رۆژی چوارشەممە (26/2/2025) بابەتێکم بە ناونیشانی (سەرپێچییەکانی هاتوچۆ لە شار بۆتە نەریت)، لە گۆشەی هەفتانەم لە کوردستانی نوێ دا بڵاوکردەوە. ئامانجم لەو نووسینە سەرنجڕاکێشان بوو بۆ مەترسیی سەرپێچییەکان بۆ سەلامەتیی هاتوچۆ لە سلێمانی. ماوەی دوو مانگێکیش لەمەوبەر لە کەناڵی ئاسمانیی (KNN) بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی سلێمانیم بینی و بەشێک لەو تێبینییانەم پێوت، کاتی بڵاوبوونەوەی بابەتەکەش خۆم بە واتسئەپ بۆم نارد.
سەیر ئەوەیە، لەبری ئەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە سوپاسگوزاربێت سەرنجی سوود بەخشی ئاڕاستە بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەشەپێدانی هاتوچۆ، دڵڕەقانە وەڵامیان داومەتەوە و هێرشی ناڕەواشیان کردووەتە سەرم، بۆیە بە پێویستمزانی ئەم وەڵامە بدەمەوە:
یەکەم: لە سەرنجەکەدا داوای داتام لێکراوە بۆ بە نەریتبوونی سەرپێچییەکان لێرەدا دەڵێم: سەرپێچییەکان ئەوەندە زەق و دووبارەن، کە هەموان هەستی پێدەکەن و قسەی دەربارە دەکەن بە دەستیانەوە دەناڵێنن و پێویستی بە داتا نییە، داوا لە راگەیاندنکارانی شارەزا و سەر راستی کەناڵەکان دەکەم، بەدواداچوونێک بکەن بۆ ئەو تێبینییانە و بزانن راستن یان هەڵبەستراو.
دووەم: ئەو سیستمی مۆڵەتپێدانەی ساڵی 2003 هێنامانە سلێمانی، هی دەوڵەتێکی پێشکەوتووی ئەوروپایە تا ئەمڕۆ لەوێ پیادە دەکرێت و کۆن نەبووە، تا لێرە رۆژگاری بەسەرچووبێ.
ئەو سیستمە رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە ئاشناکردنی هاتوچۆی سلێمانی بە شێوازی نوێی مۆڵەتپێدان و ئەنجامی ئەوە شار بووە نموونە، نەک هەر لە هەرێم، بەڵکو لە عیراقیش، بۆیە بێویژدانییە ئەو کارە و ئەنجامە باشەکانی نادیدە بگیرێت، ئەوەی کاریگەریی ئەو سیستمەی پەکخست دەستکاریکردنی بەردەوامی بوو لەلایەن بەڕێوەبەرە یەک لە دوای یەکەکانی هاتوچۆی سلێمانییەوە.
سێیەم: سەبارەت بە (کۆمپانیای تۆتاڵ بۆ راهێنان و پەرەپێدان) هیچ ناڵێم، لەبەرئەوەی لەو نامەیەی دەربارەی رێنمایی ژمارە (11 و12)دا ئاڕاستەی بەڕێز وەزیری ناوخۆم کردووە، باری سەرنجی خۆم بە درێژیی خستووەتەڕوو. تەنیا دەڵێم، پێش دەرکەوتنی ئەنجامەکانی کاری ئەو کۆمپانیایە نوقڵانەی سەرکەوتنی بۆ لێمەدەن. دڵنیاتان دەکەمەوە، بەپێی ئەو کارانەی تائێستا کردوونی هاتوچۆ بەرەو بە جیهانیبوون ناچێت، بەڵکو پاشەکشە دەکات و ئاسەوارە نەرێنییەکانی دەبینین.
چوارەم: ئاماژە بۆ ئەوەکراوە من نازناوی زانستیی شارەزای هاتوچۆم بۆ خۆم داتاشیوە، لە کاتێکدا ئەوە بەری ئەو کارانەیە، کە لە ساڵی 2003وە بە خۆبەخش لە سلێمانی کردوومن. شارەزابوون، پسپۆڕی نییە. ئەوەی یەکەم بەرهەمی ئەزموونە، بەڵام ئەوەی دووەم بەری خوێندنە. لێرەدا دەپرسم: بۆچی ئەوکاتەی سیستمی مۆڵەتپێدانی نوێمان دامەزراند و چەندین ئەفسەر و دەیان راهێنەرمان پێگەیاند شارەزابووین و ئێستا پێمانی رەوا نابینن؟ بۆچی کاتێک کتێبی رێبەر و تاقیکردنەوەی تیۆریی و رێنمایی تاقیکردنەوەی پراکتیکیمان بڵاوکردەوە شارەزابووم و ئێستا بۆ خۆمی دادەتاشم؟ بۆچی کاتێک رووداوێک پێشدێت راگەیاندنە دیارەکانی کوردستان وەک شارەزا بانگم دەکەن؟ ئێوە ئەو لایەنەنین کە مافی شارەزابوونم پێ دەبەخشن، ئەوە بەری کار و بەرهەمەکانمە لە بواری هاتوچۆدا.
پێنجەم: لە کۆتایی سەرنجەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە من لە پشت لاپتۆپەوە و لە ژووری گەرمی دوورە وڵاتەوە دانیشتووم و قسەی بریقەدار دەکەم، سەرەتا من دانیشتووی شاری سلێمانیم و لە دەزگای سەردەم کار دەکەم، وەک هەموو کارمەندانی هاتوچۆ لێرە دەژیم و دۆخی ژیانم لەگەڵ ئەوەی ئەوان جیاوازنییە، چوونی ناوبەناوی منیش بۆ دەرەوەی وڵات، بەوپێیەی رەگەزنامەی دانمارکیم هەیە و چاوپێکەوتنەکانم لەگەڵ راگەیاندن لەوکاتەدا، مانای ئەوە نییە لە دوورەوە تفەنگ بە تاریکە شەوەوە دەنێم.
*شارەزای بواری هاتوچۆ