لایک و مایک

10:17 - 2025-07-30
کاروان عوسمان شوانی
117 خوێندراوەتەوە

 

مرۆڤی ئێمە، مرۆڤێکە ئارەزووی دەرکەوتن دەکات، لە کاتێکدا جوانی لە دەرنەکەوتن و بێدەنگیدایە

سەردەمی نوێ و ئۆنلاین و سۆشیال میدیا، سەردەمی بینینی زۆر و بیرچوونەوەیەکی زووە، سەردەمی نوێ سەردەمی  نمایش و بە بازاڕکردنی هەموو جووڵە و کارە رۆژانەییەکانمانە.
سەردەمی پیشاندانی رووەکانی دەرەوەمانە، بینینی ئەدگار و شێوەیە، بێ ئەوەی بزانین لە ناوەوە چی دەگوزەرێت.
سەرەتای هاتنی تۆڕەکانی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی پەیوەندی بۆ کوردستان، قسەیەک بڵاوببوەوە کە «جیهان بووەتە گوندێکی بچووک».
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو گوندەن کە هەموومانی تیا کۆبوینەتەوە، بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانمان.
ئێستا شەوان تا خەو بردنەوە جیهان لەنێو دەستماندایە، سبەینانیش کە بێدار دەبینەوە یەکەم کارێک هەر ئەوەیە بزانین لەم جیهانە بچووکەی نێو دەستمان چی روویداوە و  دوایین گۆڕانکارییەکان بە کوێ گەیشتووە.
بینینی ئەو هەموو  وێنە و  ڤیدیۆ و نووسینانە دەروونی مرۆڤ دەشێوێنێت، ئەگەر سنوورێک بۆ بەکارهێنانی دانەنرێت لە مرۆڤێکی تەندروستەوە، دەتکات بە کەسێکی دەروون نەخۆش، لە کەسێکی ساغەوە دەبیت بە ئاڵوودەبوو.
تاکی کورد دەیان ئاریشەی هەیە، میدیا و سۆشیال میدیای کوردیش کار لەسەر توڕەیی و نیگەرانییەکانی کۆمەڵگە دەکات، بۆیە بە لێشاو جنێو و قسەی ناشیرین و سووک توانج لە پۆست و کۆمێنتدا دەبینین.
ئەمەش دیاردەیەکی ناشیرینە و گەر پێشی پێنەگیریت، دەبێت بە کەلتور و ئیدی لە ئەگەری زۆر دووبارەبوونەوەدا وەک شتێکی ئاسایی دەبینرێت و کەس پێی راناچڵەکێت.
قسەکە هەر ئەوە نییە کە ئەو بابەتانەی بڵاودەکرێنەوە خراپ بن، جار هەیە ئامۆژگاری و رێی رگاربوون و رێنماییشن، کەچی‌ تاکی کورد بەردەبێتە وێزەیان و کاردانەوەکان پڕ دەکات لە گاڵتەجاڕی و  جنێو.
لایک و زۆرترین لایک، وایکردووە هەمووان به مەبەستەوە شت بڵاوبکەنەوە، ئامانج لە گەیاندنی کارەکە نییە، ئەوەندەی ئامانج لەوەیە زۆرترین لایک و کاردانەوەی بۆ بێتەوە، ئیتر گرنگ نین کاردانەوەکان باشن یا خراپ.
مرۆڤی ئێمە، مرۆڤێکە ئارەزووی دەرکەوتن دەکات، لە کاتێکدا جوانی لە دەرنەکەوتن و بێدەنگیدایە، کەچی مرۆڤی کورد  حەزدەکات ببێتە بابەتی رۆژ، هەر بۆیه پەنا دەبات بەر هەموو جۆرە دەرکەوتنێک، بەتایبەتی ئەگەر مایکەوانێک مایکێکی بۆ رابگرێت ئیتر دەست بە قسە دەکات، بێئەوەی تێبگات ئەم بابەتە و ئەم جۆرە قسانە هی ئەو نین، قسەکردن بۆ میدیا و جەماوەر دەبێت کەسێک بیکات تێگەیشتوو بێت و ئامانجداریش بێت دەرکەوتن و  قسەکانی، ئەمە نەخۆشییەکی نوێی سەردەمە و توێژەرانی دەروونی دەبێت ناوێکی بۆ بدۆزنەوە، چارەسەرکارانی دەروونیش چارەیان بکەن.
 دەبێت تاکی ئێمە تێبگەیەنرێت بۆ خۆی بژێت، نەک بۆ لایک و دونیایەکی وەهمی، قسەش بۆ مایک نەکات گەر شوێن و کاتی گونجاو نەبوو، چونکە دواجار میدیا هەموو کەسێک و هەموو تەمەنێک دەیبینێت.

وتارەکانی نوسەر