ئەم باسە بە پێشنیازی (پ. ی. د. سرود فواد) نووسراوە. بابەتەکە لەبارەی بەهرە و توانا بێسنوورەکەی ژیار قوڕەیشی و ئەو چالاکییانەی کوڕێژگەکانی رۆژهەڵات نمایشی دەکەن، دەدوێت.
دەمەوێ دەستخۆشییەکی گەرم لە مامۆستاکانی (ژیار) بکەم، بە تایبەت مامۆستا (مەسعود یارە، فەرهاد مەحمودزادە، ئاکۆ زۆهرابی و کۆمەڵێک مامۆستای تر) کە بە هەستێکی کوردانە، بە چێژێکی میللیانە، بە تۆن و دەربڕینێکی زاگرۆسییانە (ژیار)یان پەروەردە کردووە و زەحمەتیان لەگەڵ کێشاوە، کە بێگومان هەوڵەکانی ئەو مامۆستا هونەرمەندانە، بەتایبەت مەسعود یارە و هاوڕێکانی، بۆ هەمیشە دەبێتە جێی شانازیی هەموومان.
رۆژهەڵاتی نیشتمان ئەگەرچی هیچ کۆلیژ و پەیمانگا و دام و دەزگایەکی هونەریی حکومی لێ نییە بۆ پەروەردەکردنی مۆسیقار، بەڵام بوونی ئەو فێرگە و خول و تیپ و گروپە هونەرییە خۆبەخشانەی رۆژهەڵات، جێگای دەیان کۆلیژ و پەیمانگا و دام و دەزگایان گرتۆتەوە.
هەموویان خۆبەخشانە، لەخۆبردووانە، ماندوونەناسانە، خزمەت بە هونەری کوردی دەکەن، بەڵام چ خزمەتێک؟ خزمەتێک کە هەرگیز لە جوانی و بەرزیدا وەسف ناکرێت!
ئەو گروپ و تیپ و فێرگانەی رۆژهەڵات، جگە لە بەرزڕاگرتن و پاراستن و پارێزگاریکردن لە ئاواز و میلۆدی و دەنگی کوردانە و ئامێرە موزیکییە کوردییەکان، هیچ ئامانجێکی دیکەیان نییە.
دەبینین کە ئەو منداڵانە چۆن فێری دەف ژەنین و بلوێر و زوڕنا و شمشاڵ و باڵەبان ژەنین دەکەن، چۆن نەوەی نوێ فێری تار و سێتار و ساز و کەمانچە و باغڵەمە و سەنتور و عود و دەهۆڵ کوتان دەکەن.
ئەوەی ئەو مامۆستایانە دەیکەن، هەر موزیک فێرکردن نییە، بەڵکو خزمەتە بە کەلتور و مێژوو و ژێرخانی نەتەوەییمان.
مامۆستا هونەرمەندەکانی رۆژهەڵات لە بری کۆلیژ و پەیمانگا و فەرمانگە، دەستیان داوەتە جۆرە خزمەتێک کە وێنەی لە جیهاندا کەمە.
ئەم بنەمایانەی وەک کوردانە بیژەنە، کوردانە بیچڕە، کوردانە (نۆت) بنووسەوە، دروشمی سەدان هونەرمەندی وەک مەسعود یارە و کاوە فەقێزادە و مامۆستا تاهیری میرسەیدی و مامۆستا هاشم ریشادەت و سەڵاحی خزری و...زۆرانی دیکەنن.
ژیار قوڕەیشی و ساڕێژ ئەحمەدزادە و ئەهورا سەعیدی و ماهان بەهامین و چەندان منداڵ و نەوجەوانانی تر، بەرهەمی دەستی ئەو مامۆستایانەن.
دەنگی (ژیار) ئەو ئەفسایەیە کە (بەختیار عەلی) لە رۆمانی (شاری مۆسیقارە سپییەکان)دا بەدوایدا دەگەڕێت، ژیار هەناسەکانی لە حەزرەتی داود وەرگرتووە، بۆیە خودا ئەو دەنگە سافەی پێ بەخشیوە، دەنگی ژیار دەنگی هەناسەکانی (باربادو نەکیسا) و پیرانی یارسان و میتراییەکانە، دەنگی ژیار دەنگی ئاهورایی هورییەکان و دەنگی ئەو کەڕەنایەیە کە (زەینەفۆن) لە کتێبی (ئاناباسیس)دا باسی دەکات.
لەڕووی موزیکییەوە دەنگی (ژیار) ئەوەمان پێدەڵێت کە (ژیار) لە فۆڕم و مەقام و مۆدە کوردییەکان زۆر شارەزا و پەروەردەیەکی ورد و جوان کراوە.
دەتوانین بڵێین ریتم لای ژیار، ریتمێکی زاگرۆسییانەی کوردانەی هەزاران ساڵەیە، ئەو بەو ریتمە کوردییانە گۆرانی دەڵێت کە ترپەی دڵی نیشتمانی لەسەر بنیات نراوە.
ژیار چینە دەنگێکی سەرسوڕهێنەری هەیە، ئەو لە یەک بەرهەمدا هەم سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی بەو دەنگە تیژە دەهێنێتەوە یادمان، هەم عەلی مەردانمان بەو دەنگە گڕە بیر دەخاتەوە. واتە چینە دەنگی ژیار هەم گڕێکی (کۆنتڕا)ییە، هەم تیژییەکی (پیکلۆ)ییە.
دەربڕین و هەناسە و دەنگدەرچوون لای ژیار هیچ زیکە و دەستکرد و باریکییەکی نییە، بەڵکو دەنگێکی پڕ و سروشتی و پاک و بێ رتووشە.
هەناسە لای ژیار لە هەناسەکانی حەزرەتی داود دەچێت، ئەو نە تەنگەنەفەس دەبێت، نە دەنگ کورت دەکاتەوە بۆ خاتری هەناسەیەک، نە تۆن ون دەکات.
ژیار وەک پاشایەک داینامیک و ئۆرنەمێنتەکان هەڵدەسوڕێنێت لە گۆرانی و مەقام چڕیندا.
بۆ نموونە لە مەقامێکی خارە تاهیردا، ئەوەی خارە تاهیر نەیکردووە و پێی نەکراوە لە دەربڕیندا، ژیار دەیکات و بۆی تەواو دەکات.
لە مەقام گۆڕکێدا ژیار ئەوەمان پێدەڵێت، کە خاوەنی گوێیەکی فرە هەستیار و بەهرەیەکی ئەزەلییە.
ئەو (فێبڕاتۆ و دیمیناندۆ و گریشاندۆ و تکیە و ئەکساکیاتۆراو ئەپاچیاتۆڕا) نەی ژیار لە گۆرانی و مەقامدا بەکاریدەهێنێت، زۆر بە دەگمەن بەو رێژە زۆرە لە رابردووی گۆرانی کوردیدا بیستوومانە.
چالاکییەکانی ژیار و هاوڕێکانی، چالاکییەکانی گروپی موزیکی پایزەی بۆکان، بۆ جارێکی دیکە لە شەوەزەنگی هونەریدا هیوامان پێدەبەخشنەوە و مۆمی رووناکی لە رۆحماندا هەڵدەکەن.
ژیار سەرمایەکی نەتەوەییە، ئەرکی هەموومانە پشتیوانی بین و ئاگامان لەو سەرمایە مەزنەی نەتەوەکەمان بێت.
چالاکییەکانی ژیار و هاوڕێکانی، لە شەوەزەنگی هونەریدا هیوامان پێدەبەخشێت