناوبرێكی بكەوێتە نێوانی، ئەوە دەبێتە هۆی تێنەگەیشتنی بابەتەكە. بۆیە زۆر گرنگە تا دەتوانیت دانەبڕێیت لە هیچ وانەیەك.
لە خوارەوە هەندێک خاڵی گرنگ ئاماژە پێ دەكەین كە چۆن  بیركاری بخوێنیت.
لەكاتی خوێندنی بیركارییدا، بەردەوام پێنووس بەكاربهێنە، نەكەیت تەنها پشت بە خوێندنەوە ببەستیت.
بەردەوام چاو بخشێنەوە بە وانەكە، ئینجا ئەو پرسیارانە دووبارە شیكار بكەوە، كە مامۆستا لەنێو پۆلدا شیكاری كردووە.
لەكاتی خوێندنی بیركارییدا، دەبێت پەڕاوەكەت دابخەیت، ئینجا هەڵسیت بە شیكاركردنی هەمان ئەو پرسیارانەی لە پۆل شیكار كراون بە مەرجێك پشت بە خۆت ببەستی.
ئەگەر لە هەنگاوێك وەستایت و نەتوانی شیكار بكەیت، هەوڵ بدە بیربكەیتەوە، یان بگەڕێوە سەرەتای پرسیارەكە دووبارە شیكاری بكەوە، ئەگەر هەر وەستایت، بە خێرایی سەیری پەڕاوەكەت بكە تەنها ئەو هەنگاوەی لێ وەستاوی.
سەرنج و ئاگاداربوون زۆر گرنگە ئەوكاتەی مامۆستا لەناو پۆلدا بابەتەكە روون دەكاتەوە، هیچ دوودڵ مەبە لە پرسیاركردن، بەتایبەتی لە شتە نادیارەكان كە تێینەگەیشتوویت، با مامۆستا بۆت دووبارە بكاتەوە.
هەڵسە بە شیكاركردنی پرسیارەكانی ناو کتێبەکە، كە زۆر گرنگە. چاوەڕوانی مامۆستا مەكە هەموو شتێكت لەجیاتی بكات.
بەردەوام هەوڵبدە لە پەڕاوە تایبەتییەكەتدا لە ناو پۆلدا، ئەو تێبینییانە بنووسی كە مامۆستا لەكاتی روونكردنەوەی بابەتەكەدا، بە رێگای تایبەتی خۆی باسی دەكات.
بەردەوام هەوڵبدە بۆ بە بیرخستنەوە یەكە یەكە، كاری ئەمڕۆ مەخە بەیانی، چونكە ئەگەر كارەكەت دواخست لەسەرت كەڵەكە دەبێت، ئەنجامدانیشی گران دەبێت.
كاتێكی گونجاو بۆخۆت دیاری بكە، رۆژانە با لە نیوسەعات كەمتر نەبێت بۆ پێداچوونەوە و بیرخستنەوەی ئەو بابەتە نوێیانەی مامۆستا ئەو رۆژە باسیكردووە.
10ـ بۆ ماوەی دوورودرێژ بابەتە بیركارییەكان مەخوێنەوە، چونكە هەندێک قوتابی و خوێنكار كە ئاستیان لاوازە لە بیركارییدا، بۆ ماوەیەكی زۆر بیركاری دەخوێنن، ئەمەش ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت. پێویستە دوای( 50ـ60) خولەك لە خوێندنی بیركاری، پشووێك بدەیت بەخۆت بۆ ماوەی (10)خولەك، بەڵام بە مەرجێك لە ماڵ دەرنەچیتە دەرەوە، یان سەیری تەلەفزیۆن بكەیت یا مۆبایل بەكاربهێنیت لەكاتی پشوودان.

* مامۆستای بیركاری لە قوتابخانەی عیزەدین فەیزی لە هەولێر

وتارەکانی نوسەر