هاتوچۆسازی

شۆفێرە نوێیەكان

10:56 - 2025-07-09
هەڵکەوت عەبدوڵڵا
50 خوێندراوەتەوە

پێویستە رێگەیەك بۆ گونجاندنی شۆفێرە نوێیەكان لەگەڵ كۆمەڵگەی شۆفێرەكان‌ و لەسەر رێگە جۆربەجۆرەكان بدۆزرێتەوە، تا وایان لێبكرێت زاڵبن بەسەر بارودۆخەكانی هاتوچۆدا، بەبێ‌ ئەوەی تووشی رووداوی هاتوچۆ ببن. راستیی ئامارەكان روونیدەكەنەوە، كە شۆفێرە گەنجە نوێیەكان دوو هێندەی شۆفێرە بەساڵاچووەكان دووچاری رووداوەكانی مردن دەبنەوە، ئەوەش پەیوەندیی بەمانەوە هەیە: كەمئەزموونی، لاوازیی شارەزایی لێخوڕین، زۆر لێخوڕین لە شەودا، رەفتاری سەرچڵانە، لاوازیی كۆنترۆڵكردنی بارودۆخە چاوەڕواننەكراوەكانی لێخوڕین ‌و لێخوڕین لەژێر كاریگەریی ماددە سەرخۆشكەرەكاندا.
دایك ‌و باوكان دەتوانن بۆ ئەو گونجاندنە رەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بكەن:
-1پشتنەبەستنی تەواوەتی بە راهێنەر و وانەكانی فێركردنی شۆفێری: واتە بایەخدان بە كواڵیتیی مۆڵەتی شۆفێری و راهێنانی گەنجەكان بە شێوازێكی یاسایی و ستانداردی زانستی و پەلەنەكردن لە دەرهێنانی مۆڵەتی گەنجەكانیان و رەزیلی نەكردن لە تێچووی بەدەستهێنانی مۆڵەتەكەدا.
-2 رێگرتن لە ئۆتۆمبێل لێخوڕینی شەوانە: رێگرتن لەوەی گەنجەكان بە شەو ئۆتۆمبێل لێبخوڕن بەبێ‌ بوونی یاوەرێك.
-3 سنوورداركردنی ژمارەی یاوەرەكان: بوونی گەنجی تر لەگەڵ شۆفێری گەنج لەناو ئۆتۆمبێلدا هانی هەڵە کردن دەدات. دەركەوتووە دوو لەسەر سێی رووداوەكانی هاتوچۆ، كە مردنیان لێ دەكەوێتەوە، گەنجی تر لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا بووە.
-4 چاودێریكردنی ئۆتۆمبێل لێخوڕین: گێڕانی رۆڵی كاریگەر كاتی یاوەریكردنی گەنجێك لە ساتەكانی ئۆتۆمبێل لێخوڕیندا، بەتایبەتی لە كەشە جۆربەجۆرەكاندا، وەك ئۆتۆمبێل لێخوڕین بە شەو، لە قەرەباڵغیدا‌ و لەسەر رێگەی خێرا ‌و بەردەوامبوونی ئەو رۆڵگێڕانە بە درێژایی شەش مانگ تا ساڵێكی سەرەتای بەدەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێری.
-5 دایك‌ و باوك پێشەنگی باشن بۆ منداڵەكانیان: دەركەوتووە زۆربەی ئەو گەنجانەی كەوتوونەتە ناو رووداوەوە و سەرپێچییانكردووە، دایك‌و باوكیان لە رووی ئۆتۆمبێل لێخوڕینەوە لاوازبوون.
-6پابەندبوون بە پشتێنی سەلامەتییەوە: چاوەڕوانی ئەوە ناكرێت نەوەكان هەمیشە پابەندی پشتێنی سەلامەتی دەبن، كاتێك لەگەڵ هاوتەمەنەكانی خۆیان دەبن، بۆیە پێویستە هەمیشە جەخت لەسەر بەكارهێنانی بەردەوامی پشتێنی سەلامەتی بكرێتەوە.
-7  كڕینی سەلامەتترین ئۆتۆمبێل نەك جوانترین ئۆتۆمبێل: كەرەستەكانی سەلامەتی لەناو ئۆتۆمبێلدا، وەك دژە قفڵبوونی ئیستۆپ و كیسەكانی هەواو ئەوانیتر، زۆر گرنگن بۆ سەلامەتی، پێویستە دایك ‌و باوك خۆیان لە كڕینی ئۆتۆمبێلی خێرا یان گەورە بۆ گەنجەكانیان بەدووربگرن.

وتارەکانی نوسەر